ڕێباز حەملان: وەزیری دارایی عێراق داردەستێکی سیاسییە
ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: محەممەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنەکانی تر، هەر کاتێک بیانەوێت، وەزیری دارایی عێراق بۆ مەرامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن و فشاركردنە سەر گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، بەكار دەهێنن.
ڕێباز حەملان، لە پەیامێکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: لیستی مووچەی مانگی (5) هیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداری و دارایی نییە، ئەم بڕیارەی وەزیری دارایی فیدراڵ، سەدا سەد سیاسییە و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە، هاوکات ڕێزنەگرتنە لە دەستوور و یاسای بودجە و بڕیاری ژمارە (224) ی دادگای فیدراڵیی كە حكوومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دەركردنی لە كێشەو ململانێكان.
ڕێباز حەملان، لە پەیامەکەیدا دەڵێت: سەرەڕای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، پشكی هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك لەلایەن بەغداوە بەتەواوی خەرج نەكراوە و تەنیا مووچەیان خەرج كردووە نەك پشكی هەرێم. دەشڵێت: بۆ ساڵی 2025 تەنیا بۆ مووچە، بڕی 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینار پشكی هەرێمە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا 3 ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێم خەرج كراوە.
ئاماژە بەوەش دەکات: ئەوەی ئێستا لەبەغداوە دەكرێت، ڕاستەوخۆ دژ بە مووچەخۆران و فەرمانبەران و هاووڵاتیانی كوردستانە، ئەمە بەشێكە لە فشارە بەردەوامەكانی بەغدا بۆ سەر هاووڵاتیان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
دەڵێت: بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ئەم فشارانە، ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و پێکەوە بوونە، دەبێت لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی خۆمان بێینە دەنگ، ڕەنگی حزبی و بەرگی ناکۆکی بخەینە لاوە.