ڕاستییەکان لای كێیە..؟

ڕاستییەکان لای كێیە..؟
ڕاستییەکان لای كێیە..؟

هەر كەسێك تەمەنی یاسایی تەواو كردبێت و ڕێنمایی و بڕیارەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن مافی دەنگدانی پێ بدات، واتا ئەركی لە ئەستۆیە و مافیشی هەیە، ئەرك و ماف دووانەیەكی لەیەكتر دانەبڕاون و هیچیان بەبێ ئەوەی دیكەیان نابنە بنەما بۆ ژیانی كۆمەڵگەیەكی ساغلەم و خۆشگوزەران و پێشكەوتوو، بۆیە پێشكەوتووترین وڵاتی جیهان، سیستەمی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتەكانی حوكمڕانی لەسەر هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵك بنیاد دەنرێت.

هەرێمی كوردستان بەرلە عیراقی تازە، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەزموون كردووە، بۆیە دەكرێ بڵێین ئێمە زیاتر لە 12 ساڵ لە پێشەوەی پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردنین، بەڵام ئەگەر بەراوردێك لەنێوان ئاوەدانی و ئەمنییەت و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دانیشتووانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق بكەین، زێدەڕۆیی نییە كە بڵێم زیاتر لە 50 ساڵیش لە پێشەوەی ئەوانین.

دەنگدان وەك چۆن ئەركە و مافیشە، پیرۆزییەكیشی تیایە، چونكە سەلماندنی وجودی دەنگدەرە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، سەلمێنەری ئەوەیە دەنگدەر هاووڵاتییەكی وشیار و بەئاگا و بەشدارە لە كۆی سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووریش، بەڵام گرنگە دەنگدەر بزانێت دەنگ بە كێ دەدات، دەنگ بە كام لیست و چ لایەنێك و چ حزبێك دەدات، چونكە ئەو ڕێڕەوە حوكمڕانییەی وەك ئاوی سازگار ڕوون و ئاشكرا دیارە، هەر ئەویش خەمخۆری راستەقینە و ئاییندەی وڵات دیاری دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئێستا بە لیستی ژمارە 275 بەشداری لە خوولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەكات، ڕێڕەوە راستەقینەكەیە و ڕاستییەكانیش هەر لای ئەوە.

دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە زاخۆوە تا دەگاتە هەورامان، بەرچاویان ڕوونە، چونكە ڕابردوویان لەبیرە و ئێستایان لەبەرچاوە و دەشزانن ئاییندە لە كوێیە و بە كوێ دەگات، هەمووان حوكمڕانیی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بینیووە، ئەمنیەت و سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشكەوتن لەو شوێنانەی پارتی تیایدا باڵادەستە، پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە نییە و بەری خۆریش بە بێژینگ نەگیراوە، بۆیە ئەركی دەنگدەرانی سەرجەم بازنەكانی هەرێمی كوردستانە، دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی بدەن، هەر ئەو دەنگدەرە بەڕێزانە مافیشیان لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە زیاتر و باشتر و خێراتر خزمەتیان بكات و كاروانی ئاوەدانی و هێزی سەقامگیری و بازووی بنیادنان بگەیەنێتە دوورەدەستترین گوندی سەرسنوورەكان و سەنتەری شار و قەزا و ناحییەكان، لای هەمووانیش مەعلومە پارتی بە خۆنەچەمێن و خۆڕاگر ناسراوە و لەم پێناوەیشدا قوربانیی زۆری داوە و بەردەوامیش دەبێت.