سەرۆك بارزانی و پارتی و گەلی کوردستان سێ گۆشەی شکۆمەندی و تێکۆشان

سەرۆك بارزانی و پارتی و گەلی کوردستان سێ گۆشەی شکۆمەندی و تێکۆشان
سەرۆك بارزانی و پارتی و گەلی کوردستان سێ گۆشەی شکۆمەندی و تێکۆشان

لە مێژووی نەتەوە و گەلاندا، هەندێ ڕۆژ بە تایبەتمەندی هەمیشەیی بەرجەستە کراون و بێ ئاگاداربوون تێناپەڕن، بەڵکو وەکو هێمای دیاری شکۆمەندی و خۆڕاگری لە یادەوەری کۆمەڵگە ڕەگ دادەکوتن.

 شانزەی ئاب یەکێکە لەو ڕۆژانەی، ناوی خۆی لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو دڵی گەلی کوردستان نەخشاندووە. 

لەم ڕۆژەدا لە ساڵی 1946 پریشکی هیوا بۆ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان داگیرسا، پارتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هەڵگری پڕۆژەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و دیموکراسی بووە و گوزارشتی لە ئاواتەکانی گەلی کوردستان کردووە بۆ ئازادی و دادپەروەری و شکۆمەندی. 

هەر لەو ڕۆژەشدا ڕێبەر و سەرۆک مەسعود بارزانی لە سکی ئازار و بەرخۆدان لەدایک بوو، لە سەرەتای گەنجییەوە ناوی وەکو پێشمەرگەیەکی دیار بە خەباتی کوردستانەوە بەسترا، بوو بە سیمبولی یەکڕیزی هەڵوێست و بەهێزی ویست و قووڵی ئینتیمای نەتەوەیی.

دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی پێداویستییەکی مێژوویی بوو بۆ گەلێکی بێبەش لە مافە سەرەتاییەکانی.

ئەم پارتە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەسەرکردایەتی باوکی ڕۆحی گەلی کوردستان، مستەفا بارزانی، لەسەر بنەمای ئیرادەی جەماوەری کوردستان و بە باوەڕی تەواوی بە دیالۆگ و دیموکراسی و ئامرازی شەرعی خەباتی سیاسی و سەربازی و ڕۆشنبیری ئەنجام داوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی نزیکەی هەشت دەیەی گەشتەکەیدا بە قۆناغی سەخت تێپەڕیوە و ڕووبەڕووی ستەمکاری و هێرشە دڕاندانەکانی ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عێراق  و هەڵمەتی ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و قەڵاچۆکردن و ئاوارەیی بووەتەوە، بەڵام لە هیچ قۆناغێ لە قۆناغەکان لە ئامانجی سەرەکی گەلی کوردستان پاشگەز نەبووەتەوە، بەڵکو هەمیشە لەپێشەوەی بەرگریکردن بووە لە ناسنامەی کوردستانی و مافی چارەی خۆنووسین و ئایندەسازی و دەوڵەتسازی. 

کاتێ باس لە سەرۆك بارزانی دەکرێت، پانۆرامای زیاتر لە پێنج دەیە لە خەبات و تێکۆشان لەناو چیاکانی کوردستانەوە تا گۆڕەپان و هۆڵەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی خۆی نمایش دەکات.سەرۆك بارزانی تەنها میراتگری ڕێبازی بارزانی نەمر نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنێکی زیندووی ئەو ڕێبازەیە، کە دلێری لە مەیدانی شەڕ لەگەڵ ژیری سەرکردایەتی و مکوڕبوون لەسەر خەبات و نەرمی نواندن لە دانوستاندا پێکەوە گرێدەدا. 

سەرۆك بارزانی سەرکردایەتی قۆناغی دوای ڕاپەڕینی کرد و بەشداری لە دامەزراندنی دامودەزگاکانی هەرێم کرد و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە ڕووبەڕووی تالنگارییەکی سەخت بووەوە و هەمیشە داکۆکیکاری یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوەکان و ئاینەکان لە کوردستان بووە.

 سەرۆك بارزانی باوەڕی تەواوی بەوە هەیە، کە کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە و کوردستان تەنها لەسەر بنەماکانی لێبوردەیی و فرەیی و دادپەروەری بونیاد دەنرێت و لەگەڵ ئەوەی دەنگی سەرۆك بارزانی لە هەموو وەرچەرخانێکی گرنگدا، بە هێمنی ماوەتەوە، بەڵام هەڵوێستەکانی بەردەوام یەکلاکەرەوە بوون. 

لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا سەرۆك بارزانی وەکوو پێشمەرگە و ڕێبەر ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا و وەکوو قەڵایەکی پۆڵایین بۆ پاراستنی گەلی کوردستان بەرگری هەڵبژارد. ووتەکانی کاریگەری چەک و بڕیارەکانی کاریگەری شاخیان هەبوو، ئەو پرنسیپی خۆنەچەماندنی کرد بە فەلسەفەیەك بۆ  پاراستی شکۆمەندی گەل و ڕەتی کردەوە گەلی کوردستان ملکەچی تیرۆری داعش بێت، دواجار ئەفسانەی داعش بە دەستی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە تێکشكێنرا.

هاوکات بوونی ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ لەدایکبوونی سەرۆك مەسعود بارزانی تەنها ڕێکەوتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو یەکتربڕێکی سیمبولی قووڵە، کە ڕەنگدانەوەی یەکڕیزیی پارتی و سەرکردەکەی و یەکڕیزی بیرو ڕێڕەو و یەکڕیزی شاخ و ئاڵایە. 

ڕاستە ئەم یادە دەرفەتێکە بۆ ئاهەنگ گێڕان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە، نوێکردنەوەی پەیمانی بەردەوام بوون لەسەر خەبات و یەکگرتن لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان. 

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئالنگاریانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، بەهاکانی ١٦ ی ئاب وەک چرایەك بە ڕووناکی دەمێننەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە هەتا کەسانێ هەبێت ئاڵای ڕێبازی بارزانی هەڵبگرن و بەردەوام بن لەسەر ڕێچکەی ئەو پارتەی، کە زادەی جەماوەری گەلی کوردستانە. ئەوا کوردستان بە سەروەری دەمێنێتەوە و ناشكێت. 

هەر شکۆداربێت ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و شکۆمەندی بۆ سەرۆك بارزانی. 

بژی کوردستان بە ئازادی و سەربەرزی.