
د. سامان سۆرانی
نووسەر
دووبارە تێوەگلانی سەربازیی ئەمهریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کاتێك هیلاری کلینتۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمهریکا وتارێکی بە ناونیشانی "ئاوڕدانەوە لە ڕۆژهەڵات" لە ژمارەی ئاداری 2010 له گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" ئەمهریکی بڵاو کردەوە، ئەو بۆچوونە بڵاو بووهوە، کەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا ئیتر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ دەهێڵێت و ڕوو لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی چین.
بەڵام ئەم تێوەگلانە دیبلۆماتییەی ئێستای ئەمهریکا، کە بەم زووانە بە هۆی جەنگیی ئیسرائیل و ئێران بۆ تێوەگلانی سەربازیی دەگۆڕدرێ، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کەوا ئەمهریکا جارێکی تر بە گەرموگوڕی دەگەڕێتەوە ناوچەکە و ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە سایەی ئەو مەترسییانەی، کە ئەمهریکا هەیەتی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل و پەرەسەندنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی واشنتن لە ناوچەکە، ئەمەش ئەمهریکا دەکاتە چەقی کارلێکە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکان لە ناوچەکە.
هەڵبەتە ناکرێت شەڕی ئیسرائیل و ئێران بە ململانێی دوولایەنە یان کێبڕکێی ناوچەیی دوولایەنە وەسف بکرێت. ئەم جەنگە لە ڕاستیدا پەیوەندی بە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکانەوە هەیە، ئێران چوو بووە ڕیزی چین و ڕوسیا و خۆی کردبوو بە هاوپەیمانی ئەو دوو دەوڵەتە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەمهریکا و سیاسەتی تاكجەمسەری. کەواتە لە دیدی ئەمهریکاوە لاوازکردنی ئێران کارکردنە بۆ لاوازکردنی دەنگێکی بەهێز، کە دژی تاکجەمسەرییە.
لە لایەیەکی ترەوە ئێران لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 لە بەرەی ڕۆژئاواوە بەرەو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو ڕۆیشت و پاشان ڕووی کردە ڕووسیا و چین.
دۆکترینی سیاسیی ئەمەریکا لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە، کە ئێران لەگەڵ ڕووسیا و چین و کۆریای باکوور لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمهریکا لەسەر ئاستی جیهان هاوکاریی یەکتر دەکەن و مۆسکۆ یارمەتی تارانی داوە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی وێستگەی بوشەهر. لە کاتێکدا زۆربەی تەکنەلۆژیای مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانییەکانی ئێران لە چینەوە دەستەبەر کراون.
کۆشکی سپی ئەمهریکا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات، کە هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی جۆری "شاهید"ـی بۆ ڕووسیا دابین کرد و ڕووسیا بەکاریانی هێنا بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانی ئۆکرانیا. کەواتە لاوازکردنی ئێران ئامانجەکانی ئەمهریکا لە دژی مۆسکۆ و پەکین زیاتر دەکات.
پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەمهریکا بەشداریی سەربازیی دەکات لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران؟
بە پێداچوونەوە بە هەڵوێستی ڕاستەقینەی واشنتن و دەربڕینەکانی ئەم دواییەی ترهمپ ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەمهریکا پشتگیری تەلئەڤیڤ دەکات لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵگری، هەروەها سیستەمەکانی وەکوو پاتریۆت و تاد، کە ئەمەریکین، زۆر بە وردی بەرگریی لە ئیسرائیل دەکەن. ئەمهریکا لەم چوارچێوەیەدا ستراتیژی "ڕابەرایەتی لە پشتەوە" بەکار دەهێنێت، بەبێ ئەوەی لە پێشەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە دژی ئێران بێت.
بەڵام وەکوو دەرکەوتووە ئیسرائیل بە تەنیا ناتوانێ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناو بەرێت، هەروەها تاران خەریکە بە مووشەك هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل دەهێنێ، ئەندامانی کۆنگرێس فشاری زیاتر دەخەنە سەر ترهمپ، ئەمەش وا لە ترهمپ دەکات، ڕاستەوخۆ لەو جەنگە بەشدار بێت لە پێناو بەرژەوەندی و پاراستنی ئیسرائیل.
ئەوەش دەرکەوتووە کەوا سەرکەوتنی ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی ئامانجەکانی لە ئێران و تێپەڕاندنی بەرگریی ئاسمانی ئێران باشترین بازاڕکردن و پڕوپاگەندەیە بۆ چەکی ئەمهریکی.
ترهمپ خۆی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە "نایاب" وەسف کرد و گوتی، ئەوان باشترین چەک و تەقەمەنی ئەمهریکی لە جیهان بەکار دەهێنن.
ترهمپ شانازی بەوە دەکات، کە ئەو زۆرترین پشتیوانی لە سەرۆکی ئیسرائیل ناتانیاهۆ کردووە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، کاتێ باڵیۆزخانەی ئەمهریکای بۆ ئۆرشەلیم گواستەوە و دانی نا بە لکاندنی بەرزاییەکانی جۆلان بە ئیسرائیلەوە نا و هەروەها لە ئێستادا ئەو بۆمبانەی نارد بۆ ئیسرائیل، کاتێ ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بە سەرکردایەتیی جۆ بایدن ناردنی ئەو بۆمبایانەی ڕاگرتبوو.
ترهمپ باوەڕێکی قووڵی بەوە هەیە، کە دیپلۆماتییەت ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، یان ئەنجام بەدەست بهێنێت، ئەگەر بە فشاری سەربازیی پاڵپشتی نەکرێت.
بۆیە ترهمپ گرەوی لەسەر قووڵکردنەوەی زیانەکانی ئێران کرد، تا ئەو ڕادەیەی کە بیگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمهریکا و ئیسرائیل. ترهمپ دواجار لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی داوای لە 16 ملیۆن دانیشتووی تاران کرد، دەستبەجێ پایتەخت چۆڵ بکەن و دووپاتی کردەوە، کە دەبووایە ئێران ڕێکكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ بکردایە.
کەواتە ئەمهریکا بە ناڕاستەوخۆ بڕیاری بۆ بژاردەی سەربازیی داوە، ئەگەر چی ئەم بژاردەیە بێ مەترسی نییە، چونکە لەم سیناریۆیەدا، ململانێی دوولایەنەی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران دەگۆڕدرێ بۆ شەڕێکی ناوچەیی گەورە و بەهۆی هەڕەشەی ئێران بۆ ئامانجکردنی بنکە ئەمهریکییەکان لە ناوچەکە پارادایمی نوێ دادەتاشرێ، لە کۆتاییدا ئێران ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان ئەم جەنگەی ئێستا لە ڕووی سەربازییەوە دەدۆڕێنێ، ئەگەر چی ئیسرائیل پێی وایە مانەوەی ڕژێمی ئێران مانای بەردەوامی کێشەکانە و بە پشت بەستن بەو زانیارییەی کە ئێران بەدەستی هێناوە دەتوانێ دووبارە چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت و ئەو زیانانەی بەری کەوتووە چارەسەر بکات، بۆیە بە پێویستی دەزانێ ئەمهریکا دووبارە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سەربازییەوە تێوە بگلێ و کار بۆ حزوورێکی سەربازیی بەهێز بکات.