سیروان مینە خان
نووسەر
لە شەوچراغی جزیرییەوە بۆ پێشمەرگایەتیی بارزان
هەستی نەتەوایەتی لە مێژووی کورد دا تەنیا لە ڕێگەی سیاسەتەوە دەرنەکەوتووە، بەڵکو ڕەگێکی قوڵی ڕۆشنبیریی و مەعریفی هەیە کە سەرەتاکەی لە ئەدەبی کلاسیکەوە سەرچاوە دەگرێت.
مەلای جزیری (15701640)، وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئەم ڕەوتە، تەنیا سۆفییەکی خوداناس نەبوو، بەڵکو عاشقێکی سەرسەختی زمانی کوردی و خاکەکەی بوو. کاتێک جزیری دەفەرموێت: "شەوچراغێ شەڤێن کوردستانم"، لێرەدا سنووری جوگرافی و ڕۆحیی نەتەوەکەی دیاری دەکات و زمانی کوردی دەکاتە ئاڵایەک بۆ سەلماندنی هەبوونی نەتەوەیەک لە بەرامبەر ئیپمراتۆریەتەکانی ئەو سەردەمەدا.
ئەم "شەوچرا"یەی جزیری دایگیرساند، بە درێژایی مێژوو نەکوژایەوە و گواسترایەوە بۆ مەیدانی پراکتیکی و شۆڕشگێڕی، کە لە دەڤەری بارزاندا گەشەی کرد:
سەرەتا لە ڕێگەی شێخ ئەحمەدی بارزانەوە، کە هەستی نەتەوایەتی تێکەڵ بە بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان کرد. شێخ ئەحمەد فێری کردین کە پاراستنی ژینگە و ڕێزگرتن لە مرۆڤ بەشێکن لە ناسنامەی کوردی، ئەمەش زەمینەسازیی بوو بۆ ئەوەی ڕۆحیەتی جزیری لە کتێبەکانەوە بێتە ناو دڵی تاکەکان.
دواتر ئەم مەشخەڵە گەیشتە دەستی مەلا مستەفای بارزانی، باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد. بارزانیی نەمر، ئەو عەشقە ڕۆحییەی جزیری و ئەو پەروەردە ئەخلاقییەی شێخ ئەحمەدی کردە شۆڕشێکی سەرتاسەری. ئەگەر جزیری بە "قەڵەم" بەرگری لە مانەوەی کورد کردبێت، ئەوا مەلا مستەفا بە "خەبات و پێشمەرگایەتی" ئەو مانەوەیەی مسۆگەر کرد و وایکرد "کوردستان" تەنیا وشەیەکی ناو شیعر نەبێت، بەڵکو دۆزێکی سیاسیی جیهانی بێت.
ئەمڕۆش، ئەم زنجیرە زێڕینە لە کەسایەتی سەرۆک مەسعود بارزانیدا بەرجەستە دەبێتەوە. سەرۆک بارزانی وەک هەڵگری میراتی پێشینان، هەمان ئەو شانازییەی جزیری هەیبوو بە کوردبوونی خۆیەوە، لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و لە سەنگەرەکانی بەرگریدا دەریخستووە. ئەو لە هەمان کاتدا پارێزەری کولتوورەکەی جزیری و ڕێبازەکەی بارزان و بیر و هەستی نەتەوایەتی یە.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین هەستی ناسیۆنالیستی لای کورد پەتێکی پچڕان نەبووە؛ ئەوەی مەلای جزیری بە "وشە" چاندی، شێخ ئەحمەدی بارزان بە "ئەخلاق" ئاوی دا، بارزانیی نەمر بە "خوێن" پاراستی و سەرۆک بارزانیش بە "حیکمەت" بەردەوامی پێ دەدات.