
فرسەت سەید شکور
نووسەر
هەرێمی کوردستان و پاراستنی هاوسەنگی لە نێو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا

جۆن کەنەدی، سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت “مرۆڤایەتی پێویستی بە جیھانێکی ئاشتی ھەیە و ئەو جیھانە لە دەست خۆماندایە."
بەهۆی پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سنوورێکی پڕ لە ئاڵۆزی و گرژی بووە، لە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل جەنگێکی (12) ڕۆژەی لێ کەوتەوە، کە کاریگەریی تەواوی لەسەر هەموو ناوچەکە هەبوو، بە تایبەت پەیوەست بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایش.
لەم نێوەندەدا، ئەوەی جێگەی بایەخ بوو، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بوو کە لە ڕوانگەیەکی پڕ لە ئاشتی و ڕاگرتنی باڵانسی هێزی هەرێمدا سەرچاوەی گرتبوو.
خۆ دوورگرتنی ژیرانەی هەرێم لەم گرژی و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە، ئەرکێکی ئاسان نەبوو، چونکە هێڵی تەماسی جەنگەکە بوو، لەم ڕووەوە دیپلۆماسییەت و سیاسەتی هاوسەنگانە، وای کرد هەرێمی کوردستان نەبێتە ئامانجی ڕاستەوخۆی هیچ لایەک.
ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هەرێمی کوردستان وەک “ناوچەیەکی دەگمەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ناسراوە کە لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە پێگەیەکی بەهێزی هەیە.
لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستان وەک “پەناگایەکی ئارام لە ناوچەیەکی پڕ قەیراندا” دەبینن، ئەمە بۆ خۆی دەرخەری ئەو ڕاستییە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ زیادبوونی ناکۆکی زلهێزەکان.
هەرێمی کوردستان، بە کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوە و فرەئایین ناسراوە، کە تیایدا کورد، عەرەب، تورکمان، و نەتەوەکانی تر بە هاوسەنگی دەژین. ئەم فرەچەشنییە یارمەتیدەر بووە لە دروستکردنی ژینگەیەکی ئاشتیانە و کەمکردنەوەی توندوتیژیی نەتەوەیی.
هەرێمی کوردستان بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیجییانە توانیویەتی ببێتە نموونەی “ئاشتی” و سەقامگیر لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و ناسەقامگیری وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژووییەکی زۆر دوور، «سەرۆک بارزانی» هەمیشە باوەڕی بە سیاسەتی ئاشتی و تەناهی هەبووە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەن دەسەڵات و هێزێکی سەربازیی پتەو بووە، بەڵام هەمیشە بیری ئارامی و ئاشتی لە فکری سەرۆک بارزانی زاڵ بووە، بەتایبەت لە قۆناغێکی دژواری “ئاسایش” و جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، سیاسەتی و ئەزموون و تێگەیشتنی وردی سەرۆک بارزانی، هەرێمی کوردستانی لە مەترسییەکان پاراست و لێ نەگەڕا هەرێمەکە نەبێتە گرفت و شوێنی یەکلایی کردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
دووربینی و تێگەیشتنە قووڵەکەی هەرێمی کوردستان، لە ڕوانگە و دیدی سەرۆک بارزانی سەرچاوە گرتووە کە هەمیشە خواست و ستراتیجیی سەرەکی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی بووە لە ئامانجی سەربازیی وڵاتانی زلهێز، ئەمەش بۆ ئەزموونە فراوانەکەی خودی سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە، کە هەردەم لە هزر و بیر و باوەڕ و کرداردا، حەکیمانە بڕیاڕی داوە و بژارەی ئاشتی بە ڕێگەچارەی ئاڵۆزییەکان دەستنیشان کردووە.
گرنگە ستراتیجیی و بەرنامەی سیاسی هەرێمی کوردستان بەردەوامیی بێت بەو ئاشتی و سەقامگیریی و ئارامییەی کە لە سنوور و ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و گرفتدا بنیادی ناوە. پاراستنی ئەو ئەزموونە ئاسان نییە، چونکە نەیاران بەردەوام هەوڵی تێوەگلانی لە ململانێکان دەدەن، دەرهاوێشتەکانی ئاشتی، بەهێزتربوونی پێگەی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لە دوماهیدا جەنگەکان، ڕکەبەرییەکان، ئاڵۆزی و ململانێکان کۆتاییان دێ، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە دەنگی دلێری ئاشتی و پاراستنی ئارامییە.