
غازی حەسەن
نووسەر
هەڵبژاردن ببەمەوە، نەتەنیاهۆ دەگرم..!

بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بنەمایەکی زانستی و تەکنیک و تەکتیک و ستراتیژێکی بەهێزی لەپشتە، هەڵچوون و سۆز و یاریکردن بە عەقڵی دەنگدەر نییە و بەشێکی زۆری بانگەشە و گفت و تێڕوانینە سیاسی و ئابووری و کەلتووری و یاساییەکانیان لەدوای هەڵبژاردن جێبەجێ دەکرێن، چونکە دەنگدەر دەنگ بە بەرنامە و بۆچوونەکان دەدات و ئەگەر کاندێدەکان و لایەنە سیاسییەکان بەرنامەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن، سزایان دەدەن، نەک بە فشە و خۆفشکردنەوە و فووتێکردن و کوونەبایی لەخەیاڵ دونیایەکی جیاواز دروست بکرێت.
لەم وتارەدا ئاماژە بە هەواڵ و ڕاپۆرتی شیکاری دوو سەرچاوەی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی ڕۆژنامەی (زی نیۆیۆرک تایمز) و گۆڤاری (نیوزویک) دەکەم لەبارەی "بانگەشەکەی زهران مەمدانی کاندێد و نوێنەری دیموکراتەکان بۆ پارێزگاری نیۆیۆرک" ، کە ڕاشکاوانە گوتارێکی تووندی دژ بە ئیسرائیل هەیە و گوتیەتی: "ئەگەر لەهەڵبژاردن ببەمەوە، بڕیاری گرتنی نەتەنیاهۆ دەدەم و ناهێلم پێ بنێتە نێو نیویۆرکەوە".
ئەم کاندێدە ئەمەریکییە، لە نێوەڕۆکدا لە ئاخاوتنەکەیدا دەبێژێت بەتۆمەتی تاوانکاری لە غەزە، لە هەڵبژاردن ببەمەوە بڕیاری گرتنی نەتەنیاهۆ دەردەکەم و لێناگەڕێم پێ بنێتە نێو نیویۆرک. هەرچەندە وەکوو ڕۆژنامەکە بەپشت بەستن بە بۆچوونی یاساناسان دەڵێت: گرتنی نەتەنیاهۆ بەهیچ شێوەیەک ناکرێت، هەندێکیان دەبێژن ئەمە پێشێلی یاسای فیدرالییە. مەمدانی لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگ ئەم لێدوانەی داوە و پێی وایە لەم رێگەیەوە سۆزی دەنگدەر، ئەوانەی دژی ئیسرائیلن ڕادەکێشێت و بەم هەڵوێستە لە هەڵبژاردن دەیباتەوە. بەپێی ڕاپرسییەکان دیموکراتەکان دەیانەوێت شتێک نیشان بدەن، کە حکوومەتی فیدرالی نایکات. گوایە ئاماژەی بەهەمان شت دژی بۆتینیش کردووە و گوایە دەیەوێت شارەکە بکاتە "ناوەندێک بۆ داکۆکیکردن لە یاسای نێودەوڵەتی". بیرۆکەکە پێچەوانەی ئەم یاسایەیە، کە ساڵی ٢٠٢٢ دەرچووە و یاساکە بریتییە لە پاراستنی ئەندامەکانی هێزی چەکداری ئەمەریکا و بەڕوونی ویڵایەت و دەزگا نێوەخۆیەکانی ئەمەریکا قەدەغە دەکات، هاوکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەن، هەرچەندە هەموارکردنەوەی یاساکە ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات هاوکاری بکات دژی ئەوانەی تۆمەتبارن بە جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی". ڕۆژنامەکە دەبێژێت مەمدانی پشتی بەم دۆخە بەستاوە گوایە "نەتەنیاهۆ ئەو کاتەی لە سەر خاکی نیویۆرک بووە، بڕیاری سەربازی بۆ کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە". ترەمپیش گوتیەتی " باشترە مەمدانی ڕەفتار و ڕەوشتی خۆی چاک بکاتەوە، ئەگەر نا تووشی کێشەی زۆر دەبێتەوە" .
گۆڤاری نیوزویکیش دەنووسێت "هەرچەندە مەمدانی ڕووبەڕووی کاردانەوەی بەشێک لە دانیشتوانی نیویۆرک بۆتەوە، لەبەرانبەر هەڵوێستی لەشەڕی ئیسرائیل و حەماس، لەوانەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی گروپەکانی جووەکان بۆتەوە، لەکاتێکدا ئەمە ڕوودەدات کە پشتیوانی نەتەنیاهۆ لە ناوەخۆی ئیسرائیل و ئەمەریکاش کەمی کردووە. ناوبراو گوتی ئەگەر ببمە پارێزگار، نەتەنیاهۆ سەردانی نیویۆرک بکات، فەرمان بە پۆلیسی شارەکە دەکەم دەستگیری بکەن".
با سەرنجەکانی خۆمیش لەم بوارە بیر بهێنمەوە، بە کورتی و کوردی مەمدانی کە بەڕەگەز فەلەستینییە و هەنووکە وەکوو ئەمەریکییەک نوێنەرایەتی دیموکراتەکان لە نیویۆرک دەکات، ئەو دیموکراتەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو تووشی شکان و پاشەکشەیەکی مێژوویی گەورە هات، زرۆ زەحمەتە بە گوتاری لەم جۆرە بباتەوە. ئێمە دەزانین دووەم گەورەترین ڕەوەندی جووەکان لە نیویۆرک دەژین و بەردەوامیش کاریگەرییان لەسەر دەنگدان هەیە، نەک هەر ئەمەش بەڵكوو جووەکان لەنێو ئەمەریکا بەگشتی و بەردەوامیش کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبووە و بۆیە ئەوەی ڕوودەدات مەرج نییە بۆ ڕاستبوونەوە و بەهێزبوونەوەی دیموکراتەکان گوتارێکی سوود بەخش بێت، دوور نییە بەرانبەر ئەوە سەرۆک ترەمپ و کۆمارییەکان ئەم گوتارە وەکو گوتاری "ڕەگەزپەرستی و لایەنگریی لایەنێکی تیرۆریستی وەکوو حەماس" بۆ پاشەکشەی پتری دیموکراتەکان بەکاربهێنن.
مەمدانی ئەم هەڵوێستەی بەڕاشکاوی دژایەتی ئیسرائیلە و داکۆکییە لە غەزەی حەمساوی، واتا لایەنگرییەکی ئاشکرا لە گوتارە سیاسییەکەی هەیە، ئەم لایەنگرییە دوور نییە زیانی پێ بگەینێت، بەخەیاڵی ڕاکێشانی سۆزی پتری دیموکراتەکان و کۆمەڵگەی ئیسلامی و لایەنگرانی فەلەستین لەنێو نیویۆرک، مەگەر ڕوداوی دیکە بێنە پێشەوە و هاوکێشەکان لە قازانجی دیموکراتەکان بگۆڕێت، یان تا ڕۆژی دەنگدان کۆمارییەکان هەڵەیەکی گەورتر لەو هەڵەیە بکەن، کە لە گوتارەکەی مەمدانی هەیە. گریمانەی زۆر دەکرێت، ڕووداوەکان کاریگەرییان لەسەر هەڵوێست و بیرکردنەوە و بڕیاری دەنگدەر دەبێت.
گوتاری هەڵبژاردن و گفت و بەرنامەی هەڵبژاردنی هەر کاندێدێک و لایەنێکی سیاسی هەر تەنیا متمانە و ڕاستگۆیی پیادە ناکات، بەڵکو ئیلتیزامێکی ئەخلاقی و سیاسی گەورەی ڕاشکاوانەش پیادە دەکات و دەنگدەر چاودێری وردی ڕاستگۆیانەی، ڕاستگۆیی کاندێد و جێبەجێکردنی گوتارە سیاسییەکەیان دەکات. کاندێدیش بەئاشکرا و دوور لە دیپلۆماسیەت و پراگماتیکی ژمارەیەک کردەی بەکردەوە ڕادەپەڕێنێت، کە پەیوەندییان بە قسەکردن و ئاخاوتنەکانیانەوە هەیە. دیموکراتەکان هەموو شتێک دەکەن لەپێناو بەدەستهێنانەوەی متمانەی زۆرینەی دەنگدەر و وەرگرتنەوەی زۆرینە لە سەنات و کۆنگرێس و ئینجا سەرۆکی وڵات، بەرانبەر ئەوەش کۆمارییەکان بەهەموو توانایەکیانەوە کار بۆ پارێزگاریی لەم پێگەیە دەکەن، کە هەنووکە هەیانە.
گوتاری دژایەتی و لایەنگریی لە ئیسرائیل یەکێکە لە خاڵ و دیاردە باوە ئاشکراکانی نێو هەموو هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، هەر سەرۆکێک کە بیەوێت لە هەڵبژاردن بباتەوە و پێگەیەکی بەهێزی هەبێت، ڕاشکاوانە "رایدەگەیەنێت دۆست و هاوکار و پاڵپشتی ئیسرائیلە". ئەم گوتارەی مەمدانی بەرەگەز فەلەستینی پێچەوانەی ئەم گوتارە باوەی کۆمارییەکان تەنیا خودی دیموکراتەکانیشە، مەبەستم ئەوەیە خودی دیموکراتەکانیش خاوەنی هەمان گوتاری پاڵپشتی ئیسرائیلن و ناشتوانن سەنگەری دژایەتی لە ئیسرائیل بگرن، باشە دەبێت سەردەم و بیرکردنەوەکان گۆڕا ببن و من پێم نەزانیبێت، یان خودی مەمدانی قوورێکی مەترسیداری خەستی دیکەی بۆ دیموکراتەکان بەم لێدوانە گرتۆتەوە و دەپرسم چۆن دەتوانێت پێچەوانەی بیرکردنەیوە حزبەکەی و شەپۆلەکان مەلە بکات، یان بەکردەوە ئەم فۆرمە تێک دەشکێنێت، کە وەکوو فۆرمێکی باوی بەردەوام لەنێو ئەمەریکا پیادە دەکرێت. دووریش نییە ئەم گوتارە تووندە، دژ بە ئیسرائیل و لایەنگیریی بۆ حەماس ببێتە هۆکار بۆ پاشەکشە و دۆڕانێکی دیکە لەهەڵبژاردن و پتر ماڵی دیموکراتەکان وێران بکات و بەمە خزمەتێکی خۆڕایی کۆمارییەکان و سەرۆک ترەمپ بکات.
لەبیری نەکەین گوتاری تووندتیژی، کردەی تووندتیژی بەرهەم دەهێنێت و شتێکی ڕەوایە گریمانەی ئەو بکرێت لەنێو ئاژاوەی تووندوتیژی لەنێو ئەمەریکا ئاژاوەیەکی پەیوەست بەم جۆرە بیرکردنەوە و گوتارە دروستت ببێت و ترەمپ بڕیاری بەکارهێنانی سوپا بدات و بەمەش پێگەی دیموکراتەکان بچووکتر بکاتەوە.