
د. سامان سۆرانی
نووسەر
سەرۆك بارزانی لە گۆنگرەی یەکگرتن

لە کۆنگرەی یەکگرتنی هەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، کە لە ڕۆژی پێنجشەممە، 15ی 5ی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆك بارزانی پەیامێکی ئاراستەی 260 ئەندامی کۆنگرە و سەرجەم جەماوەری کوردستان کرد.
لە پەیامەکەیدا وێڕای ستایشکردنی ڕۆڵی ئەو دوو ڕێکخراوە لە هەردوو شۆڕشی پیرۆزی ئەیلوول و گوڵان و لە شەڕی داعش، هیوای خواست لە ئەرکی خۆیان وەکوو "سەری ڕم و شوورەی پۆڵایین" بەردەوام بن و کاری زیاتر بکەن لەسەر بیر و باوەڕی پیرۆزی ڕێبازی بارزانی و بڕوا بە خۆبوون، بەمەبەستی چاندنی ئومێد و هیوا و بەهێزکردنی فەلسەفەی ئینتما بۆ نیشتمان.
سەرۆك بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاو و دیاری گەلی کوردستان کرد، لە ئامادەکارییەکان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری لە بەغدا و فۆکسی خستنە سەر ئەو یەکگرتنە ئارەزوومەندانەیەی گەلی کوردستان لەگەڵ عێراقی نوێ بەمەبەستی بونیادنیانی دەوڵەتێکی فیدڕاڵ، کە باوەڕی بە فرەیی هەبێت و تیایدا لۆژیکی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پەیڕەو بکرێت.
پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەو پرەنسیپ و درووشمانە کرد، کە هەرێم بەرەو یەکبوونی زیاتر دەبات، وەکوو (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حکوومەت، یەك پێشمەرگە).
نەتەوەسازی و نیشتمانسازی پرۆسەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی درێژخایانە و گومان لەوەشدا نییە گەنجان ڕۆڵێکی ئیجابییان هەیە لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و گەشەپێدان و پێشخستنی شارستانییەتدا، چونکە وزەی لەبن نەهاتووی گەنجان ڕۆڵێکی چالاک دەگێڕێت لە پرۆسەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە. بە چالاککردنی دینامیکییەتی ئەم وزە درەوشاوە و بە بیرۆکەی داهێنەرانە دەتوانرێت هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەرەو ئاشتی و سەقامگیری ببرێت، هەروها بە گرینگیدان بە سیاسەتی هاوکاری و هەماهەنگی دەکرێ ئاشتی ببێت بە ڕواڵەت.
سەرۆك بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر مافەکانی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەچوارچێوەی داواکارییە بەردەوامەکانی بۆ دادپەروەری و یەکسانی لەمامەڵەکردنی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرد، بەتایبەتی لەڕووی بودجە و دابەشکردنی سەروەت و سامان و دەسەڵاتی هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی.
نادادپەروەری سیاسی و پەراوێزخستن، سەرکوتکردن، پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی کورد و جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستنی بە زۆر و خابوورکردنی گوند و وێرانکردنی لادێ و خوێنڕێژی و جیاکاری نەژادی، هەموو ئەمانە پاڵنەری سەرەکی بوون، کورد چی تر ژێردەستی قبوڵ نەکات و دواجار لە باشووری کوردستان بە شێوەیەکی سەرانسەری ڕاپەڕێت.
بۆیە سەرۆك بارزانی جەختی کردەوە، کە "لەمەودا قبووڵی ناکەین هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ئەو جۆرە مامەڵەکردنە ئیهانەیە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی کوردستان و مێژووی پڕسەروەری میللەتی کورد".
بە دڵنیاییەوە لاوان و قوتابیان نهێنی هێزی گەلان و سەرکەوتن و قەڵای نەبەزێنراو و قەڵغانی پاراستنی خاك و نیشتمانن، ئەوان دەتوانن کوردستان بەرەو پێش ببەن و بۆ بەرگری لێکردنی خەونی داگیرکەران تێک بشکێنن و هەر ئەوانیش دەتوانن ئایندە دروست بکەن، زیادبوونی ڕێژەی ئافرەت لە ناو ڕێکخراوی لاوان و قوتابیان و لە ناو خودی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە مایەی پێشکەوتنی زیاتری کۆمەڵگەیەکی کوردستانی هۆشیار.
قوتابیان و لاوان هێزی کاری پێویستن بۆ هاندانی ژیانەوەی گەل و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی، بۆیە سەرۆك بارزانی بە پێویستی دەزانێ پشتگیری لە پێشخستنی هەوڵ و تواناکانی قوتابییان و لاوانی کوردستان بکرێ، تا ئەوانیش وەکوو هەمیشە پشتیوانیی پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بن.
لە کۆتاییدا، ئەگەر لاوان و قوتابییان بەشداری لە دروستکردنی ژیاندا نەکەن، کەسانی تر هەن کە زۆریان لێدەکەن بۆ ئەو ژیانەی، کە دروستی دەکەن.