ترەمپ و مەسک  بە ڕەخنە و سووکایەتی هێرش دەکەنە سەر یەکتر

ترەمپ و مەسک  بە ڕەخنە و سووکایەتی هێرش دەکەنە سەر یەکتر
ترەمپ و مەسک  بە ڕەخنە و سووکایەتی هێرش دەکەنە سەر یەکتر

لە ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ئیلۆن مەسک، کە پێشتر پاڵپشتی دیموکراتەکانی کردبوو، ڕایگەیاند ئەمجارە هاوکار و پاڵپشتیی دۆنالد ترەمپ دەبێت و بەکردەوەش وای کرد؛ پارەیەکی زۆریشی بۆ سەرکەوتنی کاندێدی کۆمارییەکان تەرخان کرد. ترەمپیش دوای پیکهێنانی ئیدارە نوێیەکەی دەسەڵاتێکی زۆری بە مەسک دا و وەزارەتێکی تایبەتی بەناوی کارابوونی حکوومەتی بۆ ئەو پێک هێنا. وای لێهات منداڵە بچووکەکەی مەسکیش چەندین جار لە وێنە و شوێنە فەرمییەکان لەگەڵ ترەمپ، دەرکەوت. بە واتای ئەوەی پەیوەندیی و بەرژەوەندی و متمانەی نێوانیان بەهێز بوو. کەچی لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لەناکاو پەیوەندییەکانیان درزی تێ کەوت. لە ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا وەکوو مانشێتی سەرەکی و گەرم مامەڵەی لەگەڵ کرا. من لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لە ناونیشانەکان ڕاگەیاندن دەکەم: 

گۆڤاری (نیوزویک) لە مانشێتێکیدا دەڵێت: پەیوەندییەکانی ترەمپ و مەسک، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گرژ دەبێت.

پێنجشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥  شەڕ و بەقسە هێرشکردنە سەر یەکتر لەنێوان سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک ملیاردێری تەکنەلۆجیا و هاوپەیمانی پێشووی ترەمپ سەری هەڵدا، ناکۆکییەکە لەئاهەنگێکی کۆشکی سپی دەستی پێ کرد، کە تیایدا ترەمپ نائومێدی خۆی لە مەسک دەربڕی کە بەم دواییە ڕەخنەی لە پرۆژە یاسا گەورەکە و سیاسەتی ناوخۆی ئیدارەکەی سەرۆک گرتووە.

https://www.newsweek.com/donald-trump-administration-travel-ban-live-updates-2081348

بەپێ ئەم گۆڤارە کێشەکە ئەمەیە: ترەمپ، مەسکی تۆمەتبار کرد بەوەی تەنیا دوای جێهێشتنی ئیدارەکەی دژی ئەو پرۆژە یاسایە دەستی بە ئاخاوتن و قسەکردن کردووە. مەسک پڕۆژە یاساکەی بە "قێزەون" ناوبرد. ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکانی حکوومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی مەسک کرد، لەهەمان کاتدا، مەسک بە ئاشکرا پرسیاری ئەوەی کرد، کە ئایا پێویستە پارتێکی سیاسی نوێ دروست بکات؟ 

مەسک، مانگی ڕابردوو دەستی لە سەرکردایەتیکردنی وەزارەتی کارایی حکوومەت کێشایەوە. دوای ماوەیەکی کەم ڕەخنەی توندی دژ بە پڕۆژە یاساکە دەست پێ کرد و لە ڕووی داراییەوە  پرۆژەکەی بە نابەرپرسیارانە ناو برد. لەهەمان کاتدا کێشەکە ئەو کاتە تەقییەوە، کە لەچالاکییەکی کۆشکی سپیدا، ترەمپ، ڕایگەیاند "مەسک، بە تەواوی ئاگاداری پرۆژە یاساکە بووە، بەڵام تەنیا دوای وازهێنانی لە وەزارەتەکەی دەستی کردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین و ئەویش لە سۆشیال میدیا بەخێرایی وەڵامی سەرۆکی دایەوە و بانگەشە و قسەکانی ترەمپی ڕەت کردەوە و کۆمارییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد پشتیان بە پاڵپشتیی و هاوکارییەکانی ئەو بەستووە لەپێناو سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا. لەگەڵ ئاماژەکردن بەهەندێک فایلی دیکەی هەستیار، کە دەماری ترەمپی پێ دەگرێت و تووڕەی دەکات. 

فۆکس نیوز، لە ماشێتەکی خۆی تایبەت بەم کێشەیە دەڵێت: 

ئیلۆن مەسک، وشەکانی ترەمپ کە هی ساڵی ٢٠١٣ ە سەبارەت بە ئاستی قەرزەکان لە دژی خودی ترەمپ، بەکاردەهێنێتەوە. 

لەدرێژەی ئەم بابەتە دەنووسێت "ناکۆکیی و توڕەییەکانی ئیلۆن مەسک، لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لەسەر پرۆژە یاسا گەورەکە بەردەوامە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ پۆستێکی دە ساڵەی سۆشیال میدیای بۆ لێدان و دژایەتیی ترەمپ بەکارهێنا. مەسک، بەتوندی دژی ئەم پرۆژە یاسایە وەستایەوە، چونکە ٢.٤ تریلیۆن دۆلار بۆ قەرزە نیشتمانییەکان زیاد دەکات، کە تاکوو ئەمڕۆ بۆ ٣٦.٢ تریلیۆن دۆلار، بەرزبووەتەوە ."

https://www.foxbusiness.com/politics/elon-musk-uses-trumps-2013-words-debt-ceiling-against-him

ڕۆژنامەی (نیۆرۆک تایمز)یش لە ناونیشانێکی زەق و گەورەی خۆیدا دەبێژێت: ترەمپ هەڕەشەی بڕینی گرێبەستەکانی حکوومەت لە ئیلۆن مەسک، دەکات.

ئینجا دەڵێت: "لەگەڵ زیادبوونی کێشەکان ناڕەزایی ئاشکرای نێوان ئەو دوو کەسە دوای ئەوە دێت، کە ئەو ملیاردێرە پرۆژە یاسای سیاسەتی ناوخۆیی ئیمزاکراوی سەرۆک ترەمپی بە "قێزەون"  وەسف کرد.

https://www.nytimes.com/live/2025/06/05/us/trump-elon-musk

(ئێن بی سی نیوز) یش بەهەمان شێوە وەکوو چەندین دەزگای دیکەی ڕاگەیاندن بە ئاماژەکردن بەلێدوانێکی سەرۆک دەڵێت: ترەمپ "زۆر نائومێد بووە" لە ئیلۆن مەسک و هەڕەشە لە کۆمپانیاکانی دەکات، گرژییە گەرم و تووندەکانی نێوان سەرۆک و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، گەیشتە ئاستی کوڵان و هەنووکە لەشێوەی ململانێیەکی دراماتیکی دەردەکەوێت.

https://www.nbcnews.com/politics/trump-administration/live-blog/trump-administration-travel-ban-biden-tariffs-live-updates-rcna210178

کەناڵی (سی ئێن ئێن)یش لە مانشێتکدا دەڵێت:  ترەمپ و مەسک، کێشە گشتییەکانیان لەبارەی پرۆژە یاسای کارنامە پەرە پێ دەدەن و پەیوەندییەکانیان بەرەو کەوتن و لێژییە. 

 لەدرێژەی ئەم بابەتەدا دەڵێت: ئەمڕۆ کێشەیەکی نائاسایی گشتی لەنێوان سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانەکەی ئیلۆن مەسک، سەری هەڵدا، سەرۆک گوتی "زۆر بێ هیوا بووە" لەو ملیاردێرە تەکنەلۆجییە بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی لە پاکێجی کەمکردنەوەی باج و خەرجییە بەرفراوانەکانی گرتووە و بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە حکوومییەکانی کۆمپانیاکانی پێشنیار کردووە.

https://www.cnn.com/politics/live-news/trump-president-administration-news-06-05-25

ڕۆژنامەی (ئێندپێندنت)یش وەکو هەواڵێکی گەرم و کاریگەر لە ناونیشانێکی زەقدا لە بابەتێکی شیکاری درێژ دەڵێت: مەسک، پشتگیری لەشتە هاندەرەکانی ترەمپ دەکات، کە پەیوەندی بە لێپێچینەوە لە پۆستەکەی هەیە، لەکاتێکدا شەڕی سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا دەتەقێتەوە.

ئینجا دەنووسێت: "ڕاستەوخۆ ئیلۆن مەسک، بانگەشەی ئەوە دەکات، کە "هۆکاری ڕاستەقینە"’ فایلەکانی ئێپشتاین "ڕوون نەکراونەتەوە" چونکە ئەمانە پەیوەندییان بە خودی دۆناڵد ترەمپەوە هەیە و ناوی ئەویان تێدایە". ئەم فایلە گومانی تاوانی کوشتنی کەسێکی دەوڵەمەندی لەخۆگرتووە. 

ئیلۆن مەسک، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ داوای لێپێچینەوە لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کرد، لەکاتێکدا کێشەکانیان چووەتە قۆناغێکی نوێ و لە کۆنترۆل دەرچووە و تەقیتەوە.  ئیان مایڵز چیۆنگ، لەبارەی ئەم بابەتەوە دەنووسێت: "سەرۆک بەرانبەر ئیلۆن، کامەیان سەردەکەوێت؟ مەسک دەڵێت: پێویستە ترەمپ لێپێچینەوەی لێ بکرێت و (جەی دی ڤانس) جێگەی بگرێتەوە".

ڕۆژنامەی (ئیندیپێندنت) لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە لە سەرتاپای ڕەوشی سیاسیدا متمانەی پێ دەکرێت. بەپێچەوانەی بەشێکی زۆری دەزگاکانی تری هەواڵ، خاوەنی کوالیتییە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری، بۆیە گۆڤارەکە لەوەسفی خۆی دەنووسێت "ئەمەریکییەکان بۆیە لەنووسینی ڕاپۆرت و بابەتە شیکارییەکانمان ئێمە هەڵ دەبژێرن، ئێمە پێمان وایە ڕۆژنامەگەری خودان کوالێتی دەبێت لەبەردەستی هەموو کەسێکدا بێت، بەرانبەر نرخی کڕین ڕۆژنامەکە لەلایەن خوێنەرەکانییەوە پێویستە هەقی هەواڵەکان بداتە ئەو کەسانەی دەیکڕن و توانای کڕینی ڕۆژنامەکەیان هەیە؟.

. https://www.independent.co.uk/news/world/americas/us-politics/trump-travel-ban-12-countries-us-live-updates-b2764122.html

(سی بی ئێس)یش لە بابەتێکی شیکاری، کە ئەمە بەشێکییەتی دەنووسێت: ترەمپ و ئیلۆن مەسک، دژی یەکتر ئاڵوگۆڕی سووکایەتی و تۆمەتەکان دەکەن، لەکاتێکدا ناکۆکی گشتی لەئاستێکی تازەدایە.

ئەمەی سەرەوە مانشێتی ئەم دەزگایەی هەواڵە و دەنووسێت: "پەیوەندی نێوان سەرۆک ترەمپ و ئیلۆن مەسک، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ حوزەیرانی ٢٠٢٥ بەشێوەیەکی دراماتیک و گشتیی تێک چوو، سەرۆک هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە قازانجدارەکانی حکوومەتەکەی کرد و مەسکیش بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەڕێز ترەمپ بەبێ ئەو نەیدەتوانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت، ئەم ناکۆکی و هێرشانە ئەو کاتە دەستی پێکرد، کە مەسک، بەئاشکرا دژایەتی خۆی دژی پڕۆژە یاسای باج و بوودجەی کۆمارییەکان دەربڕی.

مەسک ئەم بابەتەی بە "بۆمبە گەورەکە، بەڕاستی گەورە" ناوبرد، ئەم قسەیەی فڕێ دا و ئاماژەشی بەمە کرد، کە گوایە ناوی بەڕێز ترەمپ، لە فایلەکانی پەیوەست بە دۆسیەی جێفری ئیپشتاین هەیە، فایلەکە پەیوەندی بەم  کێشەداراییە ڕیسوا کراوە هەیە، کە لەساڵی ٢٠١٩دا ناوبراو لەکردەی خۆکوژیی لەژێر دەسەڵاتی فیدراڵی گیانی سپارد. ئەم کەسە ڕووبەڕووی تۆمەتی بازرگانیکردن بە سێکس کرابۆوە". بەپێی ئاماژەکانی ئەم ملیاردێرە خودی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ناوی وەکو گومانلێکراو هاتووە.  

ترەمپ، بە پۆستێکی دیکەی تایبەت بە خۆی وەڵامی دایەوە و گوتی: "من پێم ناخۆشە ئیلۆن دژی من بێتەوە، بەڵام دەبوو چەند مانگێک لەمەوبەر ئەوە بکات. ئەمە یەکێکە لە گەورەترین پرۆژە یاساکان، کە تاکوو ئێستا پێشکەشی کۆنگرێس کراوە".  

لە کاتکدا ئەم ناکۆکییە دەتەقێتەوە و ترەمپ بێهیوایی خۆی لەهەمبەر مەسک دەربڕی، هەر تەنیا هەفتەیەک لەمەوبەر بوو، سەرۆک کلیلێکی کۆشکی سپی بە دیاری بەخشییە مەسک وەکوو دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ کارەکانی، کە لەوەزارەتی کارایی حکوومەتی ئەنجامی دابوو.

ئەم کەناڵە لەدرێژەی وتارە شیکارییەکەی دەپرسێت "مەسک، کە بۆتە ئۆپۆزسیۆن پرسیاری دروست کردووە، ئەویش ئەمەیە ئایا کۆمارییەکان دەتوانن لەچواردەوری یاسای ناوەندی کارنامەی خوولی دووەمی ترەمپ بە یەکگرتوویی بمێننەوە، هەست بەوە کراوە سەرکردەکانی پارتی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس ڕۆژی چوارشەممە بێهیوا دەرکەوتوون". 

ڕۆژنامەی (یو ئێس ئەی تودەی)یش دەنووسێت: پەیوەندی نێوان ترەمپ و مەسک، دوای هێرشە کەسییەکان بەهۆی ڕەخنەگرتن لەپڕۆژە یاسای باج کۆتایی دێت.

 ئەم ڕۆژنامە بەنێوبانگەی ئەمەریکا نایشارێتەوە و لە بەشێکی بابەتە شیکارییەکەی دەنووسێت: " دوای ئەوەندە مانەوەی شەوانە لە کۆشکی سپی، سواربوونی فڕۆکەی هێزی ئاسمانی یەک و ستایشکردنی یەکتر بە درەوشاوەیی، لەناکاو شەڕێکی سەرتاسەری لە نێوان سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک، سەری هەڵدا و بەیەکجار کۆتایی هاوپەیمانییەکەیان هێنا، دوای ئەوەی ترەمپ بەرپەرچی ئەو ڕەخنانەی دایەوە، کە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان دژی پرۆژە یاسای باج و سیاسەتی ئیمزای سەرۆک کۆمار دەریبڕی".  ترەمپ، لە ٥ی حوزەیران ڕایگەیاند "زۆر نائومێد بووە" لە مەسک و ئاماژەی بەوەش دا پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ ڕاوێژکاری باڵای پێشووی کۆشکی سپی کۆتایی هاتووە، لەکاتێکدا بە ئاشکرا باسی هەوڵەکانی مەسکی کرد بۆ کوشتنی ئەوەی پێی دەوترێت "پرۆژە یاسا گەورە و جوانەکەی". 

مەسک هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی بەجێ هێشت، دوای ئەوەی لەماوەی چوار مانگی یەکەمی خولی دووەمی دەسەڵاتی ترەمپ سەرکردایەتی وەزارەتی کارایی حکوومەتەکەی کرد. هەرچەندە مەسک بۆ یەکەمجار پێش دەرچوونی ڕەخنەی لە پڕۆژە یاسای ترەمپ گرت. سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی(یو ئێس ئەی توودەی)  ڕاگەیاندووە مەسک پێش ڕۆیشتنی لە کۆشکی سپی داوای کردووە پێگە و مانەوەی لە حکوومەتەدا بۆ زیاتر لە ١٣٠ ڕۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە سەرکردایەتیکردنی ئەو بەرنامەیە بەردەوام بێت، بەڵام کۆشکی سپی ڕەتی کردەوە؛ ترەمپیش وەکو جۆرێک لە گاڵتە و نوکتە گوتی "پێم وایە مەسک غەریبیی پێگە و شوێنەکەی دەکات". 

ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانیش لە وتارێکی شیکاری مە مانشێتێکی زەق دەنووسێت: ترەمپ و ئیلۆن مەسک، ئاڵوگۆڕی سووکایەتی و تۆمەت دژی یەکتر دەکەن، لەکاتێکدا ناکۆکی گشتیی دەگاتە ئاستێکی نوێ.

لە بەشێکی بابەتە شیکارییەکەدا ڕۆژنامەی (گاردیان)یش دەنووسێت: "نەمانی  سوپاسگوزارییەکی لەم جۆرە" هاوپەیمانی (ترەمپ و مەسک) دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی تاڵ لەنوێترین دەرفەتیدا مەسک هێرش دەکاتە سەر سەرۆک، ئەمەش نیشانی دەدات بەشێوەیکی خێرا بێمنەت بووە لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. ئەم ڕاوێژکارە تایبەتە یەکجار و بەئاشکرا هێرشی کردە سەر سەرۆک، ئەمەش ئەوە دەردەخات بێمنەتە لەو ملیۆنەها دۆلارەی، کە بۆ هەڵبژاردن خەرجی کردووە. مەسک لە پۆستێکدا لەسەر (ئێکس) دەڵێت: "بەبێ من، ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕا، دیموکراتەکان ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کۆنترۆڵ دەکرد و کۆمارییەکان بە ئەنجامی ٤٩-٥١ لەئەنجوومەنی پیران دەبوون". 

ئەم ڕۆژنامە بەریتانییە لە درێژەی بابەتە شیکارییەکەی دەڵێت: " ترەمپ و مەسک، بازرگانی بە قسەی ناشرینەوە دەکەن، لەکاتێکدا درز لەسەر پرۆژە یاسای باج و خەرجییەکان بەئاشکرا سەری هەڵداوە. سەرەتا (ترەمپ و مەسک) بە وریایی ڕەفتاریان کرد و نەیان دەویست ڕاستەوخۆ لەیەکتر بدەن، بەڵام هەردووکیان  چی دیکە خۆیان پێ نەگیرا و بەڕووی یەکتردا تەقینەوە، ئاڵۆزی و هێرشە قسە لەئاکامی ناکۆکی لەسەر پڕۆژە یاسای باج و خەرجییە ناوخۆییەکانی ترەمپ دەستی پێ کرد و پەرەی سەند. مەسک بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ئەو بۆتە هۆکاری سەرکەوتنی ترەمپ بووە و سەرۆکیش دەڵێت: مەسک هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانای بردنەوەی ویڵایەتی پێنسیلڤانیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا نەبووە، ڕەنگە و دوورنییە پەیوەندییەکانی ترەمپ و مەسک، هێشتا بەرەو خراپتر بچێت. هەر تەنیا دوای ئاشکرابوونی کێشەکە دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی ڕەخنە و بەئاشکرا تۆمەتبارکردنی یەکتر، ترەمپ هەڕەشەی سزادانی مەسکی کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال پۆستێکی کرد و نووسی: “ئاسانترین ڕێگە بۆ پاشەکەوتکردنی پارە لە بودجەکەماندا، ملیارەها و ملیارەها دۆلار، کۆتاییهێنانە بە یارمەتی و گرێبەستە حکوومەتییەکانی ئیلۆن".  بەپێی زانیارییەکان دوای ماوەیەکی کورت لەتەقینەوەی ناکۆکییەکان  کۆمپانیای (تێسلا)، کە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی ئەلیکترۆنی مەسکە، نزیکەی ٪١٢ی داهات و قازانجەکانی دابەزین، دابەزینەکەش پەیوەندی بە قسە و لێداونەکانی خودی ترەمپەوە هەیە.  

دۆناڵد ترەمپ، دەڵێت: "پیاوێکم بینی زۆر دڵخۆش بوو، کاتێک لە پشت مێزی ئۆڤاڵ بە چاوێکی ڕەشەوە وەستابوو، گوتم کەمێک ماکیاژت دەوێت؟ وتی: "نا، پێموانییە"، ئەمەش شتێکی سەرنجڕاکێشە". "من و ئیلۆن پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبوو، نازانم چیتر ئەم پەیوەندییە بەردەوام دەبێت، یان نا، پاشان ترەمپ لە لەبارەی مەسک درێژەی بەقسەکانی دا و تۆمەتباری کرد بەوەی تەنیا لەبەر بەرژەوەندی خۆی دژی پڕۆژە یاساکە بووە، چونکە پڕۆژە یاساکە سوودی بۆ (تێسلا) نەبووە، کە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی ئەلیکترۆنی مەسکە. بەنیازبوو بۆ سەرۆکایەتی (ناسا) دیاری بکات. ترەمپ گوتی: “زۆر بێهیوا بووم لە (ئیلۆن). 

ترەمپ گوتی: ئیدی زۆر بێهیوا بووم لە ئیلۆن، لەناکاو مەسک بە شێوەیەکی کاریگەر ترەمپی بە درۆکردن تۆمەتبار کرد، دەڵێت: "ئەو ئەم پڕۆژە یاسایەی تەنانەت بۆ جارێکیش نیشانی من نەداوە و پڕۆژەکە لەشەوێکدا هێندە خێرا پەسەند کرا، کە تەنانەت زۆر کەس لە کۆنگرێسیشدا نەیانتوانی بیخوێننەوە". 

مەسک، سەدان ملیۆن دۆلاری لەهەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ خەرج کرد، بەشێکی زۆری هەڵمەتی لێدانی دەرگاکانی لەپێناو بردنەوەی ترەمپ لە ئەستۆ گرت، هەرچەندە هەنووکە دەیانەوێت گومان بخەنە سەر ئەو کاریگەرییە.

وەک ترەمپ خۆی تێبینی کردووە: "خولی یەکەم، هەمووان شەڕیان لەگەڵ دەکردم، لەم خولەدا هەمووان دەیانەوێت هاوڕێم بن."  ئەو هەڵە نییە، ئێستا چەندین ڕێکخراوی گەورەی هەواڵ و دەنگوباس کۆمپانیای گەورە خاوەندارێتیان دەکات، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان، مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئیدارەی ئەم سەرۆکە دەکەن. 

(گاردیان) چۆن وسفی خۆیان دەکات

ڕۆژنامەی (گاردیان) یش لەبارەی هەڵوێست و بۆچوون و ڕەفتاری خۆشیان دەڵێن "ئێمە جیاوازین، ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، نییە، یان هەر سیاسەتمەدارێک، وەفاداری ئێمە وەکوو ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ بۆ ئەوانەیە، کە دەسەڵاتدار نین، بەڵکوو وەفامان بۆ جەماوەرە، لە بارەی هەواڵ و زنیارییەکانی مانگ و ساڵانی داهاتوو، هەرچییەک ڕوو بدات، دەتوانیت پشت بە (گاردیان) ببەستیت، کە هەرگیز کڕنۆش بۆ دەسەڵات نابات و لەگوتنی ڕاستی پاشەکشە ناکات". ئەمە وەسفی ئەم ڕۆژنامەیە بۆ واقیع و ڕەفتاری خۆی.  

هەقیقەتی بابەت و تەقینەوەی ترەمپ دژی مەسک

پێنجشەممە ٥ حوزەیرانی ٢٠٢٥  لەکاتی سەردانی (فرێدریش مێرتس) ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ لە یەکەم لێدوانی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەسک و ئەو ناکۆکیانەی هەنووکە سەری هەڵداوە، بەتووندی هێرشی کردە سەر مەسکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا.

ترەمپ ڕاشکاونە و هەموو جارێک بەزمانێکی ئاشکرا و زەق  بە رۆژنامەنووسانی گوت: "من و ئیلۆن پەیوەندییەکی باشمان هەبوو، دڵنیا نیم ئەم پەیوەندییە بەردەوام دەبێت یاخود نا." ترەمپ گوتیشی: "زۆر نیگەرانم، چونکە ئیلۆن لە وردەکارییەکانی ناوەوەی ئەم پرۆژە یاسایە باشتر لە هەرکەسێکی ئێرە ئاگادار بوو، کەچی لەناکاو کێشەی بۆ دروست بوو."

 چەند خولەکێک دواتر، مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند، بانگەشەکانی سەرۆکە ٧٨ ساڵەکە، کە گوایە ئەو پێشوەختە ئاگاداری پرۆژە یاساکە بووە "نادروستن."

بڕگە سەرەکییەکانی پرۆژە یاساکە:

چاكسازیی باج: پرۆژەیاساکە هەوڵ دەدات کەمکردنەوەی باجەکانی ساڵی ٢٠١٧ بە هەمیشەیی بکات، باج لەسەر بەخشیش، پارەی کاری زیادە و سوودی قەرزی ئۆتۆمبێل لاببات و داشکاندنی باجی ویڵایەت و ناوخۆ (SALT) زیاد بکات.

ئاسایشی بەرگری و سنوور: پێشنیازی ١٥٠ ملیار دۆلاری زیادە بۆ خەرجییەکانی بەرگری دەکات، کە ٢٥ ملیار دۆلاری بۆ سیستمی بەرگریی مووشەکی "گومەزی زێڕین (Golden  Dome)  دەبێت و ٥٠ ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی دیواری سنوور و چوار ملیار دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی سنوور تەرخان دەکات.

کاریگەریی دارایی: ڕەخنەگران، لەنێویاندا (ئیلۆن مەسک) دەڵێن پرۆژە یاساکە لەوانەیە تاکوو پێنج تریلیۆن دۆلار بخاتە سەر قەرزی نیشتمانی لە ماوەی دەیەی داهاتوودا، ئەمەش سەبارەت بە بەردەوامیی دارایی درێژخایەن نیگەرانی دروست دەکات.

پرۆژەیاساکە لەئەنجوومەنی نوێنەران پەسندکراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجوومەنی پیرانە.

ئەم پێکدادانە نوێیە کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت، کە ترەمپ ئاهەنگێکی گەورەی ماڵئاوایی لە کۆشکی سپی بۆ مەسک ڕێکخست، کاتێک کۆتایی بە کارەکانی هێنا لە بەڕێوەبردنی وەزارەتی کارامەیی حکوومەت (DOGE) کە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکان بوو.

(ئیلۆن مەسک) گرژییەکانی لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ) ئاشکراکرد و پەرەشی پێدا و ڕایگەیاند: سەرۆکی ئەمەریکا بەبێ پشتیوانی ئەو هەڵبژاردنی دەدۆڕا. مەسک لەتۆڕی (ئێکس) نووسی: "بەبێ من، ترەمپ هەڵبژاردنی دەدۆڕاند. چەندە بێوەفاییە."

دوای دروستبوونی گرژییەکان، پشکی کۆمپانیای تێسلا لە وۆڵ ستریت بە خێرایی دابەزی و رێژەی ٪٨  لەدەستدا.

ئیلۆن مەسک لە پۆستێکی دیکەی ئێکس راپرسییەکی دانا و نووسی: "ئایا کاتی ئەوە هاتووە پارتێکی سیاسیی دابمەزرێنین کە نوێنەرایەتیی ٪٨٠ـی خەڵک بکات؟"

https://www.rudaw.net/sorani/world/050620254

دیماهی 

ئەگەر گریمانەکانی ڕۆژانی داهاتوو دەکرێت لەچەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:

یەکەم: مەسک، نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتی ترەمپ لە کاتی هەلمەتی هەڵبژاردن خەرج کرد، لە نێو ئەو ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەی بۆ هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی ئەمەریکا تەرخانکرا بوو. دوور نییە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک و ڕاوێژکارە تایبەتییەکەی، ئەم کەسە ئەمجار با بداتەوە و پارە بۆ پاڵپشتی ڕکابەرەکانی ترەمپ بەتایبەتی دیموکراتەکان تەرخان بکات. وەکو پێشتر کردوویەتی.

دووەم:  چارەسەرەکانی ترەمپ ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە لەڕێگەی قەدەغەکردنی نوێکردنەوەی گرێبەستە حکوومییەکان لەگەڵ مەسک، دژە فشار دروست بکەن و وەکوو یەکێک لەو ڕێگایانە دادەنرێت بۆ سزادان و بچووکردنەوەی تواناکانی و بڕیاردانەکانی و بەشدارییەکانی لە بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی قازانجی ملیارەها دۆلار.

سێیەم: مەسک داوای دادگایی و لادانی ترەمپ دەکات و داوای کردووە جێگرەکەی شوێنی بگرێتەوە.

چوارەم: ترەمپی تاوانبار کردووە لەبابەتی خۆکوشتنەکەی ملیاردێر (جێفری ئیپستین)، بۆیە ئەم بابەتەیان لە دادگاش پەردەپۆش کردووە، چونکە ناوی ترەمپی تێدایە. 

پێنجەم: بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بێزارکردن و تووڕەکردنی بەیەکتر. 

شەشەم: مەسک، ئاماژەی بەوە کردووە  کۆمپانیای (سپەیس ئێکس)  کەشتی ئاسمانی (دارگۆن) دەکێشێتەوە، کە بایەخێکی زۆر گرنی لە گواستنەوەی کارگەرانی (ناسا) هەیە. 

شەشەم: ترەمپ دەتوانێت هەموو گرێبەستە ئەمنییەکانی مەسک هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات مەسک نەتوانێت پڕۆژەکانی ئابوورییەکانی لەگەڵ حکوومەت درێژە پێ بدات. 

حەوتەم: سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتێکی زۆری هەیە، بۆ سزادان و لێپیچینەوەی ئەوانەی بەهەڵستکاری ئەو دەکەن، بۆیە ئاساییە وەزارەتی داد بەکار بهێنێت بۆ سزادانەکان و لێپێچینەوە و سنووردارکردنی ڕکابەرەکەی.

هەشتەم: دوور نییە مەسک بیر لەگواستنەوەی کۆمپانیاکانی بۆ وڵاتەکانی دیکە بکاتەوە، ئەمەش وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە دژی کۆمارییەکان و سەرۆکی ئەمەریکا بەکار دەهێنێت.

نۆیەم: لەکاتی کشانەوەی کۆمپانیای (سپەیس ئێکس) کە مەسک خاوەنداریەتی دەکات، دەبێت پڕۆژەکانی لەگەڵ وەزارەتی بەرگی و مانگی دەستکردی (ستارلینک) هەڵبوەشێننەوە، کە بۆ کاروباری سەربازی بەکار دەهێنرێت ئەمەش لەکردەوە ئاراستەکراوە بۆ چاودێری چین و  ڕووسیا. سەرباری کەشتی (دارگۆن فلای) کە تایبەتە بە (ناسا)، لەکردەوەدا ئەمە دەبێتە کێشە بۆ بەرنامەکانی ناسا و گەڕاندنەوەی ئەو چوار کەسەی هەنووکە لە بۆشایی ئاسمانن. واتە ئەم ملیاردێرە لەڕێگەی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ حکوومەتی ئەمەریکا کردوونی، کاریگەری خۆی سەپاندووە.

ئەوەی لەماوەی دەسەڵات و حوکمڕانەی خوولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ بینیمان، لە ماوەی چوار ساڵدا هەڵکشان و داکشان، یان تووڕەبوون و ئاشتبوونەوە و گۆڕانکاری خێرا و بێ پسانەوە لە ئیدارەکەی دەکرا، بەشێوەیەکی دیکە دەتوانین بێژین ئیدارەی ترەمپ، ئیدارەیەکی پڕ لە ناکۆکیی و ململانێ و تۆمەتبارکردن و سزا و دەرکردن و تووڕەبوون بووە. دوور نییە ئەمجارەش بەهەمان شێوە و شێواز ئیدارەکەی بەڕێوە ببات، لەکاتێکدا لە دەستپێکی کارەکانی دەسەڵاتێکی زۆری بە مەسک دا، ستایشی زۆری ئەم ملیاردێرەی کرد، تەنیا هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن لە پلار و بابەتە شیکارییەکانیاندا، وایان باس دەکرد، کە مەسک بەکردەوە سەرۆکی ئەمەریکایە، نەک ترەمپ!. ئیدارەی دەوڵەت جیاوازە لەگەڵ ئیدارەی کۆمپانیا بازرگانییەکان و وەبەرهێنان. ترەمپیزم کە بانگەشەی بۆ دەکرێت پشت بە بارزگانی سیاسی دەبەستێت، نەک سیاسەتی بازرگانی و هەموو تواناکانی خستۆتە یەک ئارستە، ئەویش بەدەستهێنانی زۆرترین و زۆرترین قازانج و پارە و زیادکردنی ملیارەها دۆلارە، نەک سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرە سیاسییەکان لە سەرتاسەری دونیا، بۆیەشە هەندێک دەپرسن ئایا ترەمپ دەتوانێت سەرکردایەتیی جیهان بکات؟   

ئەم ملیاردێرە ئاماژە بە پارتێکی سیاسی نوێ دەکات، ئایا دەتوانێت ئەم سیستەمە مێژووییە باوە دیموکراتییەی، ئەمەریکا بگۆڕێت و حزبێکی دیکەی سیاسی نوێی بەهێز دروست بکات و ببێتە ڕکابەری ئەم دوو پارتە سیاسییە بەهێزە.