بۆ دەنگی من بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بێت؟

بۆ دەنگی من بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بێت؟
بۆ دەنگی من بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بێت؟

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11 ی تشرینی دووەمی 2025 گرینگە ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانە لەبەرچاو بگیرێن، کە هەر لایەنێکی سیاسی پێشکەشی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات. 

لەنێو حزبە کوردستانییەکاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لە دیارترین هێزە سیاسییەکان، کە بە درێژایی چەندین دەیەیە پابەندبوونێکی نەگۆڕی بە دیموکراسی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان نیشانداوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی 1946 ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لەخەباتی گەلی کوردستان لەپێناو مافە سیاسی و کەلتوورییەکانیان و بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەسەرتاسەری عێراق خەباتی کردووە و یەکێك بووە لەهێزە هەرە سەرەکییەکانی ڕزگارکردنی گەلی کوردستان لە کۆت و بەندی ڕژێمی دیکتاتۆری. 

پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی ڕابەری روحی و سەرکردەی مێژوویی مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی هەمیشە زیندوو و جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بناغەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردستانی دانا و گەلی کوردستانی بەرەو سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و ئیداری برد و هەرێمی کوردستانی وەکوو قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆی دامەزراند، کە ئەمرۆ خاوەن مافە دانپێدانراوەکانێتی لەناو دەستووری عێراقی فیدراڵ. 

لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەڕای ئالنگاری و هەڕەشە دەرەکییەکان، تاکە هێزی سیاسییە، کە سەقامگیری و ناسنامەی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.

سەرۆك مەسعود بارزانی، کە لە قۆناغێکی هەستیاردا سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی گرتە ئەستۆ، مۆدێلێکی بێهاوتای سەرکردایەتی ژیرانەی پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردستانی کرد، خواستی نەتەوەیی و ژیری سیاسی تێکەڵ کرد. 

سەرۆك بارزانی نە تەنیا سەرۆکی پارتییە، بەڵکو وەکوو مەرجەع بە سیمبولی خەباتی سیاسی و ڕزگاریخوازی کورد لەسەر ئاستی عێراق و هەموو ناوچەکە دادەنرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەو کاتەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم گرتۆتە دەست، کاری بۆ بەهێزکردنی ستراکچەری دیموکراسییەت لە کوردستان کردووە، زامنی ئەوە بووە هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد ئەنجام بدرێت و دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکان پەرەیان پێبدرێت و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە جێی شانازیمان بێت. 

یەکێك لە گەورەترین دەستکەوتەکانی حکوومەت به سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سه قامگیریی ئاسایشییە له هەرێم، که لە ڕێگەی بنیاتنانی هێزی پێشمەرگە و بەهێزکردنی توانای بەرگریکردنیان بەدەستهینڕاوە، بەو شێوەیە هەرێم توانی خۆی لەهەڕەشە ناوچەیی و جیهانییەکان بپارێزێت، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئاسایشییەکان، بەتایبەتی لەکاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە 2014.

لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆك بارزانی توانرا ئەفسانەی داعش تێکپشکێنرێت و بۆ جیهانی ئازاد بسەلمێنرێت، کە هێزی پێشمەرگە بەرگری لە سەرجەم مرۆڤایەتی دەکات. 

بە پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە حەکیمانەی جەنابی سەرۆك هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی له بواری ژێرخانی ئابووری به خۆوه بینیوە ،کوالیتی ڕێگاوبان و پردەکان باشتر کراوە و پڕۆژەی گەورە لەبوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پەروەردە و تەندروستی دروستکراوە، دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و ئاوی بەردەوام و پاراستنی ژینگە بەرهەمی حوکمڕانی پارتی و سەرۆکێ حکوومەت مەسرور بارزانی یە.

بەکارهێنانی سەرچاوەکانی هەرێم لەبوارەکانی وزەو نەوت یارمەتیدەر بووە لەدامەزراندنی بنکەیەکی ئابووری بەهێز، سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییانەی، کە لە چەند ساڵی ڕابووردوو بەهۆی سیاسەتی بەغدا و بارودۆخی سیاسیی عێراق سەریانهەڵدا. 

لەڕووی سیاسییەوە حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پەرۆشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بەهێزەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی گەورەی وەک ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی دۆست.

سەرۆک مەسعود بارزانی بەوە ناسراوە، کە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم توانای دروستکردنی هاوپەیمانێتی دیپلۆماسی هەیە،  بەو هۆکارە پێگەی کوردستانی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بەهێز کرد. 

لە هەڵبژاردنەکانی 11 ی تشرینی دووەمی 2025 گرنگە ئەوەمان لەبیر نەچێت، کە پشتیوانیکردن لەپارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا پشتیوانیکردن نییە لە تاکی سەرکردەکانی پارتی، بەڵکو پشتیوانیکردنە لە دیدێکی ڕوون بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ساتەوەختێکی گرنگە لە مێژووی کوردستاندا و پێویستە بەردەوام بین لەسەر ئەم ڕێچکەی سەقامگیری و پێشکەوتنە. 

بەدەنگدانمان  بە پارتی دەرفەت بۆ پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیری هەرێم دەڕەخسێنین و دڵنیایی دەدەین، کە مافەکانی گەلی کوردستان لەدەستێکی پارێزراودا دەمێنێتەوە، کە کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و پاراستنی ئایندەیان دەکات. 

پشتگیریکردن لە پارتی مانای پشتیوانیکردنی ئەو بەهایانەیە، کە پارتی لەسەری دامەزراوە: ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری.

با هەموومان لە 11 ی تشرینی دووەمی 2025 دا بەشێك بین لەم گەشتە مێژووییە و پێکەوە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین بۆ ئایندەیەکی گەش و پرشگدار.

بژی کورد، بژی کوردستان