بۆ دەنگ بە لیستی (275) بدەین؟

بۆ دەنگ بە لیستی (275) بدەین؟
بۆ دەنگ بە لیستی (275) بدەین؟

لە چرکەساتە مێژووییە چارەنووسسازەکاندا، گەلان لەبەردەم چەندین بژارەدا دەوەستن تا چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن. ئەوەتا ئەمڕۆش گەلی کوردستان لە دەروازەی وێستگەیەکی هەڵبژاردنی گرنگدا دەوەستێت، کە پێویستیی بە هۆشیارییەکی قووڵ هەیە بە ڕابردووی شکۆمەند و ئێستای گەشەسەندوو و داهاتووە گەشاوەکەی خۆی. 

ئەمە ئەو چرکەساتەیە کە ئەوەمان لێ دەخوازێت هەموومان ئەو کاروانە درێژەی خەباتی گەلی خۆڕاگری کوردستان وەبیر بهێنینەوە، ئەو کاروانەی کە زیاتر لە نیو سەدەیە (سەرۆک بارزانی) سەرکردایەتی دەکات، ئەو ڕێبەرە مێژووییەی کە هەر بە تەنیا سەرۆکێکی سیاسی نەبوو و نییە، بەڵکوو تا ئێستاش هێمایەکی زیندووی ئیرادەی ئازادیخوازی کورد، ئیلهامبەخشی خۆڕاگری و بەردەوامی و تەلارسازی ئەو گوتارە نەتەوەیی و نیشتمانییەیە کە لەژێر ئاڵای شکۆدار و شەکاوەی کوردستاندا، ورەی خۆڕاگری و گیانی بەرەنگاری و خۆنەچەماندن بە بەر کوردستانییان دەکاتەوە.

(سەرۆک بارزانی) بەدرێژایی تەمەنی خەبات و تێکۆشانی، لە داڕشتنی گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی ڕەسەن کە لە قووڵایی مێژووی کوردەوە هەڵدەقوڵێت، سەرکەوتوو بوو.. گوتارێک کە چاوی لەسەر ئاسۆی نوێبوونەوە و پێشکەوتنە.. گوتارێک کە هاوسەنگیی لەنێوان پارێزگاریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و کرانەوە بە ڕووی جیهاندا، لەنێوان ڕەسەنایەتی و هاوچەرخی، لەنێوان جێگیربوون لەسەر بنەما و بەهاکان و نەرمیی لە شێوازی گەیاندنیاندا، ڕادەگرێت. ئەو گوتارەی کە ڕۆشنایی هیوای خستە ناو دڵ و دەروونی ملیۆنان کوردستانی و لە تاریکترین باردۆخەکاندا، ئاڵنگارییەکانی بۆ دەرفەت، نەهامەتییەکانی بۆ بەخۆداچوونەوە و کەوتنەکانی بۆ هەڵسانەوە گۆڕی. گوتارێک کە ئەمڕۆ بووەتە ڕێ و ڕێبازێک کە سەرکردایەتییە گەنج و هۆشیارەکانی کوردستان، مەشخەڵەکەیان بەوپەڕی دڵسۆزی و شارەزاییەوە هەڵگرتووە. 

بانگەوازی بەردەوامی (سەرۆک بارزانی) بۆ یەکگرتن و یەکڕیزیی، تەنیا دروشمی سیاسی نین کە لە بۆنەکاندا دووبارە دەکرێنەوە، بەڵکوو ڕوانگە و دنیابینییەکی قووڵ و دووربینە. ڕوانگەیەک باوەڕی بەوەیە کە هێزی کورد لە یەکگرتوویییاندایە و پەرتەوازەبوونیشیان تاکە هۆکاری لاوازبوونیانە و دنیابینییەک درک بەوە دەکات کە دوژمنی ڕاستەقینە تەنیا لە دەرەوەی سنوورەکان نییە، بەڵکوو ئەو دووبەرەکی و دابەشبوونە نێوخۆییەیە، کە هەمیشە ئەگەری ئەوەی هەیە دزە بکاتە نێو ڕیزەکانمانەوە.

لەکاتێکدا کە ئەم میراتە بەهادار و بەنرخە وەبیر دێنینەوە، ناتوانین ستایشی وەرگێڕانی کردەیی ئەم ڕوانگە و میراتە لە واقیعدا و لە ڕێگەی حکوومەتەکانی (نێچیرڤان بارزانی) و حکوومەتی (مەسرور بارزانی)یەوە نەکەین، کە قسەکردنیان بۆ کردار، دەستبەتاڵییان بۆ دەستکەوت و خەونیان بۆ ڕاستییەکی بەرجەستە گۆڕی. کردار و دەسکەوت و ڕاستییەک کە هاووڵاتیی کوردستانی لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستیان پێ دەکات و تیایاندا دەژیێت. 

هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵانی ڕابردوودا ڕابوون و گەشەسەندنێکی هەمەلایەنەی بەخۆوە بینیوە کە تەواوی کەرتە جیاجیاکانی ژیانی گرتۆتەوە، هەر لە پەرەپێدانی بێ وێنەی ژێرخانەوە بگرە کە خۆی لە تۆڕەکانی ڕێگاوبان و پرد و فڕۆکەخانەکاندا دەبینێتەوە، تا کەرتی تەندروستی و پەروەردە کە نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکانی هاوشانی وڵاتە پێشکەوتووەکانن و زانکۆ و پەیمانگاکانیشی بوونەتە چرای زانست و زانیاری و خوێندکاران لە هەموو لایەکی ناوچەکەوە ڕوویان تێی کردووە. ئەمەو تا دەگاتە وەبەرهێنانی گەورە لە بوارەکانی ئاوەدانی، وزە، پیشەسازی، ئاو و ئاوەڕۆ، کشتوکاڵ و گەشتیاری، بەم دواییانەش پڕۆژەی ڕووناککردنەوەی کوردستان، دروستکردنی پۆند و بەنداو، سیستەمی بە بانکیکردن،  حکوومەتی دیجیتاڵی و زۆر پڕۆژەی دیکەی گرنگ و ستراتیژی. 

دیارە ئەم کار و کردار و دەستکەوتانە بەرهەمی ڕێکەوت نەبوون، بەڵکوو بەرهەمی ڕوانگەیەکی ستراتیژیی ڕوون، سیاسەتێکی دانایانەی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و باوەڕێکی قووڵ بوون بە توانای گەلی کوردستان بۆ بنیاتنانی داهاتووی خۆی، بە دەستی خۆی.

حکوومەتەکانی (نێچیرڤان بارزانی) یەکەم بەردی بناغەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریان دامەزراند، نەخشەڕێی بونیادنان و پەرەپێدانیان داڕشت، پەنجەرەکانی پەیوەندییان لەگەڵ جیهاندا کردەوە و شوێنی کوردستانییان لەسەر نەخشەی هەرێمیی و نێودەوڵەتیدا بەهێز کرد. بەدوایاندا حکوومەتی (مەسرور بارزانی) بە پلان و بەرنامەی تۆکمە، بە پڕۆژەی گرنگ، بە هەنگاوی جێگیر و بەرهەمدار، بەردەوامیی بە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان دا، هاوکات ئازایانە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە ئابووری و ئاستەنگە سیاسییەکان بووەوە و بە ورە و دانایییەوە، هەنگاوی بەرەو داهاتووی کوردستانێکی هاوچەرخ هەڵگرتووە، کە توانای کێبڕکێ و گەشەسەندنی هەیە. 

ئەم دوو سەرکردایەتییە گەنجە، سەلماندیان کە دڵسۆزیی بۆ ڕوانگە و میراتی (سەرۆک بارزانی) بە قسە و دروشم نییە، بەڵکوو بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، بە پلان و پڕۆژە، بە کار و کۆششی بێوچانە لەپێناو بەرەوپێشبردنی کوردستان و خزمەتکردنی کوردستانییان. ڕوانگە و میراتێک کە پەیامەکەی کارکردن و هەوڵدانی بەردەوامە بۆ پەرەپێدان و دەسکەوتی زیاتر، بۆ هەر شتێک کە کوردستان دەبووژێنێتەوە و ئاستی ژیان و گوزەرانی کوردستانییان بەرز دەکاتەوە و لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە، بوون و شکۆ و مافەکانی کوردستانییان دەپارێزێت.

دەنگدان بە لیستی پارتی لەناو ئەم هەموو حزب و قەوارانەدا، تەنیا دەنگدان نییە بە پارتێکی سیاسی، بەڵکوو دەنگدانە بە بەردەوامی و سەقامگیری، دەنگدانە بە ئەزموون و شارەزایی، دەنگدانە بە دەستکەوتە بەرجەستەکان، دەنگدانە بە یەکڕیزیی نیشتمانی، دەنگدانە بەو حزبەی کە توانای بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردن و پەرەپێدان لە واقیعدا و بە کردەنی، سەلماندووە. 

پارتی کە لە سەخت و خراپترین قۆناغەکاندا سەرکردایەتیی کاروانی خەباتی کوردستانی کردووە، کە هەرێمی کوردستانی لە هەڕەشە و مەترسییەکان پاراستووە، کە دامەزراوەکانی بنیاد ناوە، کە ژێرخانی پەرەپێداوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەهێز کردووە، ئەمڕۆ شایانی ئەوەیە دەنگدەری هۆشیاری کوردستانی، ئەو دەنگدەرەی ئەو ڕابردووە پڕ خەبات و قوربانیدان و ئەو میرات و ئەزموونە دەوڵەمەندەی پارتی دەبینێت، متمانە و دەنگی خۆی بە لیستی (275) بدات.

ئەمڕۆش، لەم وێستگە گرنگەی هەڵبژاردندا، هەموو کوردستانییەک لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییدا دەوەستێت، کە هیچی لەو بەرپرسیارێتییانە کەمتر نییە کە باوک و باپیرانمان لە سەنگەرەکانی خەبات و تێکۆشاندا هەڵیانگرتبوو، کە ئەویش دەنگدانە بە لیستی (275)ی پارتیی دیموکراتی کوردستان.

گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو ئازاری زۆری بەدەست ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوەوە چەشتووە، تاڵیی پەرتەوازەیی و دابەشبوون و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی لەبەردەم دوژمنەکانیدا لاوازیان کردووە و بەو هۆیەوەش لە گەیشتن بە مافە ڕەوا و ئامانجە پیرۆزەکانی، بێبەش بووە. بۆیە گرنگترین وانەیەک کە دەبێت لەم مێژوومان فێری بین، ئەوەیە کە هێز لە یەکڕیزی دایە و سەرکەوتن و پێشکەوتن تەنیا بە یەکگرتن بەدەست دێت.

لەم گۆشەنیگایەوە، پاراستنی دەسکەوتەکان، هێنانەدی ئامانجەکان، زامنکردنی مافەکان، بنیاتنانی نیشتمان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان، ئەوە لە هەمووان دەخوازن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێین و بە چاوی سەر نا، بەڵکوو بە چاوی عەقڵ و دڵ، ئەو هێز و لایەنە ببینین کە دەتوانێت وەڵامگۆی هەموو ئەو ئاوات و ئامانجانەمان بێت. بەدڵنیاییەوە ئەو هێز و لایەنەش پارتیی دیموکراتی کوردستانە کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای کوردستانی کردووە و دەکات و هێمای یەکڕیزیی نیشتمانی بووە، کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستانی لە باوەش گرتووە و بەردەوام بانگهێشتی بۆ دانوستان و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ڕێگا ئاشتیخواز و دیموکرات و شارستانییەکان کردووە.

بووژاندنەوەی ژێرخانی هەرێمی کوردستان تەنیا بریتی نییە لە حەساوەیی و خۆشگوزەرانی، بەڵکوو پێویستییەکی چارەنووسسازە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز کە توانای دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان و ڕاکێشانی ئەو سەرمایە و وەبەرهێنانانەی هەیە کە چەرخی گەشەپێدان دەسووڕێنن. 

حکوومەتەکانی (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) لە ڕێگای ئەو پڕۆژە گەورانەی کە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێم جێبەجێیان کردوون و بەو پڕۆژانەش کە هێشتا تەواو نەکراون و کاریان تێدا دەکرێت، تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ ئەو ڕاستییە سەلماندووە. ئەوەی ئەمڕۆ بە ڕێگاوبانەکانی کوردستاندا بگەڕێت، یان لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشت بکات و  سەیری پڕۆژە نیشتەجێبوون و پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانی کوردستان بکات، ناتوانێت ئەو پێشکەوتنە بەرچاو و گۆڕانکارییە گەورەیەی هەرێمی کوردستان نەبینێت و نرخ و بەهای هەوڵەکانی ئەو سەرکردایەتییە دانا و دووربینە نەزانێت، کە سەرەڕای هەموو سەختی و ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان، ئەم گۆڕانکارییانەی کردووەتە ڕاستییەکی بەرجەستە.

ماوەتەوە بڵێین، ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەر کوردستانییەک کە خۆی بە دڵسۆزی ئەم دەسکەوتانە و کاروانی نەپساوەی خەبات و خزمەت بزانێت و  خەمخۆری داهاتووی گەشی کوردستان و نەوەکانی بێت، دەرفەتێکی زێڕینە تا ئەم دڵسۆزی و خەمخۆرییەی خۆی بە دەنگ و متمانەپێدان بە لیستی (275) بسەلمێنێت. چونکە دەنگدان و متمانەدان بە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان، دەنگدانە بە بەردەوامیی ئاشتی و ئارامی و ئاسایش، دەنگدانە بە بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی بنیاتنان و پەرەپێدان، دەنگدانە بە پاراستنی دەسکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان، دەنگدانە بە بەهێزکردنی یەکڕیزیی کوردستانی و تێپەڕاندنی سەرجەم قەیرانەکان و زاڵبوون بەسەر هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکاندا. 

با هەموومان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا بین کە لەسەر شانمانە. با دەنگی هەڵبژاردنمان بکەین بە پەیامێکی ڕوون، کە گەلی کوردستان هۆشیارە و یەکگرتوو و یەکدەنگ، بڕیار دەدات کە لە کاروانی بنیاتنان و پێشکەوتن بەردەوام بێت. کوردستان شایانی ئەوەیە کە وەک چۆن باوک و باپیرانمان لە ڕۆژانی سەختی خەبات و تێکۆشاندا، یەک دەست و یەک دەنگ، سەنگەرەکانی بەرگریان چۆڵ نەکرد و دەیان داستانی پڕ سەروەرییان بە خەبات و خوێنی خۆیان تۆمار کرد، ئاواش لەو خەباتە مەدەنی و دیموکراسییەدا، ڕۆژی هەڵبژاردن، یەکڕیز و یەکگرتوو، بەهێز، بە باوەڕ و متمانەوە، بۆ یار و نەیار، بۆ دۆست و دوژمنانی بیسەلمێنین کە داهاتوو هی ئێمە و نەوەکانمانە.