دەنگە میلیۆنەکەی پارتی چوار پەیام هەڵدەگرێت

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

هەڵبژاردنی 11ی 10ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وێستگەیەکی گرنگ بوو لە مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەم هەڵبژاردنە تەنیا پڕۆسەیەکی دەنگدان نەبوو، بەڵکوو گەڕانەوەیەکی شکۆدار بوو بۆ پێگەی حزبی میلیۆنی و دووپاتکردنەوەی متمانەی جەماوەر بە ڕابەرایەتیکردنی سەرۆک مەسعود بارزانی. ئەم سەرکەوتنە مەزنە، چەندین پەیامی گرنگی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

یەکەم: پارتی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، توانی بە دەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ، دووبارە ببێتەوە بە حزبی میلیۆنی و بیسەلمێنێت کە هێشتا گەورەترین و کاریگەرترین هێزی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم ژمارە زۆرەی دەنگەکان، نیشانەی ڕوون و ئاشکرای پاڵپشتی جەماوەرییە بۆ نەخشەڕێگا و پڕۆژەکانی پارتی.

دووەم: سەرکەوتنی پارتی ڕەگ و ڕیشەی لە پڕۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریدا هەیە کە کردوویەتییە سەرمەشق. خەڵکی کوردستان بە چاوی خۆیان بینیویانە چۆن پارتی لە ناوچە جیاوازەکاندا، پڕۆژەی گەورەی ئاوەدانی و ژێرخانی ئەنجام داوە. لە کاتێکدا زۆر لایەنی دیکە خەریکی ململانێ و پڕۆژەی لاوەکی بوون، پارتی بەردەوام بووە لەسەر خزمەتکردنی خەڵک و پێشخستنی هەرێم. ئەم سیاسەتەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی، وایکردووە پارتی ببێتە جێگەی متمانەی خەڵک و لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا، پاداشتی ئەو خزمەتانەی وەرگرتووەتەوە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە خەڵک لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، پشتگیری لەو لایەنە دەکەن کە کاری کرداری بۆ باشترکردنی ژیانیان دەکات.

سێیەم: پارتی لە پرۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراقدا خاوەنی سەنگ و دەنگێکی کاریگەر دەبێت. بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگ و کورسییانەی لە پەرلەمانی عێراق بەدەستی هێناوە، پارتی دەبێتە یەکێک لە گەورەترین پارتە سیاسییەکان و تەنانەت لە ئاستی عێراقیشدا، هێزێکی کاریگەر دەبێت. ئەمەش وای لێدەکات بتوانێت ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی حکومەتی نوێی عێراق و بڕیارە چارەنووسسازەکاندا ببینێت. دەنگی پارتی، دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە لە بەغدا، و بەم هێزەوە دەتوانێت بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بکات و کاریگەرییەکی باشی هەبێت لە جێگیرکردنی پرسی کورد لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا.

چوارەم: پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە خاوەنی کردار بووە نەک تەنیا دروشم. لە کاتێکدا زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان خەریکی دروشم و بەڵێنی بێ کردار بوون، پارتی بە درێژایی حوکمڕانی بە کردار خزمەتی خەڵکی کوردستانی کردووە. پڕۆژە گەورەکانی ئاوەدانی و ژێرخان، نموونەی زیندووی ئەو کردارانەن. لە قەیرانەکاندا و کاتی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، پارتی بە کردار خاوەنی هێزی پێشمەرگە بوو کە گیانی خۆیان فیدا کرد بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان. ئەمە وایکردووە پارتی لە لایەن خەڵکەوە متمانەی پێبدرێت، چونکە بە چاوی خۆیان بینویانە کە دروشمەکانی پارتی دەبنە واقیع و خزمەتی ڕاستەقینە پێشکەش دەکرێت. هەر ئەمەش وایکردووە لە هەڵبژاردنەکانیشدا، سندوقەکانی دەنگدان ببنە شایەتی ئەو کردار و خزمەتانە.

کەواتە، سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنە دووپاتکردنەوەی سەنگ و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، زیادبوونی دەنگەکانی پارتی بەم ڕێژە بەرچاوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، پارتی حزبی خەڵکە و هەر بۆ خەڵکیشە.