ترەمپ، بیری هێنامەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا

ئەمڕۆ هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە، کە ڕەنگ بێ  ترەمپ لە وەختی سەردانەکەیدا بۆ عەرەبستانی سعوودی بییەوێ بڕیار بدا  لە ناوخۆی ئەمەریکادا لەبری ( کەنداوی فارسی = کەنداوی فارس) دەستەواژەی ( کەنداوی عەرەبی = کەنداوی عەرەب) بەکاربهێنرێ . هەر بۆ ئاماژە پێدان لەسەرەتای خولی دووەمی سەرۆک کۆماریدا ترامپ ناوی (کەنداوی مەکسیک )ـی گۆڕی بە (کەنداوی ئەمەریکا )، کە دەوڵەت و حکوومەتی مەکسیک زۆر ناڕازین لەو بڕیارە؛ هەرچەندە مەکسیک و کوبا و ئەمەریکا دەکەونە سەر کەناری هەمان جوگرافیا ئاوییەکە .

بەتەما نیم لەم کورتە نووسینەمدا، سەبارەت بە بابەتی  پڕ لە کێشمەکێشی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیجیی کەنداو بدوێم، کە لانی کەم سەد ساڵێکە بووەتە جێی مشتومڕی بەشێکی عەرەبەکان و ئێرانیەکان ، بەڵکو ورووژانی بابەتەکە شتێکی دیکەی لەمەڕ خۆمانی بیرخستمەوە . بۆیە مەبەستمە باس لەو وەبیرهێنانەوەکە بکەم .

هەر لەدوای دامەزراندنی چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستانەوە (دوای جەنگی یەکەمی جیهان)، کورد لە هەر پارچەیەکدا بە ناچاری گیرۆدەی گوتارگەلی دەوڵەتەکە بووە. تەنیا باشووری کوردستان دەکەمە نموونەی باسەکەم .

هەر لە سەدەی شانزدەیەمی زایینییەوە بە بەرفراوانی  ئەو ڕووبەرە دەریاییەی دەکەوێتە باشووری ئێرانەوە بە (کەنداوی فارس) ناوبراوە؛ کە ئێستاش لە ئاستێکی فراوانی نێودەوڵەتیدا هەر بەو ناوە ناودێرە، بەڵام دەوڵەتەکانی عەرەب بە (کەنداوی عەرەبی) ناوی دەبەن، ئەمەش تەنیا بەهۆی ڕکابەری نێوانی ئێران و عەرەبەکان نییە لەسەر ناولێنانی؛ واتا کێشەکە هەر ناولێنان نییە، بەڵکو کێشەیەکە ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی، مێژوویی و جیۆستراتیجیشی هەیە .

 لە سەردەمی کۆماریدا دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول تا دەگاتە ئەمڕۆ، بزاوتی سیاسی کوردستان لەبەر زۆر هۆکاری تاکتیکی و فرە لێکدانەوەی سیاسییانە ناچار بووە بە شێوەیەکی خۆکردانە مامەڵە لەگەڵ زۆر لەو ناو و دەستەواژانەدا بکا کە لەگەڵ بەرژەوەندییە تاکتیکەکانی بزووتنەوەکە نەدەگونجان، چونکە کێشەسازبوون .

یەکێک لەو دەستەواژە جوگرافی و سیاسیانە ناوی (کەنداوەکە) بوو .

دۆخی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکی کوردستان لەهەموو پارچەکانیدا، بە باشووریشەوە گەمارۆدراوی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە کە لەسەر دوژمنایەتیکردنی دۆز و بزووتنەوەی کورد، نەک هەر هاوڕابوون بەڵکو هەماهەنگ، هاوکردار و هاوکاردانەوەش بوون. بۆیە بزاوتی کوردایەتی بە تایبەت لەو سەردەمانەدا کە شۆڕشی چەکداری کورد لە پتر لە پارچەیەک لە ئارادا بووە، کورد ناچار بووە لە پرۆسەی سیاسەتکردن و لە گوتاری سیاسیشدا ڕەچاوی دۆخە جیۆسیاسی و جیۆئەمنیە ئاڵۆز و مەترسیدارەکە بکا، کە پشکی زۆری دۆخەکە لە هەموو پارچەکاندا بۆ کوردایەتی  هەڕەشە بووە.

 کورد لەپراکتیکدا بە جۆرەها شێوە و ئامراز، دەست و پەنجەی لەگەڵ هەڕەشەکان نەرم کردووە و ڕووبەڕوویان بووەتەوە و تاقی کردوونەتەوە، بۆیە وەک خۆپارێزێکی پێویست دەبووایە بەرانبەر وشە، دەستەواژە و چەمکە جیاجیاکاندا بەوپەڕی ئاگالێبوون و هەستیاریەوە مامەڵە بکا. بۆ نموونە دەبووایە لەیەک کاتدا لە گوتاری سیاسی و بگرە گوتاری میدیایشدا هەستیاریی ئێران، عیراق و زۆرجار سووریا و تورکیاشی لەبەرچاو بگرتایە، بە تایبەت لە هەندێ بابەت، کە لەو سەردەماندا بۆ ئێمە هەڕەشەزابوون. بۆ نموونە؛ ئێمە هیچ قازانجێکمان لەوە نەدەکرد کە سەبارەت بە ناوی (کەنداوەکە) لایەنگیریێک لە خۆمان نیشان بدەین بە جۆرێک، کە تاران یان بەغدا یان هەردووکیان ڕقمان لێ هەڵبگرن و  وەک زۆرجار بینیوومانە تۆڵە لە نەتەوەکەمان بکەنەوە. 

بۆ خۆدوورگرتن لە ڕقی دوژمنکارانەیان بە زۆری لە گوتاری سیاسی هێزە کوردستانیەکاندا بۆ ڕازیکردن یان (ناڕازی نەکردنی) دوو دەوڵەتە دژ و لە جەنگ دابووەکەدا بە ڕووتی و بێ هیچ پاشگر و پێشگرێک دەستەواژەی (کەنداو) بەکار دەهێنرا.

هەڵبەت نموونەی تریش هەن، کە دەکرێ لە گوتاری دیکە لە بۆنەی دیکە من یان دۆستانی تر ئاوڕێکیان لێ بدەنەوە، کە بە پێویستی دەزانم و پێم وایە دەبێتە سەرەباسێکی تر و گۆشەنیگایەکی تر بۆ تۆمارکردنی مێژووی کوردایەتی لە ڕوانگەگەلی جیاوازەوە.