6 ئارایشتگا لە هەولێر داخران و سێ حاڵەتی نەخۆشی ئایدزیشیان تیادا تۆمارکرا
دوای چاودێری و بەدواداچوون و پشکنینی تەندروستی بۆ کارمەندانی 6 ئارایشتگا، دەرکەوت سێ لە کارمەندانیان هەڵگری ڤایرۆسی (HIV)ـین کە پێی دەگوترێت ئایدز، کارمەندێکی دیکەشیان، هەڵگری ڤایرۆسی جگەرە، هەموو ئەو نەخۆشانەشی بیانی بوون و لە ئارایشتگەکان کاریان کردووە، دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان کراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، کارمەندەکانی ئەو ئارایشتگانە، تەمەنیان لەنێوان 20 ساڵ بۆ 35 ساڵیی بوون و خەڵکی سووریاش بوون.
زانیاری و بەدواداچوونی ورد لیژنەکانی چاودێری تەندروستی گەیاندە ئارایشتگەکانی سەر رێگەی بەحرکەی نوێ لە هەولێر، کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی ئایدز، بە قاچاغ هاتوونەتە هەولێر و مۆڵەتی کارکردن و تەندروستیشیان نەبووە.
کارزان ئەحمەد، بەرپرسی هۆبەری نەخۆشیيە گوزراوە ڕەگەزیيەکان ڕایگەیاند: شەش ئارایشتگا لەو ناوچەیە کە زیاتر لە 66 کارمەند تێیاندا کاریان دەکرد، داخران، لەو ژمارە کارمەندەش، سێیان نەخۆشی ئایدزییان هەبووە، یەک لەوانەی نەخۆشی ئایدزیان هەیە، بە قاچاغ هاتووەتە کوردستان.
لەناو بەشێک لە ئارایشتگەکاندا نێرگەلە هەبووە و خواردنەوە کحوولییەکان خوراونەتەوە کە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بارزان کەمال کارمەندى چاودێری تەندروستی لەگەڵ لێژنەی چاودێری گوتی: لەنێو ئارایشتگای ئافرەتان خواردنەوە کحوولییەکان هەبووە و خوراوەتەوە، لەنێو بەفرگرەکەش، نێرگەلە هەڵگیراوە و کێشراوە، ئەوەش بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە لەگەڵ جگەرەکێشانیش.
بەشێک لە ئارایشتگەکان مۆڵەتیان بەسەر چووە و نوێیان نەکردووەتەوە و پابەندی بریاری دەستەبەری کۆمەڵایەتیش نەبوونە کە دەبێت سەدا 75ـی کارمەندەکان هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بن، بەڵام تەواوی کارمەندەکانیان بیانی بوون و لە وڵاتانی دراوسێوە هاتوون، کارتی تەندروستیان نەبووە و زۆر جاریش فێڵیان لە لیژنەکانی چاودێری تەندروستی کردووە .
ئیسماعیل شاهۆ، بەرپرسی چاودێری تەندروستی و خۆراك گوتی: نزیکەی 67 کارمەند لەو ئارایشتگانە کاریان کردووە، هیچیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نەبووە، کارتی تەندروستیشیان نەبووە، دەڵێت: ئەو کارمەندانە لەکاتی پشکنینی لێژنەکان، دەچوونە دەرەوەی ئارایشتگاکە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، هەندێکیشیان دەڵێن: تازە دەست بەکار دەکەین، یاخود لە تێستین و دوای وەرگیرانمان دێین بۆ پشکنین، هەندێکیان مافی مانەوەشیان بەسەرچووە.
ئیسماعیل شاهۆ ڕایگەیاند: ئارایئشتگەکان گەرماوی تورکی لێبووە، جلی ئاهەنگی لێ فرۆشراوە و بەکرێ دراوە، ئامێری تاتۆ کردنیشی تیادا بووە کە بەهەموو شیوەیەک قەدەغەیە.
لە ساڵی 2004 هیچ حاڵەتێکی ئایدز لە هەولێر تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ساڵی 2024، دوای تێپەرینی 20 ساڵ تەنیا لە پشکنینی ٣٢32هەزار کەس بۆ وەرگرتنی کارتی تەندروستی 82 حاڵەتی ئایدز تۆمار کراوە لەو ژمارەیە 67 یان بیانی بوون و دوای ئەنجامی پشکنین دیپۆرتی ولاتەکەی خۆیان کراونەتەوە، مەترسییەکە ڕژدە و پشکنینەکان تووندتر نەکرێن رەنگە بۆ ساڵانی داهاتوو ژمارەکە زیاتر ببێت.