د. سامان سۆرانی
نووسەر
ڕووناکی کوردستان لە بەرامبەر تاریکی هێرشەکان
جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان خۆی لە بەردەم هێرشێکدا بینیەوە، کە شادەمارەکانی ئاسایشی ئابووریی و وزەی گازی کردە ئامانج.
هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێك لە کۆگاکان، ئەگەر چی خۆشبەختانە زیانی گیانی مرۆیی لێنەکەوتەوە، بەڵام لێکەوتەکانی لە ڕووی ئابووریی و خزمەتگوزارییەکان زۆر بەرجەستەن.
ئەم هێرشە بەدیاریکراوی بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی کارەبا، لە 4000 مێگاواتەوە بۆ تەنیا نزیکەی 1000 مێگاوات.
ئەم دابەزینە گەورەیە دەستبەجێ لە ژیانی هاووڵاتییاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، بەو پێیەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە 24 کاتژمێرەوە بۆ نزیکەی 5 کاتژمێر لە زۆر ناوچەدا کەمکرایەوە.
هەروەها کارەکانی هەناردەکردنی کارەبا بۆ هەندێ لە پارێزگاکانی عێراق بە تەواوی وەستا و هەناردەکردن نزیکەی 10%ی کۆی بەرهەمی کارەبای وڵاتەکەی پێکدەهێنا.
ئەم ژمارانە تەنیا دڵەڕاوکێی تەکنیکی نیشان نادەن، بەڵکو ئاماژەن بۆ ڕادەی لاوازی ژێرخانی ئابووریی لە بەرامبەر هێرشە دووبارەبووەکان، کە سەقامگیری ئابووریی و خزمەتگوزارییەکانی هەرێم دەکەنە ئامانج.
هێرش بۆ سەر کۆرمۆر بەرپرسیارێتییە دەستوورییە ڕوونەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە پاراستنی سنوورەکان و ئاسمانی دەخاتە ژێر پرسیار، کە لەم ئەرکەیدا کەمتەرخەمی نوواندووە، بە لاوازی ڕەفتارکردنی بووە بە مایەی چالاكبوونی ئەو لایەنانەی ،کە لە دەرەوەی یاسان و بۆشایی ئەمنی پڕدەکەنەوە ، ئەمەش مەترسی لەسەر یەکڕیزی بڕیاری ئاسایشی دەوڵەت دروست کردووە.
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هێرشانەدا نابێت بۆ حیساباتی سیاسی یان لێکگەیشتنێکی کاتی جێبهێڵرێت.
بە ئامانجگرتنی دامەزراوەیەکی ستراتیژی وەکوو کێڵگەی کۆرمۆر کاریگەری لەسەر تەواوی ئاسایشی عێراق دەبێت، هەروەها نەمانی متمانە بە توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی سەروەت و سامان و ئیمکاناتە گرنگەکانی درووست دەکات.
ئەگەر پەنجەکانی تۆمەت هەر جارێك ئاماژە بە "لایەنە نەناسراوەکان" بکەن، ئەوا ڕووداوەکانی سەر زەوی بە ڕوونی نیشان دەدەن، کە میلیشیاکانی دەرەوەی یاسا بوونەتە توخمێکی سەرەکی لە بەرجەستەبوونی دیاردەی ناسەقامگیری.
ئەم گرووپانە کە لەدەرەوەی دەوڵەت کاردەکەن و بە گوێرەی ئەو ئەجێندایانە دەجوڵێنەوە، کە ملکەچی بڕیاری نیشتمانی نین، ژینگەیەکی ناتەندرووست دەڕەخسێنن بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وزە و لاوازکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنە سەر وەبەرهێنانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
بەردەوامی بوونی ئەم گرووپانە بەبێ لێپرسینەوەی ڕاستەقینە، وا دەکات هەر دامەزراوەیەکی ئابووریی یان خزمەتگوزاری بکرێت بە ئامانج و عێراق و ناوچەکەش بخرێتە بەردەم هاوکێشەیەکی مەترسیدار، بۆیە ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە ئاسایش بپارێزێت، لەکاتێکدا هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا بە ئازادی جوڵە دەکەن و کاریگەریی نەرێنییان هەیە لەسەر تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری.
ئەمەش وا دەکات ئێمە لەو باوەڕەدابین، کە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی سەر کۆرمۆر و دامەزراوە مەدەنییەکانی دیکە سەرکەوتوو نابێت، بەبێ ئیرادەیەکی ڕوونی فیدراڵی بۆ سنووردارکردنی کاریگەریی میلیشیاکان و کۆتاییهێنان بە دەرکەوتنی ئەو چەکە ونبووە،.
بە دڵنیاییەوە هێزە تاریکەکان هەوڵی ڕاگرتنی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵام ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هەوڵەکانی ڕوخاندنیان بەهێزتر دەمێنێتەوە.
پێویستە نەیارانی گەلی کوردستان ئەو ڕاستیە بزانن، کە سەرەڕای ئەوەی تاوانباران سەرقاڵی کاولکاری و بڵاوکردنەوەی ئاژاوەن، گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
هەرێمی کوردستان چەندان جار سەلماندوویەتی، پڕۆژەکانی گەشەپێدانی لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا ناوەستن و بە ئیرادەی بەهێزییەوە ڕووبەڕووی ئالنگارییەکان دەبێتەوە. ئەم سەقامگیرییەی هەرێمی کوردستان تەنیا پێگەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردایەتی سیاسییە و لەسەرووی هەموویانە ڕەنگدانەوەی دیدگا و ستراتیژی سیاسی سەرۆك بارزانی و هۆشیاری جەماوەری و پێداگرییەکی بە کۆمەڵە لەسەر پاراستنی ئەوەی بەدەست هاتووە بۆ گەیشتن بە تەواوکردنی ڕێگەی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی کوردستان.