گۆڕانکاری لە ماستەرپلانی پارێزگاکان دەکرێت

ژمارەیەک گوندی دەوروبەری شاری هەولێر، کە بەهۆی فراوانبوونی شارەوە ئێستا تێکەڵ بە گەڕەکەکان بوون، بەپێی گۆڕانکاری لە ماستەرپلانی پارێزگای هەولێردا بە فەرمی دەکرێنە گەڕەک. دانیشتووانی ئەو ناوچانە دڵخۆشن بەم بڕیارە و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە کوردستان24ی گوت: کە لیژنەیەکی تایبەت بە نوێنەرایەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە. باسی لەوەش کرد لیژنەکە لە ماوەیەکی کەمدا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە تێبینی و پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو گوندانە پێشکەش دەکات.

سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2012، ئەو زەوییانەی کەوتوونەتە ناو ماستەرپلانەوە، دەتوانرێت بەناوی ئەو هاووڵاتییانەوە بکرێن کە تێیدا نیشتەجێن.

هاوکات حاجی محەممەد یوسف، یەکێک لە دانیشتووە دێرینەکانی گوندی گردجووتیار، باسی لەوە کرد گوندەکەیان لە سەرەتادا تەنیا لە 20 ماڵ پێکهاتبوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و هاتنی خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانەوە، ئێستا ژمارەی ماڵەکانی گەیشتووەتە نزیکەی 3 هەزار ماڵ. دەشڵێت: خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەری هەولێر، مووسڵ و ناوچەکانی دیکەوە هاتوون و لێرە نیشتەجێ بوون، بۆیە شوێنەکە زۆر گەورە بووە.

هاووڵاتییانی دیکەش پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییە سوودێکی زۆری دەبێت. سیروان کەریم، یەکێکی تر لە دانیشتووان، دەڵێت: ئێمە حەز دەکەین گەڕەکەکەمان بخرێتە سەر هەولێر، چونکە شوێنەکەمان گەورە بووە و فراوان بووە.

تەنیا لە سنووری شارەوانیی شەشدا 12 گوند هەن کە بەهۆی فراوانبوونی شارەوە ئێستا حەرەمیان نەماوە و تێکەڵ بە گەڕەکەکانی هەولێر بوون. بڕیارە بەم گۆڕانکارییە لە ماستەرپلاندا، کێشەی خزمەتگوزاری و ئیداریی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت و وەک گەڕەکێکی ئاسایی هەولێر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment