
ئازاد جندیانی
نووسەر
جل و بەرگ، له پەراوێزی دیدارەکانی ترەمپ دا

هەفتەیەک پترە میدیای هەموو جیهان و توێژەرو نووسەرو ناوەندە دیارەکانی بیرکردنەوە بە بەرفراوانییەوە سەرگەرمی باس و خواس و پێشبینی و زانیاریە نهێنیەکان و دواتریش هەواڵە گەرم وگوڕەکانی کۆبوونەوەو دیدارە خەست و خۆڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکاو سەرکردەکانی عەرەبستانی سعوودی و دەوڵەتەکانی تری هاوکاری کەنداون.
گومانی تیانیە کە ئەنجامە زۆر گرنگ و ڕێککەوتنە قەبە ئابوورییەکان و شێوازی جیاوازی دیپلۆماسی و بەڵێنەکانی هەموو لایەنەکان لەم یەکەم گەشتەی ترەمپ دا، لە گەڵ خۆیدا شەپۆڵێکی فراوانی لێکۆڵینەوەو وتارو مشتومڕی لایەنگرو دژەکانی ترەمپ دێنتە ئاراوە، کە تا ماوەیەکی زۆر دەخایەنێ و سەر بۆ بابەتگەلێکی فیکری و فەلسەفی و ئایدیۆلۆژیش ئەکێشێ .
دەمەوێ بەهەموو خوێنەرانم بڵێم، کە ئەم نووسینەم ناچێتە چوارچێوەی ئەو بابەتانەی ئامەژەم پێدان، بەڵکو نووسینەکەم بە هەندێ لێکدانەوە لەناو ئەو هەموو خاڵە گرنگانە تیشک دەخاتە سەر هەندێ پەراوێزو شتە لاوەکییەکان .
هەموومان دەزانین، کە بابەتی جل وبەرگ پۆشینی پاشاو میرو سەرکردەو دەوڵەتدارە باڵاکان و بگرە گەورەو بچووکی پیاوانی سەرجەم وڵاتانی کەنداو بەشێکی گرنگ و هەرگیز فەرامۆش نەکراوەو گەوهەری شوناسیان، کە بە لێکدانەوەیەکی ئەنترۆپۆلۆژیانە بە خەسڵەتێکی پیاوانە هەژمار دەکرێ و ماناو ئاماژەی زەقن بۆ شانازی بەخۆوەکردنی تاک و کۆ و بۆ شانازی نیشتمانیان . ئەوان میوان بن یان میواندار ئەو ناسنامەیان لەخۆیان جیا ناکەنەوە . هەڵبەتە ئەو ( سۆل)ـەش کەدەیکەنەپێیان بەشێکی دانەبڕاوە لە پۆشینەکەیان ، کە بە پۆشینی کەنداو بەناوبانگە .
لە زۆر لە وڵاتانی تری عەرەب و ئەفریقاو هەروەها لە هیندستان و پاکستان و دەیان وڵاتی تردا وەک ترادسیۆن جل وبەرگی کلاسیکی بە ستایلی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان دەپۆشن ، بێ ئەوەی لە دەرکەوتەو لێکەوتەو بەرجەستەبوونەکانی مۆدێرنێتە دابڕابن یان خۆیان بەدووربگرن .
بێ دوودڵی بڕوام وایە ، کە یەکێک لە ماناکانی پۆشینی جل وبەرگی نەتەوەیی لای دەستەبژێرو لای خەڵکی ئاسایی هەندێ نەتەوە ئەوەیە کە ئەوان شانازی بە سومبلە نەتەوەییەکانیانەوە دەکەن و هەرگیز بە نیشانەی دواکەوتوویی و کۆنەپارێزی نازانن. هەر ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە پێشکەوتنە فرەلایەنەکانی وڵاتانی کەنداو بەنموونە ئەو ڕاستیە دەردەخا کە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی دژایەتیکردنی مۆدێرنێتە نییە، کە هەندێ کەس والێکی دەداتەوە ، کورد بۆ مەبەستێکی لەو جۆرە جوانی وتووە کە دەڵێ( بەڕیش نییە بە ئیشە ) .
ڕەنگە هەبن بڵێن ترەمپ و سەرکردەکانی تری ئەمەیکاو ئەورووپاو هیتریش کە هیچ سەخڵەت بوونێ لە پۆشاکی کەنداوییەکان نیشان نادەن لەبەر دەوڵەمەندی و بوارو دەرفەتە فراوانەکانی ئابووری و وەبەرهێنانە، دەنا لەبەرچاوی ڕەشی پاشاو میرو سوڵتانەکانیان نییە ، ڕەنگە لەسەر سەخڵەتبوونیان لەمەڕ جل و بەرگ نموونەی ئەو سەرزەنشت کردنە ئاشکرایەی جێگری سەرۆکی ئەمەیکا بێننەوە ، کە لەیەکەم دیداری زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی بە بەرچاوی کامیرای میدیاکانەوە سەزەنشتیان کرد . تۆ بڵێی ئەو بابەتە لەبەرئەوە بێ کە کەنداوییەکان پولدارن و کوردیش وتەنی پارە هەموو خەوشێک دەشارێتەوە، کە من بڕوام وایە شاردنەوەیەکی ساختەیە.
* * *
بەدەرفەتی دەزانم باسکردنی ئەو بابەتی جل و بەرگە بکەمە بیانووێک تا زۆر بەکورتی لەو بارەوە سەرنجێک لە دۆخی پێچەوانەی هەریەکە لە تورکیاو عێراق و ئێران بدەم ، کە جل و بەرگ بە نیشانەیەکی شووناسی خۆیان نازانن ، لەپاڵ ئەوەدا کە فاکتەرێکی ئەو دیدو بۆچوونەی لەمەڕ جل و بەرگ لای دامەزرێنەرانی سێ دەوڵەتی ناوبراو، هەرچەندە کە فرەنەتەوەو ئەتنیک بوون، بەڵام بەکردەوە دەوڵەتی نەتەوەی زۆرینەی سەردەست بوون و بە توندی کاریان بۆ ئەوەدەکرد، کە کۆمەڵگاکانیان لەڕووی کولتوورو زمانەوە چوونییەک بکەن و ئەو دیدی چوونیەک کردنەیان لە پرۆسەی کۆپیکردنی مۆدێرنەی ئەورووپاییدا دەدۆزیەوە.
بۆیە هەر لەسەرەتاوە بە زەبری یاسا و توندوتیژی فۆڕم و بگرە یۆنیفۆڕمی نامۆ بە کولتوور فرەڕەنگی دانیشتووانەکانیان سەپاند، سەرەتاکەی لە تورکیادا دەستیپێکرد ، کە بە ویستی کەمال ئەتاتورک بۆ پیاوان لە بری کڵاوە عوسمانلییەکە شەپقەیەکی تایبەت و هەروا چاکەت و پانتۆڵ و بۆ بەرپرس و کارمەندانی دەوڵەتیش کەرەوێت سەپێنراو هەموو جۆرە فۆڕمێکی تری خۆماڵی، کە ئاماژەبێت بۆ کولتوورێکی جیاواز یان کولتوورە جیاوازەکان قەدەغەکرا .
ڕەزاشای ئێرانیش ، کە ئەوسەردەمە دەوڵەتەکەی ناوی وڵاتی فارس بوو، لە زۆر بابەتی گەوهەری پەیوەست بە دەوڵەتسازی بە بیرو ڕەفتارو دنیابینی ئەتاتورک سەرسام بوو، بۆیە ئەویش ستایلێکی ئەورووپاییانەی جل وبەرگی بەسەرخەڵکیدا سەپاند ، وەک چۆن هەردوو دەوڵەتیش چارشێوو سەرپۆش و ستایلی تری خۆماڵیان بۆ ئافرەتان قەدەغەکرد؛ لە عێراقیشدا چەندین دیاردەی لەوشێوە ئەورووپاییە، بەڵام بە شێوەیەکی نەرمتر لە هی دووەکەی تر پەرەی پێدرا ، کە بۆ بیرۆکراتەکانی دەوڵەت لەسەرنانی کڵاوی عوسمانلی لادراو جۆرێکی تر پەسندکرا، کە پێیان دەوت ( سیدارە ) .