نووری بێخاڵی
نووسەر
سەرۆکی وەزیرانی عێراق لە نێوان لۆژیکی سیاسەت و پێداویستیی دەوڵەتدا
بە درێژایی زیاتر لە 20 ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی سەرۆکی حکوومەت لە عێراق، پرۆسەیەکی تەکنیکی نەبووە و نییە کە پشت بە لێهاتوویی و توانای پێشکەشکردنی چارەسەر بەستبێت، بەڵکوو پرۆسەکە هاوکێشەیەکی ئاڵۆز بووە کە زۆربەی جار بەرژەوەندیی بەناویەکداچووی سەروو بەرژەوەندیی نیشتمانی، ئاراستەیان کردووە و دەیکەن. کاتێکیش لەو پێشمەرجانە ورد دەبینەوە ڕێڕەوی ئەم پڕۆسەیان دیار کردووە و دەکەن، لە ئاست ئێستا و داهاتووی سیستمی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق، تووشی نیگەرانی و بێهوودەیی دەبین.
یەکەمین پێشمەرج پەیوەستە بە پابەندبوون بە دەستنەدان لەو ڕێکخستنە ئابوورییە تەریبانەی دەوڵەت، کە هێزە سیاسییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دروستیان کردووە. بەوپێیەی ئەم هێزانە بوونەتە قەوارەی ئابووریی زەبەلاح و تۆڕی دارایی و بازرگانیی بەرفراوان بەڕێوە دەبەن. بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراوە کە هەر کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت بەربژێر بکرێت، دەبێ بەڵێنی دەست نەبردن بۆ ئەم تۆڕانە بدات و بیر لە هیچ هەوڵ و هەنگاوێک نەکاتەوە کە سبەی ڕۆژ بیانخاتە ژێر چاودێریی حکوومەت.
ئەم مەرجە شاراوەیەش واتای ئەوەیە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هێز و ناوەندە تەریبەکانی دەوڵەت، دەبێ دەوڵەت دەست لە سەروەریی ئابووریی خۆی هەڵبگرێت و سەرۆک وەزیران ببێتە چاودێری دابەشکردنی سامانی نیشتمانی، نەک پاراستن و پارێزگاری لێکردنی.
پێشمەرجی دووەم پەیوەستە بە پەسەندکردنی پێشوەختەی ئەوەی کە عێراق لە داڕشتنی سیاسەتەکانیدا ئازادیی تەواوی نییە، بە تایبەتی ئەو سیاسەتانەی کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر هاوسەنگییە هەرێمییەکان هەبێت. واتە نابێت سەرۆک وەزیران بوێریی ئەوە بداتە بەر خۆی بیر لە هیچ هەنگاوێک بکاتەوە، کە ڕەنگە هێزە هەرێمییە کاریگەرەکان بێزار بکات، هەرچەندە ئەم هەنگاوانە لە بەرژەوەندیی عێراقیشدا بن.
ئەمەش واتای ئەوەیە کە سەروەریی نیشتمانی لە وەرگرتنی بڕیاردا، زیاتر تیۆرییە لەوەی واقیع بێت و حکوومەتی عێراق درێژکراوەی لێکتێگەیشتنە هەرێمییەکان دەبێت، نەک ئەوەی گوزارشت لە ئیرادەی سەربەخۆی نیشتمانیی بکات.
پێشمەرجی سێیەم بریتییە لەوەی کە هەر کەسێک بەربژێر بێت و بەرلەوەی پۆستەکە وەربگرێت، پێویستە ڕەزامەندیی هەندێ لایەنی دیاریکراوی دەرەکی بەدەست بهێنێت. ئەم مەرجەش ئاماژەیە بۆ بوونی ڤیتۆ و میکانیزمگەلێکی ڕانەگەیەنراو کە کۆنتڕۆڵی پرۆسە سیاسییەکە دەکەن، هاوکات ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی کە بە تەنیا بەغدا بڕیاری کۆتایی لە دانانی سەرۆکی حکوومەت نادات.
ئەم ڕاستییەش نیشانەی پرسیارێکی گەورە لەسەر ڕاددەی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی عێراقی دادەنێت و سەرۆک وەزیران کەسایەتییەک دەبێت کە پێشوەختە هەمووان لەسەری سازاون و پەسەندیان کردووە، کەسایەتییەک دەبێت کە بە تەواوی، نوێنەرایەتیی بڕیار و بژارەی ڕاستەقینەی تاکە لایەن و کەسێک ناکات.
لە هەمووان نیگەرانکەرتر، پێشمەرجی چوارەمە، کە ئەزموونی بەڕێوەبردن و لێهاتوویی پیشەیی دەخاتە پەراوێزی پەراوێزی مەرج و پێشینەییەکان. لەکاتێکدا دەوڵەت لە باری ژێرخان، خزمەتگوزاری، بێکاری و گەندەڵیدا ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵ و ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە، کەچی سەرۆک وەزیران لەسەر بنەمای توانای بەڕێوەبردنی هاوسەنگییە سیاسییەکان دەستنیشان دەکرێت، نەک بە ڕەچاوکردنی توانا و لێهاتوویی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.
ئەم کودەتایە بەسەر پێوەرەکان و هەڵگەڕانەوەیە لە پرەنسیپەکاندا، ڕاستیی ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی سەرەڕای بەدوایەکداهاتنی حکوومەتەکان، دەوڵەتی عێراقی لە کارکردی حکوومەت و حوکمڕانیدا، تا ئەم چرکەساتەش هیچ گەشە و گۆڕان و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەم پێشمەرجانە بەسەریەکەوە، وێنەی سیستمێکی سیاسی دەکێشن کە هاووڵاتی تیایدا لە هاوکێشەی هەڵبژاردندا بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە و ئەو حکوومەتەی کە دەبێت ئامرازێک بێت بۆ خزمەتی گەلانی عێراق بە جیاوازیی پێکهاتەکانیانەوە، کەچی بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئیدارەدانی سازان و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە دەسەڵاتدار و هەژموونگەراکان.
پرسیاری گرنگ و سەرەکی لەم نێوەدا ئەوەیە: لە سایەی ئەم لۆژیکەدا چۆن دەتوانرێت دەوڵەتی هاووڵاتی و دامەزراوەی کاریگەر بونیات بنرێن؟