لێکدانەوەیەکی زۆر سادە

لێکدانەوەیەکی زۆر سادە
لێکدانەوەیەکی زۆر سادە

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پێمان دەڵێت کە: پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمە، نوێنەری کوردە لە بەغدا، ئەوەش لە کاتێکدا کە: زۆرترین هێرشی میدیایی لەلایەن نەیارەکانی و تەنانەت هاوپەیمانە ستراتیجییەکەشیەوە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، لەسەر پارتی بوو، پارتی لای دەنگدەری هەرێم کرابووە ئەو لایەنەی کە هۆکاری نەهامەتی و شکستی سیاسەتەکانی کوردستان بووە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

کەواتە یان زیاتر لەیەک ملیۆن دەنگدەری کورد هەڵەن کە دەنگیان بە پارتی داوە، یان ئەوانە هەڵەن کە نەیاری پارتی بوون؟ .

لە دەنگدانی ئەمجارە، گومانەکان لەسەر ساختە ڕەوینەوە، ئەو گومانەی کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 2018 بووە واقیع، هەرچەندە گومانێکی کەم لەسەر دەنگی پوچەڵ هەیە، کە ئەویش پێویستی بە پیداچوونەوەیە، تا بزانرێت ئایا پووچەڵی ڕاستەقینەن یان ساختە، ئەوەش پەیوەندی بە پارت و لایەنە سیاسییەکان و کۆمیسیۆنەوە هەیە، بەڵام لەهەموو ئەمانەدا دروستکردنی گومان لەسەر دەنگی زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی کە دەنگی بە پارتی داوە، گومانێکی خۆ هەڵخەڵەتاندنە.

بەڵکو ئەم ڕێژەیە سەلمێنەری ئەوەیە کە: پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی لاوە و خاوەنی گڕ و تینێکی گەنجانەیە، هەروەها پارتی دەتوانێت بەشێوەیەکی زانستییانە لە کێبڕکێی هەڵبژاردندا بەشداری بکات، لەبەرامبەردا لایەنەکانی دیکە لەبەرامبەر دژایەتیکردنی پارتی و فۆکس خستنە سەر ئەزموونەکانی پارتی دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن، بەرنامەی هەڵبژاردن دابڕێژن، واتە لە خودی خۆیاندا خاوەنی بیرۆکەیەکی سیاسی نین، بەڵکو خاوەنی بیرۆکەی ڕەخنەگڕتنن لەپارتی و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە دەتوانن دەنگ بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

کەواتە پارتی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگی بەدەست هێناوە، هاندەری ملێۆنێک دەنگدەری دیکەش بووە، لەوانەیە یەکێک بڵێت کە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، پارتی خاوەنی ملیۆنێک دەنگی ناڕازییە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی، ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەم هاوکێشەیەش بۆ حزبەکانی دیکەش ڕاستە بۆ نموونە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار دەنگدەر لە یەکێتی ڕازی نییە، بۆ لایەنەکی دیکەش بەهەمان شێوە و هەر یەکە و بەپێی ڕێژەی دەنگەکانی، بۆیە پیرۆزە لە پارتی و سەرکەوتنی لە بەدەستهێنانی سۆز و هاندانی دوو ملیۆن دەنگدەر.