کوردستانیبوونی پارتی، نهێنی سەركەوتنەكانیەتی

کوردستانیبوونی پارتی، نهێنی سەركەوتنەكانیەتی
کوردستانیبوونی پارتی، نهێنی سەركەوتنەكانیەتی

هەڵبژاردنی رۆژی 11-11- 2025 بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، چەند ڕاستییەكی گرنگی سەلماند، كە دەكرێ وردتر و بە شێنەیی سەرنج بدرێت و لێی وردببینەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان بە دروشمێكی واتادار و بڕوابەخۆبوونەوە، چووە ناو ئەم هەڵبژاردنە و تەنانەت لە بانگەشەكەشیدا هێمانە و بەبێ هیچ هەڵچوون و گرژییەك پلان و بەرنامەی كاری لیستەكەی خۆی خستەڕوو، كاندیدەكانی بە جەماوەر و دەنگدەرانی خۆی ناساند و هیچ سەرپێچییەكیشی نەكرد.
لەگەڵ ئەوانەیشدا، بۆ یار و نەیار دەركەوت، كە کوردستانیبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا لە دروشمەکانیدا نەبوو، بەڵکو لە هزر و بیر و کردەوەکانیدا ڕەنگی دەداتەوە، تەنیا لیستی پارتی کۆکەرەوەی هەموو ڕەنگە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، کوردانی ئێزدی، کوردانی فەیلی، کلدۆ ئاشووری و تەنانەت عەرەبە ڕەسەنەکانیش لە ناوچەكانی خۆیاندا، بەربژێری پارتی بوون و سەركەوتنیێكی بەرچاویشیان بەدەست هێنا، كە ئەم سەركەوتنە گوزارشتێكی ڕوون و ئاشكرابوو لەوەی كە پارتی هەموو ڕەنگ و نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك لەخۆ دەگرێت.
هەروەها پارتی لەم هەڵبژاردنەدا سەلمانی كە تاكە حزبە بە لیستێكی سەربەخۆ و بەبێ هیچ هاوپەیمانێتییەك لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستانیش، كە زیاتر ملیۆنێك و سەد هەزار دەنگی هەیە و پێگەی جەماوەریی پارتی لەسەر ئاستی عیراقدا بەرزترین پێگەیە و لەم سەركەوتنەشیدا پشتی بە گەل و نەتەوەكەی بەستووە. 
لەوانەیە کەسێک بپرسێت، نهێنی هەڵكشان و باڵابوونی بەردەوامی پارتی لە چیدا بێت؟ بە وەڵامدانەوەیەکی خۆڕسكانە دەڵێم: ئاشکرایە لە پاراستنی پرەنسیپەکانی سیاسەتی نیشتیمانی، نەتەوەیی پێشکەوتنخواز و لێزانینی ئامانجداری بە پلان، لەوەدایە پارتی دوور لە خەمڵاندنی بێ بنەما هەنگاو دەنێت، پابەندە بە خواستە نەتەوەییەکان و ئاوێتەبوونی ژیانی هاوسەنگی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردەواری، سازاندنی کەشی لەباری هەماهەنگ لەگەڵ دەرهاوێشتەکانی سەردەم، پارتی بابەتییانە بیر دەکاتەوە و دوور لە هەڵپەی حزبییانە هەنگاو دەنێت، چونکە بڕوادارە بەوەی (حزب ئامرازە) و سەرفرازیی گەل و نیشتیمان، ئامانج و خواستی نەگۆڕی پارتییە، پارتی قەوارەیەکی بەرفراوانە، كە هەموو پێکهاتەکانی کوردەواری لە خۆی دەگرێت و هیچ لایەنێك فەرامۆش ناكات، ئەوەیش نهێنی سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە كۆمەڵگەی كوردی بە شێوەیەكی گشتی هوشیار و بەئاگایە، دەزانێت چ حزبێك لە خەمی خاك و خەڵكدایە و چاوی هەموو ئەو پێشكەوتنانە دەبینێت، كە پارتی داینەمۆیەكەیەتی.