ئاسۆ حاجی
نووسەر
مەسرور بارزانی؛ وەچەرخان لە گوتاری سیاسیدا
گوتارە سیاسییەکانی مەسرور بارزانی، کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ( پەرلەمانی کوردستان 2024 و پەرلەمانی عێراق 2025) بە تەواوی دیار و ڕوونتر بوونەوە، لەوەی نوێنەرایەتی وەچەرخانێکی نەوعی دەکات، لە بنەما و داڕشتنەوەی گوتاری سیاسی کوردستانی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی. کە تێپەڕاندنی شێوازە نەریتییەکەیە، کە بریتیە لە دووانەی هەڵچوون و مەزڵومیەت.
مەسرور بارزانی لە کارنامەکەیدا وەک سەرۆکی حکوومەت، لە گوتاریدا وەک سەرکردەیەکی سیاسی، باوەڕی وایە، کارنامە و گوتار دەبێت بە زمانێکی سیاسی عەقلانی و دامەزراوەیی دەوڵەتی لە سەر بنەمای نوێگەرایی دابڕێژرێنەوە، پشت بە لۆژیکی دەوڵەتی دامەزراوەیی ببەستن، نەوەک تا هەتایە هێز لە لۆژیکی شۆڕش و وابەستە بوون بە کەس و ئایدۆلۆژیاییەکەوە وەربگرێت.
لە گوتاری باو و نەریتی ڕۆژهەڵاتیدا، بەزۆری گوتار لە پێداهەڵگووتن و دروشم و بەڵێنی وەدی نەهاتوو، یان لە دوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کورت دەکرێتەوە. چەمکەکانی وەک دەوڵەت، حکوومەت و دامەزراوەیی، دەخرێنە پەنای هۆنینەوەی چیرۆکی سۆزداری و بەستنەوەیان بە شار و ناوچە و عەشیرەت و حیزبێک. بەڵام لە گوتارەکانی مەسرور بارزانیدا، گۆڕانکاری و وەچەرخانێکی گەورە بەدی دەکرێت؛ کاتێک جەختکردنەوە لە شەرعیەتی دەسکەوت و ئەنجامدانی پڕۆژە و بەجێهێنانی بەڵێنەکان، جێگای هەوڵدان بۆ ختووکەدانی عاتیفەی خەڵک و چاوبەست کردنیان تەنها بە گيڕانەوەی سەروەرییە مێژوویەکان، هەروەها کە مافی گەشەکردن و خۆشگوزەرانی و سەروەری یاسا دەبنە هێزی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک.
لە ڕێگای ئەو وەچەرخانە لە داڕشتنەوەی گوتاری سیاسیدا، مەسرور بارزانی سەرلەنوێ چەمک و واتای سەرکردایەتی کردن پێناسە دەکاتەوە. لە ڕێگای هێنانە کایەی گوتارێک کە تەجاوزی دوانەی کۆن و نەریتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، یان لایەنگران و ئۆپۆزسیۆن بکات، لە ڕێگای گوتاری سێیەم، گوتارێکی کاریگەر، لە جیاتی باسکردنی ماف و کارە دواخراوەکان، دێت باسی ئەو کارانە دەکات کە ئەنجام دراون. ئەو گوتارە تەنها گۆڕان و وەچەرخانێکی زمانەوانی نیە، بەڵکو وەچەرخانێکی مەعریفی قووڵە، کە گوتاری سیاسی تەقلیدی ڕۆژهەڵاتی لە بن و بۆتکەوە هەڵدەتەکێنێ. لە پێناو ڤێرژنێکی نوێی لۆژیکی کە مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکان بکات وەک پڕۆژەیەکی بەردەوام و کارا، نەک وەک بەڵێنێکی بەجێنەهاتوو.
لە سەر ئاستی ڕەوانبێژیش، لە گوتارەکانی مەسرور بارزانی دا، ئەو چەمکانە تەواو پشت گوێ خراون، کە هانی خورتکردنی گیانی حیزبایەتی و شارچییەتی و ناوچەگەری دەدەن، یان بە تەنها سوود لە کۆیادەکانی جەماوەر ببینێت. لە جێگەیاندا چەمکەکانی گەشەپێدان، شەفافیەت، چاکسازی و لێپێچیبەوە جەختیان لێ دەکرێتەوە. تەنها بە باسکردنی خۆی “پارتی، مێژوو و شانازییەکان” وازناهێنێت، بەڵکو وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگەش دەداتەوە “چیمان کردووە” هەروەها “چ دەکەین”. لێرەدا خاڵی وەچەرخانەکە تەواو ڕوون و دیار دەبێت، وەچەرخان لەو ناسنامەیەی کە بەرهەمی “یادەوەریی”یە بۆ ناسنامەیەک کە بەرهەمی “کار و کردار”ە.
بەو کار و شێوازە لە گوتاردا، مەسرور بارزانی تەنها شتێکی نوێ لە گوتاری سیاسی کوردیدا پێشکەش ناکات، بەڵکو تەجاوزی ئەو دۆخە چەقبەستوویەش دەکات کە گوتاری سیاسی ڕۆژهەڵاتی گیر کردووە، سیاسەت و گوتاری سیاسی دەباتەوە سەر ڕاستەڕێ و چێوەی ڕاستەقینەکەی کە سیاسەت هونەری بەڕێوەبردنی ئەوەی بەردەستە(مومکین)، نەوەک هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی شتێکی نەکردە (موستەحیل). تەجاوزکردنی ئەو گوتارە تەقلیدییە لای مەسرور بارزانی ڕەتکردنەوە و بەگژداچوونەوەی ڕابردوو نیە بەهەردوو لایەنەکەیەوە (مێژوو و کلتور)، بەڵکو خۆ دەربازکردنە لە تەنها وابەستە بوونێکی عاتفیانە پێیانەوە. لە پێناو سازکردنی دەرفەتێک بۆ داڕشتنەوەی گوتاری سیاسی کوردستانی بە زمانی عەقڵ و خودسەروەری، کە کوردستان بکاتە قەوارەیەکی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک بابەتێکی زیندوو لە ئێستا و ئایندە دا، نەک تەنها وەک گێڕانەوەی شانازییەکانی ڕابردوو بناسرێتەوە.