حکوومەتی عێراق بەربەست بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستان دروست دەکات
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 3 هەزار و 500 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، زیاتر لە 25 بەرهەمی جۆرا و جۆری ئەو کارگانەش، هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتان دەکرێت.
کارگەیەک کە ماوەی سێ ساڵە لە هەولێر کار دەکات، فوگا و فلینە بەرهەم دێنێت، هاوکار بووە لە دروستبوونی چەند کارگەیەکی دیکە بۆ دەستخستنی پێویستییەکانی دروستکردنی فلینە.
ئازاد جەلال خاوەنی کارگەکەیە و دەڵێت: لە وڵاتانی سعوودیە، ئوردن و فەڵەستین، داوای بەرهەمی کارگەکەی ئەوانیان کردووە، بەرهەمی کارگەکەیان لە پشکنینی کوالێتی کۆنتڕۆڵی ئەو وڵاتانە دەرچووە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئاستەنگ بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کوردستان دروست دەکات کە بەنێو خاکی عێراقدا و لەڕێگەی وشکانی هەناردەی ئەو وڵاتانە دەکرێت، دەڵێت: حکوومەتی عێراق ئاستەنگمان بۆ دروست دەکات و مۆڵەتمان پێ نادات بەرهەمەکانمان بگەینینە ئەو وڵاتانە.
بەرهەمی ئەو کارگەیە خواستی زۆری چەند وڵاتێکی لەسەرە، بەڵام بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی حکوومەتی عێراق بۆ بەرهەمەکانی کوردستان دروستی دەکات، بەرهەمی کارگەکە تەنها بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە 50 کارگەی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زیاتر بۆ کردنەوەی کارگەی زیاتر لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات، بۆ ئەوەی ئەو کارگانە جگەلە پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆیی، بەرهەمەکانیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتیش بکەن.
تەیب کەژۆ، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو یاسایەی هەیە، هەوڵ دەدرێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کەرتی پیشەسازیی، گرفتی کارگەکان چارە بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوەی وڵاتیش بکەن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 3 هەزار و 500 کارگە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ئەو کارگانە 25 بەرهەمی جۆراوجۆر بۆ بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەش ڕەوانە دەکەن.