
غازی حەسەن
نووسەر
گاڵتە، بە تامی نوکتەی سیاسیی کوردی

" دەزانی بۆ هیچم دژی مەسرور بارزانی پێ نەکرا؟ چونکە نەنکم ناساغ بوو!
لە کۆمەڵگەی ئەمەریکی لەڕێگەی جیاوازەوە ڕۆژانە نوکتەی سیاسی نوێ بەرهەم دەهێنرێت. شێوازێکی باوی گێڕانەوە و بەرهەمهێنانی نوکتە هەیە و ناویان ناوە (میمی meme ) ئەو میمیە وێنە و ڤیدیۆ و پارچە دەقی کورت.. تاد دەگرێتەوە و سروشتی ئەمانە تێکڕا گاڵتەجارانەیە. ئەمەش بەتایبەتی لەلایەن بەکارهێنەرانی ئەنتەرنێتەوە بەشێوەی کۆپی خێرا بڵاو دەکرێتەوە و بەکار دێت، دوور نییە هەندێک جاریش گۆڕانکارییەکی کەم بکرێت.
ئەمڕۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ناوەندێکی چالاکی بەرهەمهێنانی دەقی گاڵتەجاری و نوکتەی سیاسی. لەم ڕۆژانە ڤیدیۆی یەکێک لە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانم بینی، ئەو پەرلەمانەی هێشتا کۆبوونەوەیەکی نەکردووە، کەچی نوکتە بەرهەم دەهێنێت. بۆیە دوورناچین ئەگەر بێژین پڕە لە کۆمیدیا و نوکتە. نوکتەکە لەوەیە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام پێ دەچێت لە ئەمەریکاش دەوام بکات و دژی کیان و پێکهاتەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان کار بکات، دەڵێت: "ئەم جارە نەمتوانی چاودێریی سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمەریکا بکەم، چونکە لە فڕۆکەخانە بووم و نەنکم نەخۆشە، لەبەر نەساغیی نەنکم دەگەڕامەوە سلێمانی، بەڵام شەمسەدین زۆر شتی کۆ کردۆتەوە".
ئەمە نوکتەیە، لەبەر نەنکی نەیتوانیوە چاودێریی بەمانا نەرینی و خراپەکە بکات، چونکە ئەرکی ئەو ڕاوکردنی چالاکییەکانی حکوومەتی هەرێم و بەتایبەتیش (مەسرور بارزانییە). ئەمە جۆرێکە لە نمایشێکی گاڵتەچاڕانەی پڕ لە پێکەنین. چ ژینگەیەکی سەیرە، لەپێناو نوکتە، خۆ بەنوکتە دەکەن.
لە ئەمەریکا ئەم نوکتەیە بڵاوە کە دەڵێت: "یەکێک لە یاریدەدەرەکانی ترەمپ باسی خەونێکی بۆ سەرۆک کرد و گوتی "سەرۆک، خەونێکم بینی تۆ نمایشێکت ڕێک خستبوو. درێژیی ئەم نمایشە چەندین کیلۆمەتری دوورو درێژی نێو واشنتۆن دی سی بوو، هێندە درێژ بوو پێچاوپێچ بوو. ئەمەریکییە بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە بەدەم ڕێگاکەدا وەستابوون، خەڵک پێدەکەنین، هاواریان دەکرد و لە خۆشیان دەیانقیژاند، لەشەقامەکاندا یارییان دەکرد. تۆ سواری جوانترین گالیسکە بوویت. (ترەمپ) دەپرسێت "ئەرێ من ئەو کاتە دڵخۆش بووم؟ یاریدەدەرەکە وەڵامی دایەوە: نازانم سەرۆک گالیسکەکە لەهەموو لایەکەوە داخرابوو، هیچم نەبینی.
لەهەمان گاڤدا لەتەک پرسیارە جددییە کۆمیدییەکەی سەرۆک ترەمپ کە دەزانێت (دڵخۆشی) پەیامی هەرە گرنگی نوکتەکەیە، نوکتەیەکی دیکە لەبارەی کاندێد و دەنگدان لە نێو ئەمەریکا باوە و دەڵێت: هەندێک جار، هەست دەکەیت هەڵبژاردنەکان دوورکەوتوونەتەوە لەوەی کە کێ باشترین کاندیدە، یان کێ کۆمیدیترینە بێگومان ئەو کەسەیە کە کەمترین میمی لەبارەوە دروست دەکرێت. ئەمەش لە کردەوەدا دەبێتە سەرقاڵکردنی خەڵک بە سیاسەتەکانیان و ئەو زیانانەی دەیگەیەنن. پێ دەچێت لێرەدا نوکتە هاوتا بکرێت لەگەڵ خۆشەویستیی، کە هیوادارم زۆربەی خەڵک بە شتێکی گاڵتەجاڕی بزانن.
واتە ڕوونە خۆ بەنوکتەکردن لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ بۆ پەرلەمان هەیە، ڕەنگە ئەم کەسە سوودی لەمە وەرگرتبێت بۆ پەیداکردنی دەنگ و هەڵسوکەت و ڕەفتار و قسەی گاڵتەجاڕانە بە هۆکاریکی گرنگی سەرکەوتن بزانێت.
(Dana Mash’Al ) لەبارەی نوکتەی سیاسی لە ئەمەریکا دەڵێت: 'لە کاتێکدا دەتوانم لەمە بگەم، کە ئەم کارە گاڵتەجاڕییانە پێ دەچێت میکانیزمێکی ڕووبەڕووبوونەوە بن بەرانبەر هەر شتێک، کە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لەداهاتووی وڵات پێکدەهێنن، بەڵام باقی جیهان ئەو ئیمتیازەی نییە، کە وەک ‘میم’ێک سەیری سیاسەتەکانیان بکەن و ئێستا وڵاتەکانمان تووشی شەڕە دەکرێن، گەلەکەمان لە مردن دایە، ئێمەش لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا ئازار دەچێژین. کەواتە لەکاتێکدا ئەمەریکییەکان میمەکانیان دروست دەکەن و بە سیاسەتمەدارەکانیان پێدەکەنن و هەر چوار ساڵ جارێک گلەیی لە خەڵک دەکەن، کە بەشێوەیەک دەنگ بدەن و بەو شێوەیە دەنگ نەدەن، کە ئەوان نایانەوێت، ئێمە دەبێت هەموو ساڵێک، هەموو ڕۆژێک، هەموو کاتژمێرێک مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکان بکەین، گرنگ نییە سەرۆک کێ دەبێت، لەکۆتایدا مەسەلەکان بەجۆرێکن هەمیشە هەمان ئەنجاممان دەست دەکەوێت".
ئەمەش وایە، لەبەر ئەوەی نەنکی بۆتە هۆکار بۆ دروستکردنی نووکتەیەکی بەزۆر کراو بە نوکتەی سیاسیی کوردییە، ئەنجامەکان دووبارە دەبنەوە و پێشیان خۆشە خەڵک لەجیاتی بەکردەوە ئاسودەبوون و پێکەنین و بەئارامی بیرکردنەوە و بڕیار، گوتاری دەمارگرژی دروست بکەن. نوکتە بەتامی گریان، بەتامی پێکەنینی ساختەکاری دروستکراوی بێ مەعریفە. دەزانن؟ بۆ چونکە گوتاری نوکتە گوتارێکی مەعریفەدارە، بە تەکنیک و شێوازێکی سادە و کورت و ئامانجداری خێرا و پێکەنیناوی بەرهەمدێت و لەنێو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە و لەبواری جیاوازدا بەکار دێت.