مەسرور بارزانی و دۆکترینی ئاییندەسازی

مەسرور بارزانی و دۆکترینی ئاییندەسازی
مەسرور بارزانی و دۆکترینی ئاییندەسازی

سەرۆکی حکوومەت، دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، کە خاوەن دیدگایەکی ئاییندەیی ڕوونە و لە ژیانی سیاسیی بنەماکانی ڕێبازی بارزانی نەمر پەیڕەو دەکات و گەشە بەو فەلسەفەیە دەدات، لە ماوەی چەند ساڵی حوکمڕانی خۆیدا، هەرێمی کوردستانی بە لۆژیکی حوکمڕانی باش بەڕێوە بردووە و ئەو ڕاستییەی بۆ ناوخۆ و جیهانیی دەرەوە سەلماندووە، کە باوەڕبوون بە دۆکترینی ئاییندەسازی دەتوانێت پەرە بە تواناکانی هەرێمی کوردستان بدات و بە ویست و ئیرادەی پۆڵایینی دەتوانێت گەلی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی بەرێت. 

ئەو پێشکەوتنە سیاسی و ئابوورییانەی، کە لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە، چ لە ڕووی تۆکمەکردنی ژێرخان، چ لە ڕووی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، گەواهی بۆ ئەو ڕاستییە دەدەن، کە سیاسەت و دیبلۆماسیەتی مەسرور بارزانی توانیویەتی هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی سەربەخۆ دەربخات و پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەر سەکۆی نێودەوڵەتی بە بەهێزی نمایش بکات. 

سەردانە میژووییەکەی ئەم جارەی سەرۆكی حکوومەت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و ئەنجامدانی پەیوەندیی لەگەڵ سێناتۆر و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری، ئاسایش و سەربازی و پتەوکردنی پەیوەندیی دیبلۆماسی، کاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر ڕۆڵی گرینگ و سەرەکی هەرێم لەناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا لە ئاییندەدا، لە کاتێکدا بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمه‌ریکا و هەرێم زۆر بە وردی ڕەچاو کراون.

دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە تەواوی دیدارەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لە ئەمه‌ریکا سه‌رنجی خستووتە سەر پەرەپێدانی هەر دوو کەرتی نەوت و گاز و ژێرخانی دیكه‌، بە واژۆکردنی ژمارەیەك گرێبەست لەگەڵ گەورە کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکانی ئەو دوو بوارە ئاسۆی نوێی بۆ وەبەرهێنان وپەرەپێدان لە هەرێمی كوردستان کردەوە.

لە ڕێگەی ئەو شێوازە لە هاوکاری، لایەنی ئەمه‌ریکی دەتوانێ پشکدار بێت لە زیادکردنی بەرهەم و باشترکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە حکوومەتی فیدراڵ. 

ئەم هەنگاوە گرنگ و ستراتیژییەی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی بەغداوە دەخرێتە ژێر فشاری ئابووری و کۆسپ و تەگەرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پەرەپێدانی بەردەوامی دروست دەکرێت. 

دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە ڕوانگەی ئاییندەسازییەوە باوەڕی بەوە هەیە، کەوا ئەمه‌ریکا یەکێکە لە گەورەترین لایەنگرانی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەرێم و هاوکاریی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان دەتوانێ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لەو وڵاتەوە بۆ هەرێم فەراهەم بکات، هەروەها ئەو پەیوەندییانە توانای هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت بە شێوەیەکی کاراتر و شەفافتر بەرز دەکەنەوە. بوونی وەبەرهێنانە ئەمه‌ریکییەکان لە هەرێم دەبێتە مایەی ڕەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ئاستی بژێوی ژیان بۆ دانیشتووان و بەرزکردنەوەی سەقامگیریی لە هەرێم و ڕاکێشانی وەبەرهێنی بیانی دیكه‌، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگە ئاسایشی و سیاسیانەی، کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە، هەموو ئەمانە دەتوانن بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەرییان هەبێت لەسەر  ئابووری نیشتمانی و زەمینەساز بن بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان سەربەخۆتر بێت و بواری زیاتر دەخەنە بەردەم هەرێم بۆ هاوکاری لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، ئەمەش دواجار بەسوودی سەقامگیریی لە عێراق بە شێوەیەکی گشتیی دەگەڕێتەوە.   

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆك بارزانی و پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە لەلایەن دەوڵەتمەدار مەسرور بازرانی دەرفەتێکی زێڕینی لە بەردەمدایە بۆ دەرخستنی خۆی وەکوو ئەکتەرێکی کارا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و بە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان وەکوو لایەنێکی خاوەن سەروەری، کە ئامادەیە لە بازاڕەکانی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشدار بێت و وێنەی خۆی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی باشتر دەربخات، دەرفەتی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتەکان و کۆمپانیاکان زیاتر دەبێت. 

ئەم سەردانە جاڕدانێکی ڕوونی سیاسییه‌، کە هەرێمی کوردستان ئارەزوومەندە سەربەخۆییه‌كه‌ی بەهێز بکات و وەکوو پێکهاتەیەکی سیاسی و ئابووریی سەربەخۆ بە دوای دانپێنانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەگەڕێ.

لە کاتێکدا لایەنانی دیكه‌ لە عێراق و لە ناوچەکە بەدوای پاشاگەردانی و تێکدان دەگڕێن، مەسرور بارزانی ئەرکی بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و ئاییندەسازیی لە ئەستۆ گرتووە، چونکە ئەو باوەڕی بە خاك و نیشتمان هەیە و دەزانێ دوا ڕۆژی کوردستان ڕوون و پرشنگدارە و پێویستە گەلی کوردستان پاش ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە بە ئاسوودەیی و شکۆمەندانە ژیان بەسەر بەرێت.