حوکمڕانیی باش و بەرجەستەکردنی ئینتیمای نەتەوەیی  لە دیدگای سەرۆك بارزانی

حوکمڕانیی باش و بەرجەستەکردنی ئینتیمای نەتەوەیی  لە دیدگای سەرۆك بارزانی
حوکمڕانیی باش و بەرجەستەکردنی ئینتیمای نەتەوەیی  لە دیدگای سەرۆك بارزانی

لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی لە ناوچەکە و بەتایبەتی لەعیراقدا ڕوو دەدەن، سەرۆك مەسعود بارزانی، جارێکی تر بەدیدێکی پێشکەوتووەوە مۆدێلێکی پێشکەوتووی بۆ چەسپاندنی چەمکی سەرکردایەتیی هۆشیارانە و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی بۆ کایرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندید و بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ پەرلەمانی عێراق خستەڕوو.  بۆ جەختکردنەوە لە ڕێبازی نەگۆڕی بارزانی نەمر لەسەر بنەمای خزمەتکردنی خەڵك پێش سیاسەت و بەهێزکردنی بەهاکانی بەشداری نیشتمانی وەکوو دەروازەی ڕاستەقینەی چاکسازی و بونیاتنان.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، کە ڕەنگدانەوەی هەستێکی قووڵی ئەخلاقی و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی بوو، فەرمووی: " لە هەموو شوێنێک دڵسۆزی گەلی خۆتان بن و کار بکەن بۆ خزمەتکردنی هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازی و لایەنگری."

ئەو پەیامەی سەرۆك بارزانی گوزارشت لە دیدێکی ستراتیژی گشتگیر دەکات، کە کاری سیاسی وەکوو ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام پێناسە دەکات، نەوەك ئامرازێك بۆ ململانێ، یان کێبڕکێی لایەنەکان. 

لە ناوەڕۆکدا، پەیامەکەی سەرۆك بارزانی بانگەوازێکە بۆ گرتنەبەری ڕێبازێکی نەتەوەیی گشتگیر، کە سنووری ئینتیمای حیزبی و ناوچەیی تێ دەپەڕێنێت و لەسەر بنەماکانی شەفافییەت و هاووڵاتیبوونی یەکسان و تەواوکاری کۆمەڵایەتی دامەزراوە.

ئەوەی گوتاری سیاسی سەرۆك بارزانی جیا دەکاتەوە و تایبەتمەندی دەکات، هاوسەنگییە لەنێوان ڕەهەندی بەها و ڕەهەندی پراکتیکی، کە تێڕوانینێکی چاکسازیی قووڵ و توانای وەرگێڕانی بۆ سیاسەتی واقیعی  ئاوێتە دەکات، کە وەڵامی خواستەکانی هاوڵاتیان دەداتەوە. 

کاتێ سەرۆك بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە "بەرپرسیارێتی متمانەیە و ڕاستگۆیی لە کاردا ڕێگای سەرکەوتنی ڕاستەقینەیە" ئەوا بەم فەلسەفەیە، چوارچێوەیەکی ستاندارد بۆ چەمکی سەرکردایەتیی مۆدێرن دادەمەزرێنێت، کە لەسەر بنەمای دەستپاکی و پابەندبوون و کاریگەری دامەزراوەیی بونیاتنراوە. 

فەلسەفەی سیاسیی سەرۆك بارزانی مۆدێلێکی پێشکەوتووە لە بنیاتنانی کولتووری پێکەوەژیان و هاوبەشیی نیشتمانی. ئەم گوتارەی لە بنەمای ئێتنی و خۆجێی سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە باوەڕێکی پتەوەوە بە یەکڕیزیی چارەنووسی نەتەوەیی و پێویستی بەهێزکردنی یەکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق هەڵقووڵاوە. ئەمەش دیدگای سەرۆك بارزانی دەکاتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی سیاسی و پتەوکردنی بنەماکانی حوکمڕانی باش لەو وڵاتە.

جەختکردنەوەی بەردەوامی سەرۆك لەسەر بەهاکانی لێبوردەیی و هاوکاری، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵە لەو ئاستەنگانەی، کە ڕووبەڕووی دەوڵەتی عێراق بۆتەوە، چ لە ڕووی بەڕێوەبردنی هەمەچەشنی کۆمەڵایەتی، یان لە چوارچێوەی بنیاتنانی دامەزراوە نیشتمانییەکان، کە توانای بەدیهێنانی گەشەپێدان و دادپەروەرییان هەیە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە دیالۆگ و تێگەیشتن پەیڕەو دەکەن دەتوانن زاڵ بن بەسەر قەیرانەکان و بنیاتنانی سیستەمێکی نیشتمانی یەکگرتوو و سەقامگیر. 

لە چوارچێوەی فەلسەفەی سەرکردایەتیدا، سەرۆك بارزانی وەکوو یەکێك لەو سەرکردانە دەردەکەوێت، کە تێڕوانینی سیاسی لەگەڵ دیدێکی مرۆڤدۆستانە تێکەڵ دەکات و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سەرکردایەتی ئیمتیازات نییە، بەڵکو ئەرك و بەرپرسیارێتییە. 

ئەم دیدگایە لەگەڵ چەمکە مۆدێرنەکانی حوکمڕانی و سەرکردایەتی گۆڕانوویست دەگونجێت (Transformational Leadership) ، کە جەخت لەسەر ئیلهامبەخشین و هاندان و دروستکردنی متمانە لەنێوان سەرکردە و کۆمەڵگا دەکات.

ئەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە وتارەکەی ئەم دواییەدا پێشکەشی کرد، تەنیا ڕێنمایی ڕێکخراوەیی نییە، بەڵکو پلانێکی کاری نیشتمانیی گشتگیرە، کە تایبەتمەندییەکانی قۆناغێکی نوێ لەژیانی سیاسیدا دیاری دەکات، لەسەر بنەمای کرانەوە و بەهێزکردنی متمانە لەنێوان هاوولاتیان و دامەزراوەکانی حوکمڕانی و بنیاتنانی مۆدێلێکی دێموکراسی هاوسەنگ، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادی جەماوەری کوردستان و عێراق بێت. 

لە جیهانێکدا کە ئالنگارییەکان بەردەوام لە زیادبووندایە و دیمەنی سیاسی تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، سەرکردایەتیی هۆشیار و دڵسۆز وەکوو بەردی بناغەی پاراستنی سەقامگیری و بەرەوپێشبردنی ڕەوتی گەشەسەندن دەمێنێتەوە. لێرەدا، گرنگی گوتارەکەی سەرۆك بارزانی دەردەکەوێت، چونکە وەکوو نەخشەڕێگایەک، خزمەتی داهاتوویەکی یەکگرتووتر و دادپەروەرانەتر دەکات، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە قووڵەی ڕێبازی بارازنی نەمر، کە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دایڕشتووە، کە دەڵێت، نەتەوە تەنها بە دڵسۆزی بنیات دەنرێت و تەنها لە ڕێگەی یەکڕیزی گەل و ئیرادەی پۆڵاینی کوردستانیان دەتوانرێت گۆڕانکاری ئەرێنی دەستەبەر بکرێت.