
ئاسۆ حاجی
نووسەر
لاوان وەک هێزی گۆڕانکاری لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە "تێدئێکس نیشتمان"

لە زۆربەی گوتارەکانیدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەشی زۆر و گرنگی گوتارەکەی ئاراستەی توێژی لاوان دەکات. کە نوێنەرایەتی هێزی زیندوو و دەنگ و ڕەنگی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە دەکەن. مەسرور بارزانی وەک تەنها توێژێک و نەوەیەک تەماشای لاوان ناکات و بەرخوردیان لەگەڵ ناکات، کە چاوەڕوانی دەرفەت دەکەن، بەڵکو وەک سەرمایەیەکی ستراتیژی و هێزێکی ئامادەی هەبوو بۆ بنیاتنانی ئایندە باوەڕیان پێ دەکات.
مەسرور بارزانی هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لاوان بناغە و داینەمۆی گۆڕانکاری و چاکسازییەکانن، توانای پاراستنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانن، لە ڕێگای بیر و تێهزرینی نوێ و دوو لە خۆ دووبارە کردنەوە و دوورەپەرێز بوون. بەو باوەڕە داوای وەبەرهێنان لە توانا و باوەڕی گەنجان دووپات دەکاتەوە. لە ڕێگای ڕەخساندنی کەشی لە بار و هاندانیان بۆ بەدیارخستنی داهێنان و کارەکانیان، بۆ ئەوەی ببنە هاوبەش و خاوەنی ڕاستەقینەی داڕشتنی بڕیارە سیاسی و ئابوریەکان.
ئەو گرنگیدانە، لاوان دەخاتە ناو چەقی پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردی هاوچەرخ، هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاو و بەرجەستەیان پێدەدات، کە تەجاوزی سنووری دروشم و وشە و چەمکە بە بریق و باقەکان دەکات، بە ئارستەی پێ سپاردنی ئەرک و بەرپرسیارەتی ڕاستەخۆ لە داڕشتنەوەی ئیرادەی گشتی و زاکیرەی گشتی. لێرەدا گوتارەکەی مەسرور بارزانی دوو ئاراستە وەردەگرێت: یەکەمیان، دڵنیایی دانە بە کۆمەڵگە، کە ئایندەیان لە دەستی ئەمین دایە. دووەمیان، هاندانی گەنجانە بۆ ئەوەی ببنە ئەو پاڵەوانانەی کە ئایندە دروست دەکەن.
بە بۆچوونی من، لایەنی هەرە بەهێزی ئەو گوتارەی مەسرور بارزانی، ئەوەیە کە لاوان ناخاتە پێگەی پاشکۆیەتی و ڕاپەڕاندنی ئەرکی یاریدەدەری. بەڵکو وەک هێزی تەواوکاری و خولقێنەر باوەڕی پێیان هەیە، سەرۆک وەزیران باوەڕی وایە، کە لاوان هیوایەکی دواخراو نینە، بەڵکو حەقیقەتێکی هەبوو و هەنووکەینە، کە ستوونی سەرەکینە بۆ مانەوەی قەوارەی دەستوری کوردستان و پێشخستن و گەشەپێدانی.
لەو سەردەمەی کە ڕکابەری توند لە نێوان گوتارە سیاسییەکان هەیە، کە بەسەر گوتاری خۆڕادەستکردن و گوتاری خۆنەچەماندن دابەش بووینە. گوتارەکەی مەسرور بارزانی لەو گۆشەنیگاییەوە بە لاوان دەڵێت: “ئێوە ئیرادەی ئێمەن” ئەو چەمکە تێگەیشتن و فەلسەفەی سیاسی مەسرور بارزانی کورت دەکاتەوە، لەوەی کە گۆڕان و چاکسازی و گەشەپێدان لە چاوەڕوانی نەوەکانی داهاتوو دا نابێت، بەڵکو لە هەنووکەوە دەست پێدەکات، لە هزر و بیری هەر کچ و کوڕێکی گەنج، کە باوەڕیان هەیە ئایندەی کوردستان کوردستان بە دەستی ئەوان دەنووسرێتەوە و مسۆگەر دەکرێت.