
د. سامان سۆرانی
نووسەر
بۆچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە سیستمێکی ئاسایشی هەرێمی بە کۆمەڵ هەیە؟

هەرچەند ئایندەی هەر ناوچەیەك گرێدراوە بە چەندین فاکتەری سیاسی و ئابووری و سەربازی و تەکنەلۆژی و هتد..، بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا لە ئێستادا ئایندەی ئەم ناوچەیە گرێدراوە بە فاکتەرێکی سەرەکی، کە بریتیە لە ئاسەوار و لێکەوتەکانی ئەو جەنگە 12 ڕۆژەی، کە لە 13ی حوزەیرانی 2025 لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد و پاش جاڕدانی سەرۆكی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، لە 24ی حوزەیرانی هەمان مانگ، بە گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەست، هەردوولا جەنگیان ڕاگرت.
شێوازی کۆتایی هێنان بەو جەنگە بە دڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێزی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە و ئایندەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
بەڵێ ئاگربەست پاش هێرشە سەربازییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر سێ بنکەی بەرنامە ئەتومییەکانی ئێران جاڕدرا، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوام بوو لە فراوانکردنی بواری ئامانجەکانی، تا ئەوەی فڕۆکەخانە و ناوەندەکانی سوپای پاسداران و بەسیج و زیندان و دامەزراوەی تری ئابووری پێکا، لە چوارچێوەی کۆنترۆڵێکی بێ سنووری ئاسمانی ئێران.
لە بەرامبەردا ئێران بە مووشەك هێرشی کردە سەر شارەکانی وەکوو تەلئەڤیڤ و حەیفا و بیر سەبع.
تا ئەم ساتەوەختە بە وردی ڕادەی زیانەکانی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرا نەبووە، هێشتا نازانرێ ئەو ئاگربەستە تا کەی بەردەوامی دەبێت و ئایا کار ڕایی سیاسی تر چی دەبێت و ئایا دانوستان ڕوودەداتەوە و دەرئەنجامەکانی چی دەبن.
بۆیە پرسیارکردن لەسەر ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شێوەی کاریگەری ڕووداوەکان لەسەر دووبارە پێکهێنان و دابەشکردنی فاکتەرەکانی هێز چۆن دەبن، ڕەوایەتی خۆی هەیە.
- پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئایا هەڵوێستی لایەنەکان چۆن دەبێت؟
ئێمە پێمان وایە لەسەر ئاستی جیۆپۆلتیکی زیاتر لە وەڵامێك هەیە بۆ ئەو پرسیارە، لای خۆیەوە ئیسرائیل هەوڵی ئەوە دەدات لەناو دیمەنی هەرێمی پێشەنگێتی خۆی بنوێنێ و بە پێی بەرژەوەندی و دیدگای کار بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی بکات. لەوانەیە لەژێر چاودێری ئەمەریکا و بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا هاوسەنگی هێز لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دابمەزرێ.
- ئیسرائیل هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ، بۆ لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران و کار دەکات بۆ هێنانە کایەی دۆخێك، کە تێیدا ڕژێم لە تاران بگۆڕدرێ، هەروەها دووبارە درووستکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو شێوەیەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو باسی دەکرد، دەکرێت یەکێکی تر بێت لە ئامانجەکانی ئیسرائیل، تا بتوانێ ڕزگاری بێت لەدەست سەرچاوەکانی هەڕەشەی سەربازی دژ بە وڵاتەکەی.
هەر بۆیە لە دوا سەردانی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا و دیداری لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ باسی لە پلانی ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان لە غەززە کرد بۆ وڵاتانی دراوسێ و قبوڵکردنیان بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە دۆسیەی فەڵەستین.
- سەبارەت بە ئێران، ئەوا تا ئەم ساتەوەختە هەر "تەسلیمبوونێکی بێ مەرج" ڕەت دەکاتەوە، کە لەلایەن دۆناڵد ترامپ پێشنیار کرابوو. لەهەمان کاتدا ئێران ئامادە نەبوو بخزێتە ناو ڕووبەڕوویەکی سەربازی کراوە لەگەڵ ئەمەریکا، بۆیە سەرکردەکانی بڕیاری ڕاگرتنی جەنگیان دا.
ئێران پاش ئەم جەنگە وەکوو هێزێکی هەرێمی بریندار و تا ڕادەیەك لاواز دەمێنێتەوە، بە تایبەتی کاتێ باڵەکانی لە ناوچەکە دووچاری داڕمان بوون. لەوانەیە ئێران کار بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی سیستەمی بەرگری بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی و بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی تا ئەوەی بگاتە ئەو قەناعەتەی کە گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی وەکوو کۆریای باکور پێویستە بۆ خۆ پاراستن و زامنکرندنی ئایندەی، بۆیە لە ئێستادا تاکتیکی ناهاوشێوە پەیڕەو دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ململانێیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
ئێران چاوەڕوانی ئەوەش دەکات، لە ڕێگەی دانوستانەوە هەندێ لە سزا ئابوورییەکان لەسەری هەڵبگیرێ و ئابوری ئەو وڵاتە دەرفەتی بووژانەوەی هەبێت، تا بتوانێ هەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوە زیاد بکات.
- هەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، ئەوا واشنتۆن توانی بۆ جیهان بیسەلمێنێ، کەوا تاکە زلهێزی نێودەوڵەتییە، کە دەتوانێ بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وەکوو هاوبەشێکی سەرەکی ململانێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکلا بکاتەوە.
- لە بەرانبەردا وڵاتانی عەرەبی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر قەتەریان ئیدانەکرد و بە پێشێلکردنی سەرەوەری ئەو وڵاتەیان زانی، ئەم هێرشەی ئێران ئەو هەستەی لای هەندی لە وڵاتانی عەرەبی درووست کرد، کە هێزی سەربازی ئێران جێگەی مەترسییە و ئەگەری بەکارهێنانی ئەو هێزە دژ بەو وڵاتانە وەکوو دەستێوەردانێك لە کاروباری ناوخۆییان بوونی هەیە. هەروەها وڵاتانی عەرەبی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێرانیان کرد ئەو هێرشانەیان بە دەستدرێژی بۆ سەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری خوێندەوە و دوای هێورکردنەوەی گرژییەکان و ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆیان کرد.
ئەم تایبەتمەندیانە وێنەیەکی نیگەران ئامێز و نائاسوودە سەبارەت داهاتووی کورتخایەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدەن، لە کاتێکدا ئیسرائیل و ئێران لە گۆڕەپانەکانی گشتیدا ئاهەنگی سەرکەوتنیان دەگێڕا.
لە ڕاستیدا ئەو جەنگە هەستی گومان و بێ متمانەیی لای کۆمەڵانی خەڵك قوڵتر کردووەتەوە و بۆتە مایەی دروستبوونی ناسەقامگیریی لە ناوچەکە.
پێدەچێت فاکتەری سەرەکی لەم بوارەدا پێگەی سەرۆک ترەمپ و توانای نوێنەرەکانی بێت بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکان بە شێوەیەکی هاوسەنگ، هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە وڵاتانی عەرەبی نزیک لە واشنتن ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕن لە پشتیوانیکردنی ئەم ئاراستەیە.
لەوانەیە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران پاڵنەرێک بێت بۆ خێراکردنی ڕێکەوتنێکی هاوشێوە، کە کۆتایی بە شەڕ و وێرانکاری لە کەرتی غەززە بهێنێت و بناغە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین دابنێت، چونکە ئەو شەڕە بە سەرچاوەی زۆرێ لە گرژییەکانی ناوچەکە دەبینرێت.
لە کۆتاییدا:
بەداخەوە ئەم ناوچەیە لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئەم ساتەوەختە هیچ ئارامییەکی بەخۆیەوە نەبینیوە و کەسانی وەکوو هێنری کیسنجەر، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بە سەرچاوەی ململانێیەکان لە جیهان دەبینی، کە زۆربەی ئەو ململانێیانە شێوەی کۆمەڵایەتی لە مێژینەیان لەخۆ گرتووە و چارەسەرکردنیان ئەستەمە، بۆیە گفتوگۆکردن لەسەر ناسەقامگیری ناوچەکە و سەرچاوە بەردەوامەکانی مەترسی و هەڕەشە شتێکی نوێ نییە. بەڵام ئەوەی تازەیە قەبارەی زیانە ماددی و مرۆییەکانە، کە لە ئەنجامی ئەو زیانانە درووست بوون، لە تەنیشت ئەوەشەوە ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەکە بڕیاریان داوە وەبەرهێنان لە گەشەپێدان و ئاشتی بکەن.
بۆیە بە گونجاو دەبینرێ باس لە پێویستی بوونی سیستەمێکی ئاسایشی هەرێمی بەکۆمەڵ بکرێت، کە میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی دروستکردنی متمانە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و لێکۆڵینەوە لە ڕەگ و ڕیشەکانی ململانێ درێژخایەنەکان لەخۆ بگرێت، کە وەکوو سەرچاوەیەک بەکاردەهێنرێن لە چوارچێوەی ململانێی تردا.