
د. سامان سۆرانی
نووسەر
سەرۆک بارزانی و عێراق.. تێڕوانینێکی ستراتیجی بۆ داهاتوو

لە ناوچەیەكی پڕ لە ململانێ، کە تێیدا جەمسەرگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی چڕ بووە، ناوی سەرۆك مەسعود بارزانی وەکوو ڕابەر و مەرجەع، بەهۆی ئاوێتەکردنی ژیریی سیاسی و میراتی خەبات و تێکەڵکردنی فەلسەفەی پراگماتیزم و تێڕوانینی ئایندەیەکی سەقامگیرتر و دادپەروەرانەتر، دەدرەوشێتەوە.
سەرۆك بارزانی، زیاتر لە شەش دەیەیە وەکوو پێشمەرگە بە بەردەوامی پاڵپشتیی گەلی کوردستان و بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانی کردووە، هەرگیز هاندەری لێکترازان و درووستکردنی گرژی و ناتەبایی نەبووە، هەمیشە باوەڕی بە چارەسەری بەردەوام بووە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای ئاشتەوایی و لێکگەیشتن و دانپێدانان.
یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی سەرۆك بارزانی بریتییە لەوەی، لە کاتی قەیران و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە گەورەکاندا پابەند بووە بە چارەسەری ئاشتیانە و سیاسی، چ لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقی فیدراڵ بووبێت یان لە کاتی بوونی کێشە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆك بارزانی، لە ساتە گرنگەکاندا دەنگی حیکمەت و عەقڵانییەتی هەڵبژاردووە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەهێزی گەلی کوردستان و سەروەری تەنها بە خەباتی چەکداری نابێت، بەڵکو بە پڕۆژەی سیاسی دادپەروەرانە دەبێت، بۆیە هەمیشە داکۆکی لە دروشمی هاوبەشی ڕاستەقینە و هاوسەنگی کردووە و بەرەنگاری سیاسەتی پەراوێزخستن و تاکڕەوی بووە.
ڕەنگە دیارترین خەسڵەتی هزری سیاسی سەرۆك بارزانی، توانایی بێت لە خوێندنەوەی وردی بۆ دیمەنی عێراق و ناوچەکە، ستراتیج بەشێوەیەك دەگونجێنێت لەگەڵ واقیع، کە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لەناو عێراقێکی فیدراڵدا بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
سەرۆك بارزانی، ناڕوانێتە عێراق وەکوو قەوارەیەك، کە لەسەر بنەمای ژمارە و مەزهەب دامەزرابێت، عێراق وەکوو پرۆژەیەك دەبینێت، کە دەکرێت بە دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی و دەستوور لەو قەیرانە سیاسییەی ڕزگار بکرێت، کە لە ئێستادا بەرۆکی گرتووە.
ئەی سەرۆك بارزانی چۆن دەڕوانێتە ئایندەی عێراق؟
سەرۆک بارزانی، پێیوایە ئایندەی عێراق بەندە بە بنیاتنانەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای داننان بە فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و بەدەستهێنانی شەراکەتی ڕاستەقینە لەنێوان پێکهاتەکاندا، دوور لە عەقڵییەتی پەراوێزخستن و تاکڕەوی و خۆسەپاندن. هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە گەلی کوردستان کەمینەیەک نییە، کە داوای ماف بکات، بەڵکو گەلێکی ڕەسەن و هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی عێراقی نوێدا، بۆیە پێویستە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە تەنها هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە، بەڵکو لە ناوەڕاست و باشووری عێراقی فیدراڵیشدا بەرجەستە بێت.
سەرۆك بارزانی، وای دەبینێ، کە یەکڕیزیی عێراق دەبێت خۆبەخشانە بێت و لە قەناعەت و دادپەروەرییەوە سەرچاوە بگرێت، نەوەك لە ڕێگەی بەکارهێنانی فشاری ئابووری و هێزی چەک و زمانی هەڕەشە یان بە سەپاندنی ناوەندێتی ڕەها بە عەقڵییەتێکی باڵادەستی، دوور لە مافی شارستانییەت و دیموکراسی.
بۆ ئایندەیەکی سەقامگیر، سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر سێ فاکتەری سەرەکی دەکاتەوە :
- پابەندبوون بە دەستووری عێراق وەکوو گرێبەستێکی سیاسی، کە پێکهاتەکان کۆ دەکاتەوە و جێبەجێکردنی ماددەکانی بە تەواوەتی بێکەم و زیاد.
- زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە سامانە سروشتییەکان و هێزی پێشمەرگە و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
- واڵاکردنی دەرگاکان بەسەر دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر، دوور لە پەراوێزخستن و تۆمەتی خیانەت، بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی ڕاستەقینە و پرۆژەیەکی نیشتمانیی کۆمکار.
لەگەڵ ئەوەی هەندێ لایەن هەوڵ دەدەن بانگەوازەکانی سەرۆک بارزانی بۆ دیالۆگ وەکوو جۆرێک لە تەنازول وێنا بکەن، بەڵام ئەم بژاردەیە لە پێگەی هێز و متمانە بەخۆبوونەوەوە سەرچاوە دەگرێت، نەوەك دەستەبەرداری.
دیالۆگ هەرگیز لاوازی نییە، بەڵکو بوێرییەکی سیاسییە، بەتایبەتی کاتێک لەلایەن کەسایەتییەکەوە دەستپێشخەری بۆ دەکرێت، کە خاوەنی شەرعییەتی گەل و ئەزموونێکی سیاسی قووڵ و متمانەیەکی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەبێت.
لە کۆتاییدا:
لە سەردەمێکدا کە هاوپەیمانێتییەکان دەگۆڕێن و دیمەنی سیاسی ئاڵۆزتر دەبێت، تێڕوانینی سەرۆك مەسعود بارزانی وەکوو ڕووناکییەکی هێمن دەمێنێتەوە لە تونێلێکی پڕ لە ناڕوونی. سەرۆك گرەو لەسەر ئاژاوە و پاشاگەردانی ناکات و سەرمایەگوزاری لە قەیرانەکاندا ناکات، بەڵکو پرۆژەیەکی عەقڵانی پێشکەش دەکات، لەسەر بنەمای هاوبەشی و شکۆمەندی مرۆڤ و سەروەری یاسا.
سەرۆك بارزانی، پێی وایە داهاتووی عێراق پێویستە لەسەر وێرانەکانی ئەوانی تر بنیات نەنرێت، بەڵکو لەسەر پردی متمانە و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و گەڕانەوە بۆ دەستوور وەکوو سەرچاوەیەکی حوکمڕانی نەك وەکوو بەڵگەنامەیەکی ڕووکەش.