هەرمن ئەحمەد
نووسەر
لە دهۆکەوە بۆ جیهان.. مێپس (MEPS) سەکۆی نەخشاندنی ئایندە و دیپلۆماسییەتە واقعبینەکەی مەسرور بارزانی
لە کاتێکدا تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر لێواری تەقینەوە گەورەکان وەستاوە و دەنگی تۆپ و ململانێکان باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، لە شاری دهۆک و لە ناو دڵی زانکۆی ئەمریکی کوردستان، دیمەنێکی جیاواز و هیوابەخش دەرکەوت. شەشەمین کۆڕبەندی (ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2024)، تەنها بۆنەیەکی پرۆتۆکۆلیی ساڵانە نەبوو، بەڵکو ژووری ئۆپەراسیۆنی عەقڵانیەت بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێتیی جەنگ، لەم نێوەندەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەک تەنها وەک خانەخوێ، بەڵکو وەک ئەندازیاری دیدگای نوێی ناوچەکە دەرکەوت، کە توانی سەرنجی جیهان لە کێشە کاتییەکانەوە بۆ چارەسەرە ڕیشەییەکان ڕابکێشێت.
مەسرور بارزانی..داڕێژەری دۆکترینێکی سیاسیی نوێ
ئەوەی لەم کۆڕبەندەدا جێگەی سەرنجی چاودێران و دیپلۆماتکارانی جیهانی بوو، ئەو متمانە و دیدگا واقعبینانەیە بوو کە مەسرور بارزانی خستەڕوو، ئەو بە زمانێکی سیاسیی سەردەمیانە و دوور لە دروشم، پەنجەی خستە سەر برینەکان. ڕۆڵی سەرۆک وەزیران لەم کۆڕبەندەدا لە چەند ڕەهەندێکەوە کاریگەریی دروستکرد:
1- سەرکردایەتیکردن لە کاتی قەیراندا: مەسرور بارزانی سەلماندی کە سەرکردەیەک نییە تەنها بۆ کاتە ئارامەکان، بەڵکو خاوەنی ئەو سەبری ستراتیژیـیەیە کە دەتوانێت لە ناو گێژاوی ناوچەکەدا، هەمووان لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە، ئەمە نیشانەی باڵادەستیی هەرێمی کوردستانە وەک ئەکتەرێکی سەقامگیری.
2-ڕاشکاوی لەگەڵ دۆست و نەیار: لە وتارەکەیدا، بەڕێزیان زۆر ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت تەنها تەماشاکەر بێت،ئەو پەیامەی گەیاند کە ئاسایشی کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی جیهان و پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی کوردستان، دەرەنجامی خراپی بۆ هەموو ناوچەکە دەبێت.
مێپس.. کردنەوەی دەرگای دۆسیە قەدەغەکراوەکان
گرنگیی ئەمساڵی مێپس لەوەدابوو کە بوێرانە دەستی بۆ ئەو بابەتانە برد کە زۆرجار فەرامۆش دەکرێن یان وەک مەترسیی لاوەکی سەیر دەکرێن:
•ئاسایشی فرەڕەهەند (Multidimensional Security): کۆڕبەندەکە چەمکی ئاسایشی فراوانتر کرد، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، گفتوگۆکان تەنها لەسەر داعش و گرووپە چەکدارەکان نەبوو، بەڵکو جەخت لەسەر ئاسایشی ژینگەیی و خۆراک کرایەوە، هۆشداریدان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەریی لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە، نیشانەی ئەوەیە کە سەرکردایەتیی کورد خاوەنی تێڕوانینێکی جیهانییە بۆ مەترسییەکان.
•حکومڕانی وەک کلیلی چارەسەر: یەکێک لە تەوەرە گرنگەکان ئەوە بوو کە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها دەستوەردانی دەرەکی نییە، بەڵکو خراپیی سیستەمی حکومڕانییە، مۆدێلی هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەک بۆ پێکەوەژیان و گەشەپێدان سەرەڕای ئابلۆقەکان، وەک وانەیەک بۆ ناوچەکە خرایەڕوو.
دهۆک.. لە شارێکی دڵگیرەوە بۆ پایتەختی دیالۆگ
شەشەمین کۆڕبەندی مێپس، شاری دهۆکی خستە سەر نەخشەی دیپلۆماسیی جیهانی، ئامادەبوونی نوێنەرانی باڵای ئەمریکا، ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی عەرەبی، دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ بوو بەوەی کە کوردستان ناوەندی بڕیارە، زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان (AUK)، کە بە دیدگای مەسرور بارزانی دامەزراوە، بووەتە هێمایەک بۆ ئەوەی کە چەکی ئێمە زانست و دیالۆگە.
پەیامێک بۆ ئایندە
کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، پەیامێکی ڕوونی گەیاند: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ململانێی هێز هەموو شتێکی وێران کردووە، هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی و دیدگای مەسرور بارزانی، وەک دوورگەی ئارامی و خاوەن دەستپێشخەری دەمێنێتەوە، ئەم کۆڕبەندە سەرکەوتنێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو، کە سەلماندی کورد خاوەنی کارنامەیەکە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ئاشتیی جیهانی، نەک تەنها ناوچەکە. مەسرور بارزانی لەم کۆڕبەندەدا تەنها قسەی نەکرد، بەڵکو نەخشەڕێگایەکی پێشکەش کرد کە ئەگەر گوێی لێ بگیرێت، ناوچەکە لە تونێلی تاریک دەردەهێنێت.