
هەڤند بەیار ئیبراهیم
نووسەر
حکوومەت خێری بۆ ئێوەش هەیە

لە بەرواری 10ی تەممووزی 2019ـەوە تا ئەمڕۆ، کابینەی نۆیەم سەدان پڕۆژەی جێبەجێ کردووە و سەدان پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان، پڕۆژەکانی حکوومـەتی هەرێم بوونەتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانییەوە.
لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا، خزمەتگوزارییەکانی ڕێگاوبان، ئاو، کارەبا، ئەمن و ئاسایش، هەموو خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک بە شێوەیەکی زۆر باش گەیەندراونەتە هەموو کۆڵان و گەڕەکەکانی شار و شارۆچکە و گوندەکانی ئەم وڵاتە.
لەم کاتەدا کە عێراق بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکان خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقن، سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەم ڕۆژانە لە شوێنە جیاجیاکان سەرقاڵی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ دوورترین و پشتگوێخراوترین گۆشەکانی هەرێمی کوردستان. لەم ساتە ناسکەدا، پێشەنگی کارەکانی کابینەی نۆیەم و سەرۆک وەزیران بریتییە لە تەواوکردنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان بۆ خەڵکی کوردستان.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە کاتێکدا سەرۆک وەزیران خەریکی خزمەتکردنی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانە، هەندێک حزب و لایەنی سیاسی سەرقاڵی ئەوەن خۆیان بکەنە خاوەنی پڕۆژەکانی حکوومەت. هەمان ئەو لایەنانەی ئەمڕۆ خۆیان بە خاوەنی ئەم پێشکەوتنەی ئێستای کوردستان دەزانن، پێشتر و ئێستاش لە هەمان پێگەی دەسەڵات بوون و هەن، بەڵام هیچ دەستکەوت و شوێنپەنجەکیان نەبینراوە. هەندێک لایەنی دیکەش کە دژایەتیی دەستکەوت و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم و نکوڵیکردن لە ئەدای حکوومەتیان پێ ناکرێت، ئەدای حکوومەت وەک دەرئەنجامی فشاری خۆیان وەسف دەکەن.
خەڵک لەوە تێگەیشتووە کە کام حزب و لایەن خەمی خەڵک و خاکی کوردستان هەڵدەگرێت، لەبیریانە لە شەڕی داعشدا کێ بەرگریکاریی کورد و کوردستان بوو و کێ خیانەتکار بوو، کێ پارێزەری کوردانی هەرچار پارچەی کوردستان بوو و کێ هاوخەمی کۆنە دوژمنەکانمان بوو. لەبەرچاویانە کێ ئەندازیاری ڕێگاوبان و کارەبای 24 سەعاتی و پڕۆژەکانی ئاو و سیستەمی بانکی و حکوومەتی دیجیتاڵی و باشترکردنی کوالێتی کەشوهەوا و سەوزکردنی شارەکان و بەرەوپێشبردنی ئاستی پەروەردە و دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستییە.
ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات شاهیدن لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە جیهان، هەر ئەوان شاهیدن کێ هەستی نەتەوەیی لەناو دڵی ڕۆڵەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات برەو پێ دەدات و کێ لە کوردستان و عێراق و ئاستی نێودەوڵەتییش بووەتە هاوهەڵوێستی دژە کوردەکان.
سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییە و ئەو هەموو ئاستەنگ و قەیرانانەی بوونەتە بەربەست بەرامبەر کابینەی نۆیەم، هیچ حیزب و لایەنێک لە تەواوی عێراقدا نەیتوانیوە بەقەد کابینەی نۆیەم خزمەتی هاوڵاتیانی بکات. بۆیە باشترە ئەو لایەنانە، کە هیچ خێرێکیان بۆ کوردستان نییە، لانیکەم سوپاسی حکوومەتی هەرێم بکەن، چونکە خێری بۆ ئەوانیش هەبووە و کاتێک بەسەر ڕێگا تازەکاندا دەڕۆن، ئەوەندەیان بەدەستەوەیە بڵێن: ئێمەش شانازیی ئەوەمان هەبووە لە تەلەڤزیۆنەوە سەیری کردنەوەی ئەو پڕۆژە نایابانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بکەین.