زیندانی ئامەدی 'ژمارە 5' دەکرێتە مۆزەخانە
گرووپی هەوڵی مۆزەخانەی یادەوەری زیندانی ئامەدی ژمارە 5، لەبەردەم زیندانەکەدا کە دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی 1980 ئەشکەنجەی توند و دڕندانەی کوردانی تێدا کرابوو، ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، بەپێی داواکارییەکەیان، بڕیار دراوە زیندانی ئامەد بکرێتە مۆزەخانەی یادەوەری و لەمبارەیەوە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت ڕاپۆرتێکیان لە قوربانیان خواستووە و قوربانیانیش ڕاپۆرتێکیان پێشکەشی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار کردووە.
قوربانیانی زیندانەکە ڕایانگەیاندووە کە پڕۆسەی دروستکردنی مۆزەخانەکە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن. نورى سینیر، یەکێک لە زیندانییانی پێشووی زیندانی ئامەد، ڕایگەیاند: "گرنگ ئەوە بوو کە دۆخی ئەم شوێنە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەرژەوەندیی بازرگانی هەندێک کەسەوە. ئێستا ئەمە جێبەجێ بووە و دۆخی مێژوویی گۆڕدراوە و دەبێتە مۆزەخانە. لە ئێستاوە بەدواوە چی ڕووبدات، بۆ ئێمە سوودبەخشە."
ئەو کەسانەی لە زیندانی ئامەد ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توند ببوونەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە نەوەکانی نوێ بزانن چ جۆرە ئەشکەنجەیەکی دڕندانە لە زیندانەکەدا بە کورد کراوە، بۆیە بە گرنگ دەزانرێت ئەو زیندانەی لە جیهاندا دەنگدانەوەی هەبووە، بکرێتە مۆزەخانە.
ڕەفیک کاراکۆچ، زیندانییەکی دیکەی پێشووی زیندانی ئامەد، گوتی: "پێموانییە ئەو شتانەی لێرە ڕوویان داوە، لە شوێنێکی دیکە ڕوویان دابێت، هەموو شتێک لە کۆنترۆڵ دەرچووبوو. ئەو کەسانەش کە بۆ دۆزی کوردستان نەکەوتبوونە زیندان، ئەشکەنجە دەدران، چونکە پێیان دەوترا 'ئێوە کوردن'. ئامانج ئەوە بوو گەلی کورد لەناو ببرێت. بۆیە پێویستە گەلەکەمان بزانێت لێرە چی ڕوویداوە."
قوربانیانی زیندانی ئامەد جەخت دەکەنەوە کە گرنگ و بەنرخە زیندانی ئامەد بکرێتە مۆزەخانە، چونکە لێرە ویسترا ناسنامە و زمانی کوردی لەناو ببرێت، بۆیە پێویستە لە مۆزەخانەکەدا زمانی کوردیش هەبێت و هەموو دڕندەییەکان بە شێوەیەکی ڕوون لە مۆزەخانەکەدا باس بکرێن.