عارف ڕوشدی
نووسەر
پرسی كورد نەتەوەییە، کۆمەڵایەتی نییە
پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، چارەسەریش دەبێت لەسەر بنەمای "کوردایەتی" بێت. لە هەموو پرسێكی نەتەوەییشدا چەمكی "برایەتیی گەلان" بیرۆکەیەکی ناواقیعی و زیانبەخشە، چونكە نەتەوە باڵادەست و داگیركەرەكان هەمیشە سوود لەم چەمكە وەردەگرن بۆ چەوساندنەوەی زیاتری ئەو نەتەوانەی كە بێ دەوڵەتن. بۆ پرسی نەتەوەی كوردیش لە ئێستاو لە رابردووشدا، هەوڵە دیپلۆماسی و نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک رێگای راستەقینە بۆ هەموو كێشەو ئاریشەیەك ئومێدی زۆری لەسەر هەڵدەچنرێت.
مێژووی گەلی کورد شایەتی ئەوە دەدات، کە بەهۆی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و داواکردنی مافە رەواکانییەوە، هەمیشە رووبەڕووی ستەم، چەوساندنەوە و پێشێلکاریی نامرۆڤانەی داگیرکەران بووەتەوە. ئەم راستییەش پێماندەڵێت، کە پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، نەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی یان چینایەتی یان ململانێ لەگەڵ نەتەوەكانی دراوسێ. هەربۆیەش دوژمنان و داگیرکەران کاتێک هێرش دەکەن، جیاوازی لە نێوان بیروباوەڕە سیاسی و ئایینییەکانی تاکەکانی کورددا ناکەن، بەڵکو تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن، دەکرێنە ئامانج.
لەم سۆنگەیەوە، تاکە رێگای سەرکەوتن و گەیشتن بە مافەکانمان، بریتییە لە یەکخستنی هەموو تواناکانمان لە ژێر چەتری ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پشتبەستن بە بیری نەتەوەیی و کوردایەتی، پێویستە خەباتی رزگاریخوازیی کورد لەسەر ئەم بنەما پتەوە بەردەوام بێت، چونکە ئەزموون سەلماندوویەتی کە هەر رێگایەکی دیکە، جگە لە زیان و لێکترازان، هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
جێگەی پرسیار و نیگەرانییە کە دوای ئەو هەموو کارەسات و رووداوە خوێناوییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان، هێشتا لایەنی سیاسی هەبن کە پێداگیری لەسەر دروشمی وەک "کۆمەڵگەی دیموکراتیک و برایەتیی گەلان" بکەن. ئەم دروشمە لە رابردوودا هیچ دەستکەوتێکی ستراتیژیی بۆ گەلی کورد بەدینەهێناوە و لە داهاتووشدا نایهێنێت.
بەڵکو، لە زۆر دۆخدا ئەم جۆرە دروشمانە بوونەتە بیانوویەک بە دەست داگیرکەران و ناحەزانی گەلی کوردەوە بۆ شەرعیەتدان بە سیاسەتی سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی، بەلاڕێدابردنی دۆزی رەوای کورد و کەمکردنەوەی لە ئاستی نەتەوەییەوە بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی پاساو بۆ بەردەوامیدان بە داپلۆسین و کوشتاری کوردان، هەروەک چۆن ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان بە کردەیی دەیبینین.
لە بەرامبەر ئەم دیدگا ناڕوونەی دوژمناندا، سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک رێبەرێکی نەتەوەیی خاوەن ئەزموون و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە پشتیوانیی جەماوەری گەلەکەمان، ستراتیژێکی روون و کوردانەیان گرتووەتە بەر و لە هەوڵێکی بەردەوام و بێوچاندان بۆ گەیاندنی هاوکاری و کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوەتا لە رووی دیپلۆماسییەوە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و دروستکردنی گوشارێکی نێودەوڵەتی، تاکو پرسی کورد لەو بەشەی وڵات لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاشتییانەو شەرەفمەندانەدا چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە کە مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکات.
بۆیە ئەركی هەموو كوردێكی خاوەن ویژدان و بەهەڵوێستە، كە پشتگیری هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بكەن و یەكڕێزی و یەكگوتاریی لە پرسە نەتەوەییەكاندا بكرێتە سەنتەر، چونكە روون و ئاشكرایە، کە رێگای راستی خەبات بۆ گەلی کورد، پشتبەستنە بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و ستراتیژێکی روونی کوردانە، نەک پەنابردنە بەر دروشمی گشتی و بێناوەڕۆک، کە خزمەت بە دۆزی رەوای گەلەکەمان ناکات و رێگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی خۆشتر دەکات.