
د. سامان سۆرانی
نووسەر
بۆچی گرنگە گەلی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات؟

لە سایەی ئەو فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییەی، کە عێراق پێی تایبەتمەندە پرۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی فیدراڵی وەکوو ی بابەتێکی سەرەکی بۆ گەلی کوردستان دەمێنێتەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا زۆرێک لە هاوولاتیانی هەرێمی كوردستان دەپرسن، بۆچی دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگ بەپەرلەمانی عێراقی فیدراڵ بدەن، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکوومەتی تایبەت بەخۆی هەیە، ڕەنگە ئەم پرسیارە لەڕووی پرەنسیپییەوە ڕەوا بێت، بەڵام لە ناخیدا ڕەهەندی سیاسی و ستراتیجی قووڵ لەخۆ دەگرێت، سەبارەت بەئایندەی عێراق وەکوو دەوڵەتێکی فیدراڵ و مافەکانی گەلی کوردستان وەکوو هاوبەشێکی سەرەکی لەناو ئەم سیستمەی، کە دوای 2003 دامەزراوە.
بە پێی دەستوری ساڵی 2005 قەوارەی گەلی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراق بەشێکه له پێکهاتەی نیشتمانیی عێراق، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ کاریگەری لەسەر بڕیاردانی نیشتمانی، کە تیایدا یاسا و سیاسەتەکانی کاریگەری لەسەر هەموو هاووڵاتیان تاوتوێ دەکرێت.
لەغیابی بەشداریکردنی نوێنەرانی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕەنگە گەلی کوردستان دەنگی خۆی لەدەست بدات، لە بابەتەکانی پەیوەست بە بودجە و ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و پرۆژەکانی گەشەپێدان، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.
بەشداریکردنی گەلی کوردستان لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی فیدراڵ پشتیوانی کوردستانیانە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بۆ پرەنسیپی فیدراڵیزم وەکوو میکانیزمێکی هاوچەرخ بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمەکان لەناو دەوڵەتی فیدراڵ. ئەم سیستەمە ڕێگە دەدات بە هەرێم و پارێزگاکان، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، لە زۆربابەتی ناوخۆییشدا حوکمڕانیی سەربەخۆیان هەبێت، گەلی کوردستان بەپشتیوانی پەرلەمانی فیدراڵی دەتوانێت لەچوارچێوەی ئەم سیستمەدا مافەکانی خۆی بپارێزێت و دڵنیایی بدات لەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی دەستوور بۆی دەستەبەر کردووە پێشێل نەکرێت.
هەروەها هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی دەرفەتێک دەڕەخسێنێ بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی مافه یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان. بۆ نموونە بودجەی فیدراڵی عێراق، کە پشکی هەرێمی کوردستان لەسەرچاوە داراییەکان لەخۆدەگرێت، لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵی دیاری دەکرێت، بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنانەدا دڵنیایی دەدات، کە گەلی کوردستان لەم پەرلەمانەدا نوێنەرانی کارای هەبێت، کە پەرۆش بن بۆ جێبەجێکردنی ئەو مافانەی، کە دەستوور دەستەبەری دەکات، لەوانەش دەستەبەرکردنی بەشێکی دادپەروەرانە لە دابەشکردنی داهاتی نەوت و گاز.
لە ڕێگەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە فیدراڵییەکان، گەلی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراق بۆ دامەزراندنی سەقامگیری سیاسی و گەشەپێدانی بەردەوام.
هەروەها پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ ئەگەر سەروەر بێت، ئەو گۆڕەپانەیە، کە دەتوانرێت لەناویدا ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە گەشەپێدان و ئاشتەوایی نیشتمانی بگەنە ڕێککەوتن.
مێژووی سیاسیی عێراق، بەتایبەتی لەڕووی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چەندین گرژی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشدارییەکی کاریگەر لە هەڵبژاردنە فیدراڵییەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بنیاتنانی متمانەی هاوبەش لە نێوان لایەنە جیاوازەکان.
لەڕێگەی نوێنەرایەتی چالاکانەی گەلی کوردستان و یەکگرتوویی نوێنەران لەپەرلەمانی عێراق دەتوانرێت جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر مسۆگەر بکرێت و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی وەکوو جێ بەجێکردنی ماددەی 140 و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و ڕێکخستنی بەشە بودجەی هەڕێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵ و بابەتی تر.
ئەگەر چی هەرێمی کوردستان دەوڵەت ئاسا لە زۆر ڕووەوە سەربەخۆیە و مافی بڕیاردانی هەیە، بەڵام چەندین بڕیاری گرنگ لەسەر ئایندەی هەرێم لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ دەدرێت، بۆیە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی فیدراڵ نوێنەرایەتیەکی ڕاستەقینە بە گەلی کوردستان دەبەخشێت لەپرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئاستی فیدراڵ و بەرژەوەندییەکانی هەرێم لەبوارە جیاجیاکانی وەکوو ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و گەشەپێدانی ئابووری مسۆگەر دەکات.
لەڕێگەی ئامادەبوونی کارا لەناو پەرلەمانی فیدراڵ کوردستانیان دەتوانن فشار بخەنە سەر گۆڕانکاری و چاکسازی لەو بوارانەی، کە پەیوەندییان بە هەرێمەوە هەیە، لەوانەشە پەرەپێدانی میکانیزمەکانی دابەشکردنی سامان لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان یان دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی دەستووری عێراقی پەیوەست بە هەرێم لەخۆ بگرێت.
پەرلەمانی فیدراڵی ئامرازێکی یاساییە، کە دەتوانرێت بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییانە بەکار بهێنرێت.
جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقی فیدراڵ، بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە چارەسەری بنەڕەتی گرژی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەڕانەوەیە بۆ سێ پرەنسیپ (هاوبەشی، هاوسەنگی و تەبایی)، کە ئەم جارە بووە بە دروشمی لیستی ژمارە 275 پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها پابەندبوونە بە دەستوور.
لە کۆتاییدا، دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ تەنها کردارێکی هەڵبژاردن نییە. هەنگاوێکی ستراتیجییە، کە ڕەنگدانەوەی خواستی گەلی کوردستانە بۆ پاراستنی مافەکانی لەناو سیستمی عێراقی فیدراڵ و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە پرۆسەی بڕیاردانی فیدراڵیدا دەرفەتێکە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی هەرێم و عێراقێکی دیموکرات، کە مافی پێکهاتەکانی دەستەبەر بکات.
دواجار سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستانە