لەشکری شاراوەی بافڵ: هێزێک کە تەنیا شەڕی خەڵکی گەڕەکەکانی خۆی دەکات

لەشکری شاراوەی بافڵ: هێزێک کە تەنیا شەڕی خەڵکی گەڕەکەکانی خۆی دەکات
لەشکری شاراوەی بافڵ: هێزێک کە تەنیا شەڕی خەڵکی گەڕەکەکانی خۆی دەکات

[ئەو شمشێرەی بەرانبەر بە دوژمن هەڵنایەت، بۆچی هەمیشە بەرانبەر خەڵکی خۆت تیژە؟]

پێدەچێت بافڵ تاڵەبانی بە شێوازێکی زۆر دەگمەن هێزەکانی خۆی پێناسە و پۆلێن بکات:

[هێزێک کە هەرکاتێک هێرش کرایە سەر خەڵکەکەی دیار نامێنێت و تەنیا کاتێک دەردەکەوێتەوە کە لوولەی تفەنگەکانی ڕووی لە خەڵکی خۆی بێت.]

لە کاتێکدا ناوچە کوردنشینەکان لە ڕۆژئاڤا چۆڵ دەبن، هاوکات لەگەڵ کۆچی بەلێشاوی خێزانە کوردەکان لە ژێر ئاگردا، کە چەندبارەبوونەوەی مێژوویە بە ئاشناترین شێوەی خۆی بەرانبەر بە کورد، مرۆڤ خۆی پێ ناگیرێت کە نەپرسێت: کوا هێزی کۆماندۆی بەناوبانگی بافڵ تاڵەبانی؟ کوان یەکەکانی دژە تیرۆر؟ کوا چەک، زرێپۆش، درۆن، ئار-پی-جی و چەکی قورس؟ ئایا ئەو چەک و هێزانە تەنیا لە ناو هۆتێل و گەڕەک و خەڵکی سڤیلدا کارا دەبن؟

بافڵ ئەمجارە نەک هەر هاوسۆز و هاوکاری ڕۆژئاڤا نەبوو، بەڵکوو هێزە میدیاییەکەشی خستە سەنگەری دژی ڕۆژئاڤا و شەڕێکی دەروونی لەگەڵ ئەوان و خەڵکی کوردستان بەرپا کردووە.

ئازایەتیی هەڵبژێردراو

کاتێک داعش کۆبانێی گەمارۆ دا، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە براکانی لە ڕۆژئاڤا، سنوور و هێڵەکانی ئاگری بەزاند.

کاتێک تەقەمەنی پێویست بوو، نێردرا.

کاتێک سیاسەت پێویست بوو، هەولێر مامەڵەی دەکرد.

کاتێک داوای نێوەندگیری کرا، سەرۆک لەوێ ئامادە بوو.

بەڵام ئەمڕۆ کە کورد جارێکی تر لە ڕۆژئاڤا خوێنیان لێ دێت، بافڵ بە عەقیدەیەکی نوێ دێتەوە پێش:

بۆچی شەڕی دوژمن دەکەی، تا ئەو کاتەی شەڕی کۆمەڵگای خۆت پێدەکرێت؟ ئەوەش لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە تا ئێستا بۆی چووەتە سەر و هیچ مەترسییەکی تێدا نییە و بێ قوربانیدان لێی دەرباز دەبێت. لە خراپترین حاڵەتدا، تەنیا دەست بە دروستکردنی هەژموونی ناوخۆیی لە ڕێی وشەسازیی نیشتمانپەروەرانەوە دەکات. وەک دەڵێن: قسەی بەتاڵ هیچ لەسەر خاوەنی ناکەوێت!

هونەری حوکمڕانی بە کلیلی زیندانەوە

لە سلێمانی نەک ئۆپۆزسیۆن بیت، بەڵکو تەنیا ئەوەندە بەسە بافڵ هەست بەوە بکات بوویتە مەترسی بۆ پێگە گانگستەرانەکەی و بەربەستێکی تەنانەت بچووکیش دەبی بۆ حوکمی مافیائاسای ئەو و دارودەستەکەی. ئەو کات، یەکسەر پەلامارت دەدات. ماڵ و باخت هەبێت، دەیڕۆخێنێت. لە هۆتێل بژیت، شەو تا بەیانی بە چەکی قورس و گرانەوە لە دیوارەکانی هۆتێل و گەڕەکەکانی دەوروبەری دەدات، هەتا ئەگەر لە گوندی ئەڵمانییش بیت، دێتە سەرت و  زیندانیت دەکات. بەڵام خوا هەڵناگرێت، دلۆڤانیشە، دواتر ئەگەر لە زینداندا گوێڕایەڵ بوویت،گرێبەستێکت لەگەڵ مۆر دەکات و  ئازادت دەکات و هەمان ڕۆژیش (بە سودفە) وەک "هاوپەیمان" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێکەوە دەردەکەونەوە. سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە سەرانسەری جیهاندا چەند وۆرکشۆپێکی (حوکمی کلیلی زیندان) قەرزاری بافڵن.

مێژوو چۆن ئاماژە بە ئەمڕۆ بدات؟

کەی هێز و چەکەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ پاراستنی کورد بەکاردێن؟ با ڕاستگۆ بین: ئەمە بێتوانایی نییە، سەرلێشێواوییش نییە، لاوازییش نییە، ئەمە هەڵبژاردنێکی سیاسییە.

هەندێک سەرکردە لە هەر شوێنێک بن بەرگری لە خەڵکی خۆیان هەڵدەبژێرن. هەندێکی دیکەش ڕاهێنراون بۆ شەڕکردن لەگەڵ خەڵکی خۆیان.

بەڵام لە بیرمان بێت، مێژوو ناتوانرێت زیندانی بکرێت و پاشان وەکو هاوپەیمان لە زیندان ئازاد بکرێت.