شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم
نووسەر
کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ... ئاسۆیەک بۆ سازان ... دووڕیانێک بۆ دابڕان
ئەزموونی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هەر لە یەکەم کابینەی هەرێم تاوەکو ئێستا ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت؛ کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو پارتی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانن، دووانەیەکن لە ترۆپکی لێکدابڕاندا ڕایەڵەی پەیوەندییەکان بە نەبینراوی بوونیان هەبووە، دەروازەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەمیشە واڵابووە، زۆرانبازی نێوانیان گەر گەیشتبێتە (مریشکە ڕەش)ـەش، هەر (تاڵە دەزوولەکەی موعاوییە) ون نەبووە.
کەواتە چۆن دەکرێت پاش پتر لە ساڵێک دوای هەڵبژاردن، کابینەی حکوومەت پێک نەهێنرێت، بۆچی هاوکێشەکە هێندە ئاڵۆز بووە، لە ئێستادا بوونی یەکڕیزی بۆتە ئاواتێک، لە کاتێکدا کە تەنیا بە یەکڕیزی توانراوە مافەکان بەدەست بهێنرێن و بەرگرییان لێ بکرێت؟، پێم وایە ئەم بابەتە پێویستی بەوەیە ڕاشکاوانە، وەڵام بدرێتەوە، کە دەشێت لەم خاڵانەی خوارەوە وەڵامێک وەربگرین.
یەکەم؛ سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەو بەربەستە گەورەیەیە کە هەمیشە وەک فاکتەرێک سەیر دەکرێت لەبەردەم نا سەقامگیریی سیاسی، ئەوەی ڕوونە کە سیستەمی دیموکراسی بە بوونی هێزی براوە و بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن گەشە دەکات، سییتەمی ڕێژەیی ئامانجیش بەشداری سەرجەم هێزە سیاسییەکانە لە کردەی سیاسیدا، لێرە لە کوردستان سیستەمەکەمان ڕێژەییە و ئۆپۆزسیۆنمان هەیە!، کەواتە یان با سیستەمی زۆرینە پەیڕەو بکەین و ئەو کات کێ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، حکوومەت پێکبهێنێت، یان با ڕێژەیی بێت و هەمووان بەشداربن و هەر لایەنە و بەپێی ڕێژەی دەنگەکانی لە حکوومەتدا پۆستی هەبێت و هەر کەسێکیش نەهات با بە وەکالەت لایەنەکانی دیکە پۆستەکانی بەڕێوەبەرن، ئەمەش دمانگەیەنێتە ئاستی سەقامکیریی بیروگراتییەتی بەڕێوەبردنی هەرێم، دواتر لەڕووی سیاسییەوە دەکرێت کە گفتوگۆ لەسەر خاڵە ناکۆکەکان بکرێت.
دووەم؛ ئۆپۆزسیونی ناکارا و پاشکۆی ژینگە سیاسییەکە هۆکارێکی دیکەیە، ناکرێت ئۆپۆزسیۆن لەم سیستەمەدا لەبەرپرسیاریەتی هەڵ بێت، هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن بە فۆرمی سیستەمی زۆرینە لەم جۆرە سیستەمانەدا بەرهەم نایەت، بەڵکو لە خراپترین دۆخدا، ئەگەر بەشداری حوکڕانیش نەکات، پێویستە هێندە خۆی بەخاوەن بڕیار بزانێت کە بتوانێت لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە حکوومەت پێکدەهێنن فاکتەری یەکلاکەرەوەی بڕیارەکانی پێکهێنانەوەی حکوومەت بن، کەواتە لە دۆخی کوردستاندا پێویستە لەسەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەو لایەنەی مافی پێکهێنانی حکوومەتی پێ ڕادەسپێردرێت هەڵوێستی هەبێت و دۆخەکە لە چەقبەستوویی ڕزگار بکات، ئەگەر وا نەکات، کەواتە زەرورەتی بوونی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
سێیەم؛ نەبوونی دەستوور، چونکە یەکێک لە ئەرکە هەرە گەورەکانی دەستوور کاتبەندی پڕۆسەی سیاسییە، لەوەدا، بەواتەیەکی دیکە، ئەگەر هەرێمی کوردستان، خاوەنی دەستووری خۆی بوایە، ئێستا لە دەقی ماددەکانی دەستوور چارەسەر دەدۆزرایەوە و پڕۆسەی سیاسی هێندە دووچاری بەستن نەدەبوو لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتدا.
چوارەم؛ پارتە سیاسییەکان کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتی بەدەستهێنانی کات و بەستنەوەی پڕۆسەی سیاسی بە پڕۆسەی سیاسی عێراقەوەیە کە دواجار کێشەکانی ئاڵۆزترکرد، لەڕاستیدا لە سیاسەتدا بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەو فاکتەرانەی هۆکاری کێشەن یەکەیەکە (عزل) دەکرێن، بەڵام ئەمەی لێرە ڕوودەدات بریتییە لە (جمع) هۆکارەکان، ئەوەش تاکە ئامانج لێی هەڵکشان و توندتربوونی کێبڕکێ سیاسییەکایە، بەوەش زیاتر دوورکەوتنەوە و لێکدابڕان دروست دەبێت.
کەواتە بۆ چارەسەری ئەم کێشانە و دووبارە و دەبارە نەبوونەوەی پێویستمان بەوەیە کە ڕاشکاوبین و لە پڕۆسەی دیموکراتیدا قبووڵی ئەوە بکەین کە دەشێت یەکەم نەبین، ببینە فاکتەرێک بۆ ئەوەی دەستوورێک دابڕێژین کە مافی هەموومان زامن بکات، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بین، خاوەنی هەڵوێستێکی سەربەخۆبین.