11/11 ... وێستگەى دواتر

11/11 ... وێستگەى دواتر
11/11 ... وێستگەى دواتر

11/11/2025 هەڵبژاردن بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق ئەنجامدراو دواتر لە ماوەیەکى پێوانەییدا ئەنجامە بەراییەکان و دواتر ئەنجامە کۆتاییەکان ڕاگەیەنرا، خێرایی لە پڕۆسەى جیاکردنەوەى دەنگەکان و پەسەندکردنى ئەنجامەکان و یەکلاییکردنەوەى تانەکان لەو ماوە پێوانەییە کەمەدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە هەڵبژاردنى ئەم خوولەى پەرلەمانى عێراق جیاوازە لە خوولەکانى پێشوو، لەمەوە دەتوانرێت پێشبیى ئەوە بکرێت کە پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراقیش بەرمەبناى ئەم هەڵبژاردنە خێراتر بەڕێوە دەچێت وەک خوولەکانى پێشوو، ئەمەش لە وێستگەى دواى (11/11) ـەوە، دەستپێدەکات.

دوا وێستگە کە توانى ژمارەیەکى زۆر لە سەرکردە باڵاکانى عێراق لە ناو پرسێکى هاوبەشدا کۆبکاتەوە کۆڕبەندى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە بۆ ئاشتى و ئارامى لە زانکۆى ئەمەریکى لە دهۆک، کەواتە کۆبوونەوەى ئەم هەموو هێزە نەیار و یارانە، ئەو هەموو ئاڕاستە و ڕێچکە دژ و هاوسۆزانە، لە پرسێکى هاوبەشدا کە ئارامى و ئاسایشە، لەژێر چەترى زانکۆیەک کە ناوى (ئەمەریکى) هەڵگرتووە لە دهۆک، چۆن؟ بۆ؟.

ئەوەى ڕوون بۆتەوە دواى هەڵبژاردن ئەوەیە کە: "ئەمەریکا سوورە لەسەر پەیامەکانى خۆى ئەوەش ئەوەیە کە لە حکوومەتى داهاتووى عێراقدا جێگە نییە بۆ میلیشیا سەربازییەکان"؛ هەروەها "کورد سەلماندى کە پایەیەکى سەرەکى سەرکەوتنى پڕۆسەى دەنگدانە بە بەڵگەى ڕێژەى بەشداربووان لە پڕۆسەکەدا. لەگەڵ تێبینییەکانى کورد لەسەر یاسای هەڵبژاردن، بەڵام تاوەکو ئێستا گەمەى دیموکراسی بە تاکە بژاردەى دەرچوون لە قەیرانى ڕەوایەتى دەبینێت لە پڕۆسەى سیاسی عێراقدا"؛ هەروەها "مانەوەى عێراق دەخوازێت کە چەند فۆرمێکى سیاسەتکردن لە پڕۆسەى سیاسی لە قەبارەى سروشتى خۆیاندا بهێڵدرێنەوە لەگەڵ ڕەخساندنى دەرفەتى پێکەوە کارکردن بۆ ئەو فۆرمانەى چاوەڕوانى هەڵوێستى جیاوازیان لێدەکرێت". 

ئەو چۆنێتییانەى سەرەوە پێمان دەڵێت ئومێد زۆرە کۆڕبەندى (مێپس – MEPS)، سەرەتاى گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکوومەتى نوێی عێراق بێت، بە تایبەتى کە بەشێکى زۆرى هێزە سیاسییە بەهێزەکان لەناو هۆڵى کۆڕبەندەکەدا ئامادە بوون، ئەم نزیکییە و گفتوگۆ لەسەر پرسی ئاسایش و ئارامى، سەرەتایەکى بەهێزە بۆ باس لە پرسەکانى دیکە.

دەرفەتێکە کە کورد لەڕێگەى کۆڕبەندێکى نێودەوڵەتییەوە و بۆ پرسێکى نێودەوڵەتى خستویەتە بەردەستى سەرکردە عێراقییەکان، بۆ ئەمەش کاک مەسعود بارزانى گوتی "لە دواى 2003 ـەوە، ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکە"، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت عێراق دروست بێت، با ئەمە سەرەتاکە بێت.