شههریار شێخلهر
نووسەر
گرینگی ئەولەویەتدان بە شارەزایی لە بەرامبەر پابەندبوون
پاش تێپەربوونی 35 ساڵ لە ئەزموونی حکوومەتی کوردی لە بەشێک لە هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی نۆ کابینە کە بەهۆی سیستەمی سیاسی پاڕڵەمانی و لەسەر بنەمای ڕکابەرایەتی حزبی و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی بەپێی رێکەوتن لە نێوان هێز یان حزبە براوەکان، پێدەچێت گۆڕانکاری لەسەر شێوازی پێکهیێنانی حکوومەتی داهاتوو گرینگتر بێت لە کۆی ئەو مێژووەی رابردوو. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پیرۆزیەکی تایبەت بۆ هەموو ئێمەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، بەڵام پێویستە لێرە بەدواوە توێیەک فڕێبدات و نوێ ببێتەوە، بەتایبەت لە رووی شێوازی پێکهێنانەوە. لە راستیدا وەرگرتنی پۆست لە حکوومەت لەسەر بنەمای پەیوەندی خوێنی یان پابەندبوون بە کەسایەتی یان بیرۆکەکان لە جیاتی شارەزایی و کارامەیی، پێویستە بەرامبەر هەڵسەنگاندنی جیددی ببێتەوە و بۆ هەمیشە وەلابنرێت.
لە ساڵانی رابردوو و بە هۆی پێویستی حزبی براوە یان خواستی حزبەکانی یەکەم بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ حزب و لایەنە کوردستانیەکانی دیکە، چەندین پۆست لە پلەکانی وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و تاکوو سەرۆکایەتی دایرەکان بەسەریان دابەش کراوە و زۆربەی ئەو کەسانەی ئەو پۆست و پلانەیان پێبەخشراوە چ لەناو حزبە سەرەکیەکان یان خود حزبە هاوبەشکراوەکان، نەک بەهۆی شارەزایی و کارامەیی، بەڵکوو بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی حزبەکان ئەو پۆستانەیان وەرگرتوە کە ئەوەش وەک پێوەری پابەندبوونیان بە مەڕامی حزبی یان کەسانی سەرەکی حزبەکەیان بووە.
بۆیە لەو وتارە حەول دەدەم باس لە جیاوازی چەمکەکانی شارەزایی و پابەندبوون و گرینگی رۆیشتن لە پابەندبوون بەرەو شارەزایی لە حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بکەم. هیوادارم بتوانم لە گەیاندنی بابەتەکە و هاندانی حزبەکان بۆ ئەو مەبەستە هەرچەند کەم، بەڵام سەرکەوتوو بم.
پێداچوونەوەیەک بەسەر چەمکی پابەندبوون و شارەزایی:
لەسەرەتا با بیر لە مانا، پێشینە و جیاوازی پابەندبوون و شارەزایی بکەینەوە و پاشان ئەولەویەتی ئەو دوو چەمکە و کەسایەتیەکانی هەڵگری ئەو دوو ناسناوەن لە ناو حکوومەت و ئیدارەدان هەڵسەنگێین. بۆ ئەو مەبەستە و پاش ناسینی جیاوازیەکان، پێویستە بیر لەوە بکەینە کە کامیان لە ڕاستی دا گرنگترە؛ پابەندبوون یان شارەزایی؟ رەنگە، بۆ ئەوەی بابەتەکە روونتر بێتەوە، باشترە هاوتا و چۆنێتی سازبوونی ئەو وشانە یان ئەو دوو چەمکە بناسین. وشەی پابەندبوون، لە زۆربەی وەرگێڕانەوەکان، بەمانای دڵسۆز و خەمخۆر بۆ مەرامێک یان بیرۆکە و کەسایەتیەک بەکاردەهێنرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە لایەنگرێکی راستەقینەی بیرۆکەیەک یان خود کەسایەتی و مەرامەکەیە. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا هەر پابەندبوونێک یان لایەنگریەکی ئۆرگانی واتای دڵسۆزییە بۆ کەسێک یان بابەتێک؟ ئایا هەموو لایەنگرەکان، بەڕاستی دڵسۆزن و دڵسۆزیەکەیان جێگای گرینگی و بەهادانە؟ و دەبێتە هۆی گەیشتن بە ئامانجەکان؟ ئایا ئەوان دەتوانن تەنیا بە دڵسۆزی و خەمخۆری ئامانجە بەرزەکان بەدیبهێنن؟
بەڵام، چەمکی شارەزایی، واتا پسپۆری، زانایی زیاتر لە خەڵکی ئاسایی لە بوارێک دا، یان خود لێهاتوویی. ئێمە بە کەسێکی شارەزا دەتوانین بڵێین کارامە یان لێهاتوو. بەڵام دیسان پرسیارێکی گرینگ دێتە پێشەوە، شارەزایی لە چ بوارێک یان بابەتێکدا؟ بە دڵنیاییەوە، هەر کەسێک لە بوارێکدا شارەزا یان پسپۆرە و ناکرێت لەهەموو بوارەکان ئەو پاشناوەی پێوە بنووسێنین و بەو ناوە بانگی بکەین، چون لەتوانای مرۆڤ بەدەرە لە هەموو بوارێک بگاتە ئاستی شارەزایی ڕاستەقینە. هەرچەند لەوانەیە لە سەدەکانی پێشوو بکرابایە کەسێک لە چەند بواردا شارەزا و پسپۆر بوایە، بەڵام بە گەشەکردنی زانست و لێبوونەوەی لق و پۆی زیاتر و نوێ و قووڵتربوونی ئاستی زانست، زۆر ئەستەمە کەسێک لە چەند بوار شارەزا بێت. واتا ئەوەش گرینگە کە هەرکەسێک لە بوارێک ئەو ناسناوەی بدەینێ و کەس نەخەینە ئاستی شارەزا لە هەموو بوارەکان و داوای لێبکەین لە چەند بوار تێز و رای پسپۆری بدات، چون نەتەنیا لە توانای دانیە بەڵکوو دواتر ناتوانین لەو پلە بەرزە دایبەزێنین و زیانەکانی لە بەکارهێنانی کەسانی ناشارەزا زیاتردەبێت.
شارەزایی بەرامبەر پابەندبوون:
دوای خستنەڕووی ئەم خاڵانە لێرە پێویستە لە نێوان کەسێکی وا بە حزب، کەسایەتی یان مەرامێک پابەندە و شارەزایی لە پۆستێکی تایبەت کە بۆی کاندید کراوە و لەگەڵ کەسێکی وا پابەند بەو بابەتانە نیە بەڵام لە بوارەکە شارەزایی تەواوی هەیە، ئەولەویەت بە کامیان بدەین؟
ئەوانەی باوەڕیان بە یەکەمایەتی پابەندبوون هەیە دەڵێن ژومارە یان چانسی لەدەستدان (یان خیانەت کردن)ی کەسێکی پابەندی ناپسپۆڕ کەمترە لە کەسێکی شارەزای ناپابەند؛ چونکە لانیکەم دڵسۆزە، خەمخۆرە و بیرۆکەکەی خۆی یان سەرچاوەی پابەندبوونەکەی بەجێناهێڵێت و لەکۆتاییش دا فێڵ ناکات. واتا لەوانەیە خوێ بخوات، بەڵام خوێدانەکە ناشکێنێت. هەروەها ئەوانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر، دەتوانێت وردە وردە شارەزایی بەدەستبهێنێت بەهۆی پابەندبوونەکەیەوە، هەرچەند لەسەرەتا هیچ لەو بوارە شارەزا نەبێت یان کەمێک شارەزا بێت. بەپێی ئەو بیرۆکەیە، ئەگەر پابەندبوون لای کەسێک نەبێت، ئەگەری ئەوەی بگاتە ئاستی پابەندبوون و دڵسۆزی کەسانی ناسراو بە ناسناوە زۆر کەمترە - بە بەراورد بە چانسی دەستخستنی شارەزایی بۆ کەسانی پابەند.
ئەو کەسانە بۆ روونکردنەوەی رای خۆیان، لە پرسە نیشتمانییەکاندا، نموونەی ئەو کەسانە دێننەوە کە خەیانەتیان لە نیشتمان کردوە و ئەمەش بەو مانایەیە کە کەسانێک وا پابەند نەبن دەتوانن بوونی نەتەوەیی بخەنە مەترسییەوە. نموونەیەکی دیکە بۆ ئەو بابەتە، پرسی هاوسەرگیری دێننەوە. بەبڕوای ئەوان ئەو کەسەی پابەند بێت بە گرێبەستی هاوسەرگیری، تەنانەت ئەگەر کارنەکات و داهاتیشی نەبێت، ئەو کەسە نییە کە خیانەت لە هاوسەرگیریەکەی بکات یان ستەم لە هاوسەرەکەی بکات و ئەمەش کەمترین پێویستییە لە ژیاندا، هەرچەندە ئەوپەڕی مومکین نییە.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی یەکەمایەتیدان بە شارەزایی بەسەر پابەندبووندا باس لەوە دەکەن کە پابەندبوون بابەتێکی دەروونی و کەسایەتیە، بۆیە ئەوەندە ناناسرێتەوە؛ یان بە تەواوی ئەندازەی ناگیرێت و دووەم: پابەندبوون توانای تێکچوونی هەیە، لەگەڵ روونکردنەوەی ئەوەی کە کەسێکی پابەند دەتوانێت لەداهاتوو بەهۆی گۆڕان لە کۆمەڵێک فاکتەر و بەخێرایی یان بەچەند قۆناغ بێپابەند بێت، بەڵام بۆ کەسێکی پسپۆڕ قورسترە شارەزایی لەدەستبدات و لە ئاستی پسپۆریەکەی خۆی پاشگەز بێتەوە.
ئەو سیاسەتمەدارانەی لایەنگری ئەم بۆچوونەن دەڵێن ئەگەر کەسێک نەتوانێت کۆمەڵگا بەڕێوەببات و بە ناکارامەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، زیانی قەرەبوو نەکراوە بەو کۆمەڵگایە دەگەینێت کە قۆناغ لەپاش قۆناغ و بەپێی بەسەرچوونی کات، لەسەریەک کۆدەبێتەوە. ئەوان پێیان وایە کەسێکی شارەزا لانیکەم زانستی هەیە و ئەگەری زۆرە کە زانستەکەی وای لێبکات بە بیرکردنەوە لە دەرئەنجامەکانی مامەڵە بکات، بەڵام کەسێکی ناشارەزا، چونکە پسپۆرنیە، کردارەکەی سوودی نابێت و زۆربەی کردارەکانی زیانێکی پاک دەبێت و هەروەها بەهۆی ئەوەی زانستی لە ئاستی پێویست نییە بەدوای چاکسازی بنەڕەتیدا ناگەڕێت.
ئەوانەی لەسەر ئەم بۆچوونەن و لە وڵامی کەسانی لایەنگری پابەندبوون دەڵێن تەنانەت کاتێک کەسێک شیاو نەبێت، ناتوانێت هاوبەشی ژیانی سەرکەوتوو و مەمیشەیی بێت، ناتوانێت لە ژیانێکی هاوبەشدا بمێنێتەوە و لە دۆخێکی وادا هاوسەرەکان مەحکومن و پابەندن بە لێکجیابوونەوە.
لێرەدا، پێدەچێت ئەوە بۆ هەموومان ڕوون بێت کە هەڵبژاردنی یەکەم بۆ هەر پلە و پۆستێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی هەردوو خەسەلەتی شارەزایی و پابەندیان هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسانی شارەزا بە گشتی پابەندی کەسایەتی و حزب و لایەن کەمتردەبن و ئەگەر پابەندیان هەبێت بۆ ئامانجە بەرزەکان وەک نیشتمان دەبێت، بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی شارەزان و پابەندی ئامانجە بەرزەکانن لە ئەولەویەتی کاندیدکردن بۆ پۆستە گرینگەکان بن. بەڵام تەنانەت ئەگەر حزبەکان ناچاربوون لەنێوان شارەزایی و پابەندبوون یەکیان هەڵبژێرن، بە دڵنیاییەوە بۆیان ئاسان نابێت کە شارەزایی لە پێشینەی پابەندبوون دابندرێت یان پابەندبوون بەسەر شارەزاییدا دابنرێت. بەڵام چۆن دەتوانن بڕیار لەسەر ئەم ئەولەویەتدانە بدەن؟ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە، دوو چەمکی "پێویست" و "بەس" لە لۆژیک و بیرکارییەوە قەرز دەکەم. دەکرێ بڵێین هەم پابەندبوون و هەم شارەزایی، بەتەنیا پێویستن بۆ سەرکەوتن، بەڵام بەس نین و تەواوکەری یەکن، بۆیە کۆبوونەوەی هەردوو لەیەک کەس گرینگە و بەهادارە.
بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، پابەندبوون و شارەزایی دوو جەستە و دوو جل و بەرگیان هەیە. جەستەی پابەندبوون بە ساڵانێک لە بەدواداچوون و پەیڕەوکردنی بیرۆکەیەک کە جاری وایە لە کەسێک، حزبێک، ئایینێک یان مانیفستێک کۆدەبێتەوە و حەولدان بۆ مانەوە و بەردەوام بوون لەسەر ئەو بنەمایە بەدەستدێت. هەروەها، جەستەی شارەزایی بە چەندین ساڵ لێکۆڵینەوە و کار و چالاکیی چڕ و تێپەڕین بە قۆناغە زۆرەکانی پیشەیی و لە ئاستی نزم بۆ بەرزی شارەزایی پێکدێت. بەپێی زیرەکی و بەهرە و تەرکیز و هەوڵدان، کەسێک دەتوانێت کەم یان زۆر باشتر یان تەواوتر لە کەسێکی دیکە لەم جەستەیانە بگونجێت. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەوە هەوڵ و کاتە کە سوودی دەبێت.
بەڵام جل و بەرگی پابەندبوون و شارەزایی چییە؟ جل و بەرگ بە کردەوە رواڵەتێکە کە مرۆڤ دەتوانێت ڕەفتارەکانی داپۆشێت. لە راستیدا هەمان ئاماژە و دەربڕینەکان دەتوانن نیشانەی کەسایەتی پسپۆری ئەو بوارە بن بۆ بینەر.
ئەگەر کەسێک پیشەیی یان پسپۆڕ خاوەنی ئەو جەستەیە بێت کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، زۆرجار جل و بەرگی هاوشێوە لەبەر دەکات. بەڵام کاتێک کەسێک دەیەوێت خۆی وەک کەسانی شارەزا لە بوارێک دەربخات، سەرەڕای ئەوەی هیچ پابەندبوون و شارەزایییەکی نییە، هەوڵدەدات خۆی رازاوە بکات و وەک ئەوان لە ڕووی پۆشاک یان هەڵسووکەوت دەربخات. واتە مرۆڤی بێ خودا دەتوانێت وا خۆی نیشان بدات کە ئاییندار و ئەخلاقییە، یان کەسێکی ناپسپۆڕ دەتوانێت وا خۆی نیشان بدات کە شارەزایە. بەڵام لێرەدا خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە تەنیا بە لەبەرکردنی جل و بەرگی شارەزایی ناتوانێت بەهێز دەرکەوێت چونکە لە وۆرکشۆپێکدا یان لە رووبەڕووبوونەوەیەکی پڕۆفێشناڵ دەکەوێتە خوارەوە و لە ئەنجامدا کردارەکە و جەستەی راستەقینە ئاشکرا دەبێت. بۆ ئەو مەبەستە تەنیا پێویستە ئەو کەسە بۆ ئەو کارەی بانگەوازی دەکات تێیدا پسپۆرە راسپێردرێت، لە ماوەیەکی کورتدا دەرئەنجامی کارەکانی و کەمی شارەزایی دەردەکەوێت. شۆفێرێکی وا بێباکانە سەیارە بهاژوێت دەکەوێتە خوارەوە، پزیشکێکی ساختە نەخۆشێک دەکووژێت و ئەندازیارێکی ساختە بیناکەی دەڕوخێنێت. هەروەها بەڕێوەبەری کارنەزان، کۆمپانیاکە دەگەیەنێتە ئیفلاس یان رێکخراوەکە دەگەیەنێتە قەیران و ناکارامەیی.
لەبەرامبەردا جلوبەرگی پابەندبوون درەنگتر ریسوا دەبێت، چونکە تەنیا لە شوێن و کاتی تەنیایی کەسەکان دادەکەنرێت. بۆیە لەوانەیە هەندێک جار کە کەسەکانی وا بانگەشەی پابەندبوون دەکەن، بێئاگادەبن و جلی پابەندبوون لە شوێنێکدا داکەنن کە بە تایبەتی دەزانن، بەڵام دەکەونە بەر چاودێری و جەستەی راستەقینەیان ئاشکرا دەبێت. هەندێک جار ئەم تەنیاییە لە دەرەوەی وڵاتە، هەندێک جار حسابی بانکی هاوسەر و منداڵەکەیەتی، هەندێک جار سۆشیال مێدیا و فەزای مەجازی و هەندێک جار تەنانەت اسانسۆرێکە (بەرزکەرەوەیەکی تەیارە) بە کامێرای شاراوە.
شارەزایی یان پسپۆری:
بەپێی ئەو شیکردنەوانەی سەرەوە، هەرچەند ئەگەر کەسێکی شارەزا کە خاوەن پابەندبوونی نیشتمانی بێت دەتوانێت چارەسەر و هەڵبژاردەیەکی گونجاوبێت بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان، بەڵام لە ئەگەر پێویست بێت هەڵبژاردن بکرێت لەنێوان ئەوکەسانەی خاوەنی یەکێک لەو دوو تایبەتمەندیە بن، پێویستە ئەوە ڕەچاوبکرەت کە بەهۆی ئەوەی ئاستی پابەندبوونی کەسەکان بە هەر بابەتێک، ناکرێت لە کورت مەودا (یان تەنانەت لە تەمەنێیک) ئەندازە بگیرێت، هەروەها شارەزایی پێویستی بە کات و حەول و کۆششی زۆری کەسەکە هەیە و لەماوەیەکی کورت بەدەستنایات، بۆیە دەتوانین بڵێین بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە گرینگەکان لە ناو هەر حکوومەت، دام و دەزگایەک و تەنانەت ئیدارە هەستیارەکان شارەزایی پێویستە لە پێشینەدا بێت و ئەولەویەتی پێبدرێت بەهۆی ئەوەی:
کەسی پابەند، هەرچەند ئاستی پیشاندانی پابەندبوونی بەرز بێت، بەڵام ناکرێت بە پێوەرێک ئاستی ڕاستەقینەی ئەندازەبگیرێت و بەوپێیە مامەڵەوی لەگەڵ بکرێت.
کەسی پابەند، چون تەمەنی لەڕێگای پسپۆری تەکنیکاڵ و ئیداری بەسەر نەبردوە، بۆیە زۆر ئەستەمە لەماوەیەکی کورت بتوانێت بگاتە ئاستێکی پسپۆری ڕاستەقینە و بەوهۆیەوە نەتەنیا دەبێتە هۆی کورتهێنان لە وەدیهێنانی ئامانجەکان، بەڵکوو ماوەیەکی تەمەنی ئەو دام و دەزگایەش بەفیڕۆ دەدات و دەبێتە هۆی بەرچوونی کەسانی خاوەن پسپۆری لەو شوێنە.
کەسی شارەزا دەتوانێت یان دەکرێت خاوەنی ئاستی بەلانی کەمی پابەندبوون بێت، بەڵام نەک بە کەس و بیرۆکە و مانیفست، بەڵکوو بە نیشتمان و ئامانجە گەورەکان.
کەسی شارەزا ئەگەر پابەندیش نەبێت، دەکرێت بەپێی بەرپرسیارێتی و ئاستی مسۆگەرکردنی ئامانجەکان لێپرسینەوەی لێبکرێت و بەپێی ئەوەی بگۆڕدرێت، بەڵام کەسانی پابەند بەردەوام لەژێر چەتری پاڵپشتی سەرکردەکانیاندان و تووشی لێپرسینەوە نابن
کەسی پابەند ئەگەر پاش ماوەیەک نەیتوانی بگاتە ئاستی شارەزایی، لەزۆربەی حاڵەتەکان حەول دەدات ئەو بۆشاییە بە گەندەڵی و فیڕۆدانی سامانی گشتی پڕبکاتەوە.
بەپێچەوانەی بەشێک لە کەسانی پابەند وا پاش تەواوبوونی ئەرکەکەیان لە ڕێزی حزبەکانی خۆیان هاتوونەتە دەرەوە و پەیوەندیان بە حزبەکانی دیکەوە کردوە و بوونەتە کێشە بۆ حزبەکانیان، کەسانی شارەزا پاش تەواوبوونی ئەرکەکەیان دەچنەوە سەر پیشەی خۆیان و کێشە بۆ حزبەکانیان ساز ناکەن.
حزبەکان دەتوانن لە جیاتی کێشەی کەسانی پابەند لە ماوەی ئەرکەکانیان، شانازی بە دەسکەوتی کەسانی شارەزا بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ڕاکێشانی دەنگی زیاتر…
گرینگی حکوومەتی تێکنۆکرات بۆ کابینەی داهاتوو:
لێرەوە گرینگە داوای ئەوە بکەین با کابینەی داهاتوو، تەنانەت ئەگەر بە شێوازی پشکیش دابەشبکرێتەوە، بەڵام کۆمیتەیەک دیاریبکرێت و لەڕووی ئاستی شارەزایی و پسپۆری بۆ کاندیدەکانی حزبەکان بۆ کۆی پلە و پۆستەکان هەڵسەنگاندن بکات، بەپێی ئەو پۆستەی بۆی کاندیدکراون و ڕێگانەدات کەسانی ناشرەزا و تەنیا بە هۆی پەیوەندی و پابەندی و تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی حزبەکان بۆ پلە و پۆستەکان دەستنیشان بکرێن.
گرینگە ئەو حکوومەتەی داهاتوو بەدەر لە شێوازی ڕبردوو دەستنیشان بکرێت، هەرچەند لەهەر کام لە کابینەکانی پێشووش بەپێی پلە و پۆستەکان، کەسانی شارەزاش هەبوون و خزمەتیان کردوە و جێگاپەنجەشیان دیارە، بەڵام با کابینەی داهاتوو تەنیا کابینەی شارەزاکان بێت.