مەسرور بارزانی...کاتێ چاکسازی دەبێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی ڕاستەقینە

مەسرور بارزانی...کاتێ چاکسازی دەبێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی ڕاستەقینە
مەسرور بارزانی...کاتێ چاکسازی دەبێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی ڕاستەقینە

لە کاتێکدا پاشاگەردانی و گەندەڵی زاڵ بووە بەسەر گۆڕەپانی حووکمڕانی لە عێراقدا، دەبینین هەرێمی کوردستان بە هێمنی و باوەڕ بەخۆبوون بەرەو بنیاتنانی ئەزموونێکی سیاسی و ئابووریی جیاواز هەنگاو دەنێت. بانگەشەی بێ کەم و کوڕی ناکات، بەڵام هەوڵ دەدات کەم و کوڕی نەهێڵێت. 

لە چوارچێوەی ئەم ئەزموونەدا ڕۆڵی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بەڕێز مەسرور بارزانی وەکوو یەکێك لەو سەرکردە هەرە دیارەکانی هەرێم بەرجەستەیە، کە وشە بە کردار دەبەستێتەوە و چەمکی چاکسازی کردۆتە ئامرازێکی پراکتیکی بۆ گۆڕینی واقیعی هاووڵاتیانی کوردستانی، دوور لە بەکارهێنانی وەکوو دروشمێکی ڕووکەشانە بۆ هەڵبژاردن. 

دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی لە ساڵی 2019 لە پۆستی سەرۆک وەزیران، ڕووبەڕووی چەندین ئالنگاریی بێ وێنە بووەوە، لەوانە قەیرانی ئابووری سەخت، دابەزینی نرخی نەوت، زیادبوونی گرژی و ناکۆکیەکان لەگەڵ بەغدا، بڕینی بودجە و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها دابەشبوونی سیاسی ناوخۆیی، کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر بەڕێوەچوونی حکوومەت هەبوو. 

سەرەڕای هەموو ئەو ئالنگاریانە، سەرۆك وەزیران ڕێگەی چاکسازی دامەزراوەیی و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنان لە توانا مرۆییەکان هەڵبژارد، لە بری بەکارهێنانی قسەی پۆپۆلیستی و بڕیاری پینەکارانە و چارەسەری کاتی.

بەڕێز مەسرور بارزانی پرۆگرامێکی واقیعی حکوومی خستەڕوو بەئامانجی چاکسازی له بوارەکانی کارگێڕی و پەروەردە و ئابووری و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و خزمەتگوزاری.

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی ئەم چاکسازییانە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی بوو، لەڕێگەی بە دیجیتاڵکردنی سیسەتمی کارگێڕی و پەیوەندی ئەلیکترۆنی نێوان وەزارەتەکان و هەروەها بەرزکردنەوەی شەفافیەتی دارایی لەڕێگەی چالاککردنی دەستەی چاودێری دارایی و دەستپێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی لەبوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و وزە بەمەبەستی کەمکردنەوەی پشت بەستن بە داهاتی نەوت.

هەرچەندە مەبەست چاکسازییەکەی لە هەرێمی کوردستان تەنیا تەکنیکی نەبوو، بەڵکو لە چاکسازی بوو لە کڕۆکی سیاسی و نەتەوەییشدا. 

فەلسەفەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە هەستی هاووڵاتیبوون و ئینتیما بۆ نیشتمان بەهێز بێت و دەرگاکانی حکوومەتی هەرێم بەڕووی گەنجان و دەرچووانی تازەدا بکرێتەوە، بەتایبەتی لە بوارە گرنگەکاندا.

بڕیاری ئەم دواییەی بۆ دامەزراندنی 775 دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکان لە دامەزراوەکانی کەرتی تەندروستی حکوومی تەنیا دامەزراندنی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە دەڵێت: "هاووڵاتی پێش هەموو شتێکە و لێهاتوویی بنەمایە."

لە سایەی بێکارییەکی خنکێنەر، کە بەرۆکی عێراقی گرتووە و لە ژێر ڕۆشنایی نەبوونی هەلی کار کە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقی تەنیوە، ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی بایەخێکی کرداری حکوومەتە بە سەرچاوە مرۆییەکان و پابەندبوونە بە باشترکردنی واقیعی خزمەتگوزاری تەندروستی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە پێشتر بەدەست پەراوێزخستنەوە دەیانناڵاند. دیارە ڕێوشوێنی یاسایی گیراونەتە بەر بۆ خێراکردنی پرۆسەی دامەزراندنی ئەو دەرچووە لاوانە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئیرادەیەکی راستەقینە هەیە بۆ کارکردن، بەبێ دواخستن و بیرۆکراسی. 

ئەوەی ئیدارەی کابینەی نۆیەم لە کابینەکانی پێشووتر جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە بڕیارەکان سیاسی نین، بەڵکو جێبەجێکاری و کاریگەرن.

لە کاتێکدا بەغدا هێشتا بەدەست ئاڵۆزییەکانی پشک پشکێنە و تایفەگەری و ئیفلیجی یاسادانان دەناڵێنێ، هەرێمی کوردستان لە سایەی سەرکردایەتییەکی پابەند بە چاکسازی هەوڵی دامەزراندنی مۆدێلێکی جیاواز دەدات، کە پێویستە لەلایەن بەغدا وەکوو نموونە ئەزموونی لێ وەربگیرێت. 

ڕەنگە ئەم مۆدێلە کەم و کورتی هەبێت، بەڵام بەردەوام لە گەشەسەندندایە و لە ڕوانگەیەکی ستراتیژی ڕوونەوە سەرچاوەی گرتووە. سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاستەنگەکان ناشارێتەوە، بەڵام لەبەردەمیان ڕادەوەستێ. لە ڕێگەی کاری دامەزراوەیی، دروستکردنی پردی متمانە لەگەڵ هاوڵاتیان، بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ جیهان و سەپاندنی دیسپلینی کارگێڕی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕووبەڕوویان دەبێت.

لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی هەر ئەزموونێکی حووکمڕانی بە قسە ناپێورێت، بەڵکو بە ئەنجامەکانی لەسەر ئەرزی واقیع. کابینەی سەرۆك وەزیران، مەسرور بارزانی زیاتر لە بوارێك ئەوەی سەلماندووە، که حکوومەتی کرداره نەک بەڵێن.

دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژە پزشکییەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دیجیتاڵیزەکردن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەموو ئەمانە بەشێکن لەپڕۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیر بەئامانجی بنیاتنانی حکوومەتێکی دامەزراوەیی تۆکمە لە هەرێمی کوردستان، حکوومەت و هەرێمی تاکەکەسی. 

لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە، ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیانە بۆ حکومەتەکەی،  لە کاتێکدا ئەم متمانەیە لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا  بەرامبەر بە حکوومەتی فیدراڵ نەماوە.

بۆیە پشتیوانیکردن لەم ڕێچکەی چاکسازییە ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقییە، نە تەنیا لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بەڵکو، بۆ دروستکردنی مۆدێلێک، کە بتوانێت ئیلهام بەخش بێت بۆ تەواوی عێراق و ڕەنگە بۆ سەرجەم ناوچەکە.