د. سامان سۆرانی
نووسەر
پارتی دیموکراتی کوردستان.. دیپلۆماسییەت و هاوسەنگیی سیاسی
لە ناو ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئاسایشییە خێرایەی، کە عێراق و ناوچەکە بە خۆیەوە دەیبینێ، پارتی دیموکراتی کوردستان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئالنگارییەکان وەکوو هێزێکی سیاسی خاوەن دیدێکی هاوسەنگ و ستراتیژێکی ڕوون دەرکەوتووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویە لە نێو قەیرانە ناوخۆییەکان و ململانێ هەرێمییەکان لەڕێگەی پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەتێکی هێمن و کاریگەر لەسەر بنەمای دیالۆگ و کرانەوە و هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان پێگەی خۆی وەکوو ئەکتەرێکی سەرەکی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بچەسپێنێت.
لە ساڵی 1946 پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتی نەمر مستەفا بارزانی دامەزرا، هەر لەو کاتەوە هەڵگری پەیامی خەبات بووە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دادپەروەری و ئازادی و دێموکراسی. هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە پارتی پرەنسیپی چارەسەری ئاشتیانە و دیالۆگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیڕەو کردووە و بڕوای تەواوی بەوە هەیە، کە سەقامگیری کوردستان و عێراق تەنها لەڕێگەی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی بەدی دێت، نە لەڕێگەی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە.
ئەم ڕێبازە ئاشتیخوازانە و دیپلۆماسییە بەدرێژایی چەندین دەیەیە پەرەی سەندووەو لەساڵانی ڕابردوودا بۆتە بەردی بناغەی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەتی لەژێر سەرکردایەتی سەرۆك و مەرجەع، مەسعود بارزانی، کە توانیویەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێ بکات بە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری.
لە دوای ساڵی 2003، هەرێمی کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی ئالنگارییەکی یەک لە دوای یەک بوونەوە، لەوانە تیرۆر، ناکۆکی سیاسی، قەیرانی ئابووری و دەستێوەردانی هەرێمی. لەگەڵ ئەوەشدا پارتی توانی لە ڕێگەی ئامرازی دیپلۆماسی پتەوەوە قەیرانەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەت. بۆ نموونە لە کاتی شەڕ دژ بە داعش (2014-2017)، پارتی بە ڕێبەرایەتی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕێکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و بەرزڕاگرتنی وێنەی ئەرێنی کوردستان وەکوو هاوپەیمان و هاوبەشێکی باوەڕپێکراو لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دواجار ئەفانەی داعش تێکشکێنرا. پارتی لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا سیاسەتی دیالۆگی بەردەوامی گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا، کە مافەکانی هەرێم بپارێزێت و پشتیوانی لەیەکڕیزیی دەستووری عێراق بکرێت.
لەسەر ئاستی هەرێمی، پارتی پەرۆشی دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ بوو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەکوو تورکیا، ئێران و سوریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری سنوورەکان و کرانەوەی ئابووری.
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەزانێت فاکتەری نێودەوڵەتی چەند گرینگە، بۆیه کاری لەسه ر فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان کردووه. پێشوازی کردنی پارتی لە شاندی دیپلۆماسی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی و عەرەبی لە هەولێر بۆتە هۆکاری ئەوەی، هەولێر ببێت بە ناوەندێکی سیاسی گرنگی ناوچەکە.
لە هەمان کاتدا پارتی هاندەری وەبەرهێنی بیانی بووە، بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە و ژێرخان و بەشدارییەکی کارای کردووە لە کۆنفرانس و کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و دیالۆگە هەرێمییەکان، کە بابەتی ئاسایش و پەرەپێدانیان مەبەستە.
بەم ڕێبازەی پارتی سەرکەوتوو بووە لە گەیاندنی وێنەیەکی ئەرێنی سەبارەت بە کوردستان وەکوو هەرێمێکی ئارام و سەقامگیر و کراوە بەڕووی جیهان.
لە پشت ئەم سەرکەوتنەوە مەزنەوە شێوازێکی سەرکردایەتی ژیر و حەکیمانە بوونی هەیە، کە پابەندبوون بە ڕێباز و نەرمی لە تاکتیکی سیاسی تێکەڵ دەکات. پارتی بە ڕابەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی و هاوکاری هەر دوو جێگرەکانی، بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم و مەسرور بارزانی وەکوو سەرۆکی حکومەت توانای بەڕێوەبردنی کێشە ئاڵۆزەکانی بە ژیرییەکی بەرز و لۆژیکێکی سەردەمییانە نیشانداوە.
ئەم سەرکردایەتییە بەهێزە دیپلۆماسییەتی کردۆتە ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ناوخۆیی و هاوسەنگی لە نێوان هێزە سیاسییەکان و بەهێزکردنی پێگەی کوردستان لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.
لە کۆتاییدا، ئەو دیپلۆماسییەتەی پارتی دێموکراتی کوردستان پەیڕەوی دەکات تەنها ئامرازێکی سیاسی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی گشتگیرە، کە لە مێژوویەکی دوورودرێژی خەبات و ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە.
دیپلۆماسییەتێکە، کە شارەزایە لە هونەری هاوسەنگی پرنسیپ و بەرژەوەندییەکان، باوەڕی بە دیالۆگ هەیە نەوەك ڕووبەڕووبوونەوە، باوەڕی بە هاوبەشی هەیە نەوەک پەراوێزخستن.
پارتی بەردەوام دەبێت لە پتەوکردنی ڕێبازی بارزانی وەکوو مۆدێلی دیپلۆماسی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەک ئامانج لەبەرچاو دەگرێت ئەویش خزمەتکردنی کوردستان و بەهێزکردنی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە لە عێراق و ناوچەکە.
بۆیە ئەم جارەش پارتی سەرکەوتوو دەبێت لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق و دەبێت بە حزبی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگدەر.