هەرێمی کوردستان و ستراتیژیی هاوسەنگی، هاوکاری و یەکسانی

هەرێمی کوردستان و ستراتیژیی هاوسەنگی، هاوکاری و یەکسانی
هەرێمی کوردستان و ستراتیژیی هاوسەنگی، هاوکاری و یەکسانی

ئەو پەرەسەندنانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەرێمی کوردستانیشەوە ڕوو دەدەن، خێران و لە سایەی ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی، کە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هاتووه‌تە ئاراوە، بێئەنجام نین. 

ئه‌نجامی ئەو پەرەسەندنانە لەسەر گۆڕەپانی عێراق خەریکە لە ڕێگەی هاوسەنگییەکی نوێوە دەردەکەون. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بانگەشەی هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ بنیاتنانی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، ئەگەر چی لەلایەکی ترەوە ژمارەی بنکە سەربازییە بیانییەکان لە ناوچەکە تا دێ هەڵدەکشێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستەوە خۆی لە سیاسەتی هاوپەیمانێتی و جەمسەرگیری دوور دەخاتەوە. سەرکردایەتیی سیاسی بە هەڵسەنگاندنێکی واقیع و کارلێکە سیاسییە خێراکان لە ناوچەکە  بە شێوەیەکی ژیرانە هەوڵ دەدات پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتە چالاکەکانی جیهان دروست بکات، بە شێوەیەك بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم بە پارێزراوی بمێنێنەوە و گەلی کوردستان بەرەو ئارامی و سەقامگیریی هەنگاو بنێت. 

هەرێمی کوردستان کار لەسەر پرۆژەکانی پەیوەست بە هاوکاریی ڕاستەقینە دەکات، چ لە ڕوانگەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە بێت یان بە برەودان بە سیاسەتی هاوسەنگی، هاوکاری و یەکسانیەوە بێت، ئەمە نە تەنیا لە عێراق بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە.

ئامانج لەو کارەی ڕزگاربوونە لە دەست کۆمپلێکسی فراوانخوازییەکان لەسەر حسابی ئەوانی دیكه‌ و پەیڕەوکردنی فەلسەفەی تەبایی و لێبوردەیی بووە بۆ فەراهەمکردنی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان گەلانی ناوچەکە و تەنانەت لە جیهان.

هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو ئەوەی سەلماند، کە دەروازەیەکی متمانەپێکراوی ئابوورییه‌ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشداربوویەکی کارا بووە لە دروستکردنی هاوسەنگییەکی کاریگەریی ئاسایشیی لە ناوخۆ و لە دەرەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان توانیویەتی هاوسەنگییەکی ستراتیژیی سەقامگیر لەم ناوچەیە بونیات بنێت. 

بۆیە بە دڵنیایەوە دەتوانین بڵێین، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بووە بە فاکتەرێکی سەرەکی لە پێوانەکردنی سەقامگیریی ناوچەکە، چونکە حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەی گشتی و کابینەی نۆیەمی ئەم حکوومەتە بە شێوەیەکی تایبەتی، سیاسەتی ڕێزگرتنی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ دەکات، دوور لە سیاسەتی کوتلەکاری و جەمسەرگیری بێبەرهەم. 

سەرکردایەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە هۆشیارییەوە دەڕوانێتە هەڵکەوتەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان (کە دەکەوێتە لێواری دوو ئیمپراتۆریەتی مێژوویی لەناوچوو و لەسەر چەقی شارستانیەتی بەرزی مرۆڤایەتی) و دەزانێت ئەم هەڵکەوتە جوگرافییە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر چارەنووسی دانیشتووانەکەی و ئایندەی سیاسی هەرێم هەیە.

بەهای جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی هەرێم، کە دەتوانێ کۆنترۆڵی دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، لەگەڵ ڕێڕەوەکانی و کلیلەکانی تێپەڕبوونی، کاریگەریی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری و جیۆپۆلەتیکی خۆیان هەیە.

گرنگە ئاماژە بەوەش بکەین، کە ناوچەیەك هەیە لەناو هەرێمی کوردستاندا کە پێگەیەکی سەرەکی هەیە لە بەستنەوەی گرنگترین وڵاتانی ناوچەکە بەیەکەوە (ئێران – عێراق – تورکیا). ئەو هاوسەنگییە ناوچەییە کاریگەری لەسەر هاوسەنگی نێودەوڵەتی هەیە، چونکە دەتوانێ پەیوەندی نێوان هێزە سەرەکییەکان ڕێکبخات، کە کۆنترۆڵی سیاسەتی جیهان دەکەن.

توانای سەرکردایەتیی سیاسی هەرێم لەوەدایە، کە دەزانێ قەبارە و ڕۆڵی هەرێم چەندە و چۆن بە پێی بەرژەوەندییە باڵاکانی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لەگەڵ ژینگەی عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی سوود لەم شوێنە جیۆستراتیژییە وەربگرێت. بەم شێوەیە پرەنسیپێکی گرنگ و بنەڕەتی دەستەبەر دەبێت، کە بریتیە لە پاراستنی هاوسەنگی لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتە جیاجیاکانی جیهان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دیدێکی ستراتیژیی هەیە بۆ وەبەرهێنانی هەموو تواناکانی لە پێناو بنیاتنانی هەرێمێکی مۆدێرن، کە بتوانێ ناوچەکە بەرەو پێشکەوتن و گەشەی شارستانییەتی ببات.

لە کۆتاییدا ستراتیژیی هاوسەنگی، هاوپەیمانی و یەکسانی لە مامەڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا گونجاوترین ستراتیژە بۆ هەرێمی کوردستان، کە لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا پەیڕەو بکرێت.