مەسرور بارزانی و دۆکترینی ئایندەسازی

مەسرور بارزانی و دۆکترینی ئایندەسازی
مەسرور بارزانی و دۆکترینی ئایندەسازی

سەرۆکی حکوومەت، دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، کە خاوەن دیدگایەکی ئایندەیی ڕوونە و لە ژیانی سیاسیی بنەماکانی ڕێبازی بارزانی نەمر پەیڕەو دەکات و گەشە بەو فەلسەفەیە دەدات. لەماوەی چەند ساڵی حوکمڕانی خۆی هەرێمی کوردستانی بە لۆجیکی حوکمڕانی باش بەڕێوەبردووە و ئەو ڕاستییەی بۆ ناوخۆ و جیهانی دەرەوە سەلماندووە، کە باوەڕهەبوون بە دۆکترینی ئایندەسازی دەتوانێت پەرە بە تواناکانی هەرێمی کوردستان بدات و بە ویست و ئیرادەی پۆڵایینی دەتوانێت گەلی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی بەرێت. 

ئەو پێشکەوتنە سیاسی و ئابوورییانەی، کە لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵی ڕابووردوو لە هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە، چ لە ڕووی تۆکمەکردنی ژێرخان، چ لە ڕووی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، گەواهی بۆ ئەو ڕاستیە دەدەن، کە سیاسەت و دیبلۆماسیەتی مەسرور بارزانی توانیویە هەرێمی کوردستان وەکو ئەکتەرێکی سەربەخۆ دەربخات و پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەر سەکۆی نێودەوڵەتی بە بەهێزی نمایش بکات. 

سەردانە میژووییەکەی ئەم جارەی سەرۆكی حکوومەت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ سیناتۆر و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و  ئاسایش و سەربازی و پتەوکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر ڕۆڵی گرنگ و سەرەکیی هەرێم لە ناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ئایندەدا، لەکاتێکدا بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمەریکا و هەرێم زۆر بە ووردی ڕەچاو کراون.

دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە تەواوی دیدارەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لە ئەمەریکا فۆکسی خستۆتە سەر پەرەپێدانی هەر دوو کەرتی نەوت و گاز و ژێرخانی تر، بە ئیمزاکردنی ژمارەیەك گرێبەست لەگەڵ گەورە کۆمپبانیا ئەمریکاییەکانی ئەو دوو بوارە، ئاسۆی نوێی بۆ وەبەرهێنان وپەرەپێدان لە هەرێم کردەوە.

لە ڕێگەی ئەو شێوازە لە هاوکاری لایەنی ئەمریکی دەتوانێ پشکدار بێت لە زیادکردنی بەرهەم و باشترکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە حکوومەتی فیدراڵ. 

ئەم هەنگاوە گرنگ و ستراتیجییەی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی بەغداوە دەخرێتە ژێر فشاری ئابوری و کۆسپ و تەگەرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پەرەپێدانی بەردەوامی درووست دەکرێت. 

لە ڕوانگەی ئایندەسازییەوە دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی باوەڕی بەوە هەیە، کەوا ئەمەریکا یەکێکە لە گەورەترین لایەنگرانی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەرێم و هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دەتوانێ گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و زانیاری لەو وڵاتەوە بۆ هەرێم دابین بکات، هەروەها ئەو پەیوەندییانە توانای هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت بە شێوەیەکی کاراتر و شەفافتر بەرز دەکەنەوە. بوونی وەبەرهێنانە ئەمریکاییەکان لە هەرێم دەبێتە مایەی ڕەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ئاستی بژێوی ژیان بۆ دانیشتووان و بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە هەرێم و ڕاکێشانی وەبەرهێنی بیانی تر، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگە ئاسایشی و سیاسیانەی، کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە، هەموو ئەمانە دەتوانن بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەرییان هەبێت لەسەر  ئابووری نیشتمانی و زەمینەساز بن بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان سەربەخۆتربێت و بواری زیاتر دەخەنە بەردەم هەرێم بۆ هاوکاری لێکگەیشتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، ئەمەش دواجار بەسوودی سەقامگیری لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەگەڕێتەوە.   

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەسایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆك بارزانی و پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە لەلایەن دەوڵەتمەدار مەسرور بازرانی دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ دەرخستنی خۆی وەکوو ئەکتەرێکی کارا لەسەر کۆڕەپانی نێودەوڵەتی و بە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان وەکوو لایەنێکی خاوەن سەروەری، کە ئامادەیە لە بازاڕەکانی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشدار بێت و وێنەی خۆی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی باشتر دەربخات، دەرفەتی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتەکان و کۆمپانیاکان زیاتر دەبێت. 

ئەم سەردانە جاڕدانێکی سیاسی ڕوونە، کە هەرێمی کوردستان ئارەزوومەندە سەربەخۆیی خۆی بەهێز بکات و وەکو پێکهاتەیەکی سیاسی و ئابوری سەربەخۆ بە دوای دانپێنانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەڕێ.

لە کاتێکدا لایەنانی تر لە عێراق و لە ناوچەکە بەدوای پاشاگەردانی و تێکدان دەگڕێن، مەسرور بارزانی ئەرکی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و ئایندەسازی لە ئەستۆ گرتووە، چونکە ئەو باوەڕی بە خاك و نیشتمان هەیە و دەزانێ دوا ڕۆژی کوردستان ڕوون و پرشنگدارە و پێویستە گەلی کوردستان پاش ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە بە ئاسوودەیی و شکۆمەندانە ژیان بەسەر بەرێت.