گرنگیی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یەکڕیزیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد، کە ئەمڕۆ 26ی نیسانی 2025 لە قامشلۆ بەمەبەستی هەماهەنگیی نێوان هەڵوێستی کورد و بە‌هێزکردنی یەکڕیزیی نێوان حزب و گروپە جیاجیاکانی کورد بەڕێوە چوو، هەنگاوێکی مێژووییە بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی کورد لە ئایندەدا. 

سەرۆك بارزانی، بە دیدگای فراوان و خوێندنەوەی وورد بۆ گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، لە پەیامێکیدا بۆ کۆنفرانس ئاماژەی بە دۆخی گەلی کورد لە سووریا و هەڵوێستی ڕژێمی پێشوو بەرامبەر بە مافە ڕەواکانی ئەم گەلە کرد، کە دەیان ساڵە ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و نکۆڵیکردن و ستەم و زەبروزەنگ بوو و بە ئەرکی سەرەکی ئەندامانی کۆنفرانسی بینی، خۆیان لە ڕووی مێژووەوە بە بەرپرسیار بزانن بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان و کاری جددی بکەن بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەیەکی تێروتەسەل و گونجاو لەگەڵ خواستی گەلی کوردی خەباتکار لەناو سووریایەکی دیموکرات و ئازاد. 

سەرۆك بارزانی، بەکارهێنانی دیسکورسێکی عەقڵانی پشتبەستوو بە گفتوگۆی ئەرێنی و گەڕان بە دوای ڕێگا چارەی دیبلۆماسی و ئاشتیانە بە میتۆدێکی پێویست دەبینێت بۆ ئەم قۆناغە، بەمەبەستی بەشدارییەکی کارا لە پرۆسەی بڕیاردان لە سووریا و گەیشتن بە دەسکەوت و ئەنجامی باش.

دیارە یەکڕیزی و یەك هەڵوێستیی نێوان گروپە کوردستانییەکان لە سووریا یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی کەمکردنەوەی مەودای جیاوازییەکانی نێوانیان و بەهێزی گوتاریان لەسەر ئاستی نیشتمانی.

دۆخی سووریا، کە پشت بە هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەبەستێ و هەژموونی زلهێزەکان لەو وڵاتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دەتوانێ تێکەڵ بە خواستەکانی گەلی کورد بێت و دەکرێ ڕەفتاری زلهێزەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە ببینێ لە دیاریکردنی چارەنووسی کورد لە سووریای نوێی پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد. 

گەلی کورد لەم قۆناغەدا، کە نەخشەی سیاسی تێیدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە خۆی بە بەشێکی سەرەکی چارەسەری سیاسی نوێ دەزانێ و بە یەکڕیزی توانای دانوستانی هەیە لەگەڵ لایەنەکانی تر لە سووریا و دەتوانێ سوود لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەربگرێ بۆ زامنکردنی مافەکانی. 

ڕاستە ئێستا هەندێ لە هێزە هەرێمییەکان ئاستەنگ دەخەنە بەردەم هەوڵەکانی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی لە ڕێگەی هەبوونی سیستەمێکی فیدراڵی لە سووریا، بەڵام بەردەوامبوونی کورد لەسەر یەكڕیزی و کارکردنی بۆ دەستبەرکردنی مافە کەلتوورییەکان و خۆبەڕێوەبردن لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، پاڵپشتی دەکرێت و دەتوانێ ببێت بە دی فاکتۆ. گەلی کورد لە سووریا ناوچەیەکی فراوانی بەدەستەوەیە و ئەمڕۆ خاوەندی ئیدارەیەکی خۆسەرە، ئەگەر ئەنجامی ئەم کۆنفرانسە یەکبوونێکی نیشتمانی لێ بکەوێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئاسانتر دەبێت بۆ کورد، بەرگری لە مافەکانی بکات و ڕووبەڕووی ئالنگارییەکان بێت و  چارەنووسی خۆی لە ناوچەکانی دیاری بکات. 

ئێمە پێمان وایە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەتوانێ سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە لەناو سیستەمێکی فیدراڵی لەو وڵاتە دەستەبەر بکات، چونکە فیدرالیزم پێویستی بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات هەیە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و یەکبوونی کورد یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کورد لەو چوارچێوەیەدا ببێت بە خاوەند هەرێمێکی فیدراڵ و مافە سیاسییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت.

بە دڵنیاییەوە، پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یەكڕیزی هەڵگری ئەو فەلسەفەیەیە، کەوا یەکبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیری ڕۆژئاوا و گەشەسەندنی، چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێ دامەزراوەی بەهێز بونیاد بنرێت، کە پێداویستییەکانی ڕۆژئاوا پڕ بکاتەوە و جۆری ژیانی کورد لە سووریا و پاراستنی کەلتوور و زمانی کوردی و ئاسایش لە سایەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە باشتر بێت و دەرفەتی بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدڕاڵی کارا زیاتر بێت. 

ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆتە ناو قۆناغی دووبارە داڕشتنەوەی سنوور و وەرچەرخانە جیۆسیاسییەکان، ژمارەیەك لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی لە کارە لە پێشینەکانی خۆیان دەدەن، بۆیە بە پێویست دەبینرێ کورد بە یەك هەڵوێستییان سوود لەو وەرچەرخانانە وەربگرن و ڕۆڵ لە داڕشتنەوەی ئایندەی ئەم ناوچەیە وەربگرن و ئەمەش پێویستی بە ڕێبازێکی سیاسی نەرم و تەواوکەر هەیە، کە هەوڵ بدات هاوسەنگی نێوان حزب و لایەنە جیاوازەکان بپارێزێ. 

سەرۆك بارزانی، هەموو پاڵپشتییەکی خۆی بۆ ئەو کۆنفراسە مێژووییە دەربڕی و هیوای خواست، کۆنفراس ببێت بە هۆکاری ڕێزگرتن لە خەبات و کۆششی گەلی کوردستان و یەکخستنی ڕیزەکانی بە مەبەستی گەیشتن بە داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە.