
د. سامان سۆرانی
نووسەر
سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، کە نموونەییەکی زیندووی کرانەوە و هاوسەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، توانی سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و ئالنگارییە سیاسی و ئابووری و داراییانەی، کە بەمەست دروستکران بۆ لاوازکردنی، توانی بە دیدێکی ستراتیژی ڕوون پێگەی هەرێم وەکوو یاریزانێکی چالاک و بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمایش بکات و بە مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان دەرکەوێ.
سەرۆك وەزیران، مەسرور بارزانی لە تەممووزی 2019 بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتیی حکوومەتی گرتە ئەستۆ، کابینەکەی بە ڕێبازێکی دیپلۆماسی کاریگەری لەسەر بنەمای دروستکردنی پرد لە جیاتی ململانێ و کرانەوەی بەڕووی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و کەلتوورییەکانی هەرێم بکات، حوکمڕانی کرد.
هەولێری پایتەخت لە ماوەی ئەم کابینەیەدا سەردانی فەرمی و چڕی سەرۆكی دەوڵەتەکان و باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتانی گەورە، لەوانە ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و وڵاتانی کەنداوی بەخۆوە بینیوە، و سەرەڕای هەبوونی گرژی و ئاڵۆزی دۆسییەکان لە ناوچەکە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی وەکوو تورکیا و ئێران بەهێزتر کردووە.
سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە داڕشتن و ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەرێم و لە زۆرێک لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا، وەکوو کەسایەتییەکی پێشەنگ دەرکەوتووە و بەمتمانە و میانڕەوییەوە نوێنەرایەتی ئاواتەکانی گەلی کوردستانی کردووە. لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان و بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بۆ پتەوکردنی ڕۆڵی هەرێم وەکوو هاوبەشێکی باوەڕپێکراو لە بواری ئاسایش و وزە و مافەکانی مرۆڤ.
بۆ نموونە، بەشداریکردنی لە "کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن" ئاماژەیەکی بەهێزی خواستی حکوومەتی هەرێمی خستە ڕوو، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە دیالۆگی جیهانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی. کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا بە سەرکردایەتی وەزیری دەرەوە و نوێنەرانی کۆنگرێس دەرفەتێک بوو بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەولێر و واشنتن.
بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنە دیپلۆماسییەکانی حکوومەتی هەرێم بەبێ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران لە چەسپاندنی سەقامگیریی ناوخۆیی و لەڕێگەی چاکسازیی ئیداری و دارایی و مۆدێرنکردنی ژێرخانی حوکمڕانی باش بەدەست نەدەهات، دیارە ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ قەناعەت پێکردنی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، تا بڕوا بەوە بهێنن، کە پڕۆژەی سیاسی هەرێمی کوردستان جدییە و توانای بەدیهێنانی گەشەپێدان و سەقامگیری هەیە.
یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم سیاسەتە واژووکردنی چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئابووری و وەبەرهێنان بوو لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامە لەگەڵ دوو گەورە کۆمپانیای ئەمریکی لە بواری وزە، بە قەوارەی 110 ملیار دۆلار.
ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەر بووە بۆ هاندانی بازاڕی ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنی کەرتی وزە و زیادکردنی هەلی کار، کە دواجار ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ئەرێنی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات و دەیسەلمێنێ کەوا هەرێم ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
لە کاتێکدا عێراق و ناوچەکە گرژیی بەخۆوە دەبینن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بەردەوام هەوڵی داوە ڕۆڵی نێوەندگیری بنیاتنەر ببینێت. لەپەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، حکوومەتی هەرێم گوتارێکی هاوسەنگی گرتۆتەبەر، کە خۆی لە جەمسەرگیری دوور دەخاتەوە و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت، ئەمەش وایکردووە متمانەی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بەدەست بهێنێت و هەرێم وەک فاکتەرێکی سەقامگیر لە ژینگەیەکی شڵەژاودا ببینێت.
لە کۆتاییدا، ئەو پێشکەوتنە دیپلۆماسییەی لە کابینەی نۆیەم دەستەبەرکراوە گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی چۆنێتی دەکات لە ئاراستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، چونکە تێڕوانین و دیدگای مەسرور بارزانی، کە لەسەر بنەمای واقعیەتی سیاسی و کرانەوەی پێوانەکراو دامەزراوە، نە تەنیا پێگەی هەرێم لەسەر نەخشەی دیپلۆماسی زەق دەکاتەوە، بەڵکو وای لێدەکات، وەکوو هاوبەشێکی گرنگ لە بواری وزە و ئاسایش و ئابووری لە ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ.
ئەم سەرکەوتنانە بناغەیەکی پتەو پێکدەهێنن، کە دەتوانرێت لە کابینەی دەیەمدا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوردستان وەک یاریزانێکی سیاسی بە ئەزموون، تا لەگەڵ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان کارلێکی ئەرێنی هەبێت و لەهەمان کاتدا ناسنامەی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بپارێزێت.