عەبدولسەتتار ئەحمەد باغەمرەیی
نووسەر
خێرخوازی؛ لووتکەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە دیدگەی ئایینە ئاسمانییەکان و پەیامە مرۆییەکاندا
کاری خێرخوازی، یەکێکە لە بەها مرۆییەکان بۆ دابینکردن و پڕکردنەوەی پێویستی و پێداویستی ئەوانی دیکە و بەهاناوەچوون و لەخۆگرتن و پەنادان و دەربڕینی ئینتیمای سۆز و هەماهەنگی و بەجێهێنانی ئەرکێکی پیرۆز، کە لە ئەنجامدا گوزارشت لە پێکەوەیی، هاریکاری، پەیمان و بەیەکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دەکات.
ئایین و پەیامە ئاسمانییەکان و بەرنامە دونیەوییەکان لە پرسی کاری خێرخوازی و هەماهەنگی و هاریکاریی کۆمەڵایەتیی هاوڕا و تەبان و هیچ دژوانییەک لە نێوانیاندا نییە. وێڕای جەختکردنەوەیان لەسەر ئەو پرسە، وەکوو دەقێکی جێگیر و پێویستکراو، هاوکات جەخت لەسەر وەبەرهێنان و بە کردەنیکردنی ئەو بەهایانە دەکەنەوە بەپێی شوێنکات و لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە و لە پێناو بەدیهێنانی چەندان ئامانجی هاوبەش، کە نیشانەی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و هاوچارەنووسساز و وابەستەی بەرژەوەندی و پێوەندییە ئەرێنییەکانە.
هەر یەک لە ئیسلام، مەسیحی و جوو، وەکوو سێ ئایینیی ئاسمانی کە پەیڕەوان و شوێنکەوتووانیان زۆرە، جەختیان لەسەر کاری خێرخوازی و بەهاناوەچوون و بەدەنگەوەچوونی یەکدی کردووەتەوە و خۆبواردنیشیان لەم ڕووەوە بە بەجێنەهێنانی فەرمانی خوا ناو بردووە؛ واتە مرۆڤ بە بەجێنەهێنانی ئەو ئەرکە، دەکەوێتە بەر دۆخێکی قبووڵنەکراو و لە لای خواوە و گوناهبارە.
ئیسلام، مەسیحی و جوو، دەقی چەسپاویان بۆ بەگەڕخستنی گیانی هاوکاری هەیە و لەسەر ئەم کارلێکە کۆمەڵایەتی و مرۆییە، چوست، تۆکمە و سەختگیرن. قورئان دەفەرموویێ: {وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى..} المائدة/2. واتە: ئێوە بۆ کاری چاکە هاوکار و تەبا بن. ئایەتەکە بۆ موسڵمانان بە داڕشتە (صیغة)ـی ئەمر هاتووە و موسڵمان لە بەرانبەر بەجێنەهێنانی وەکوو ئەرکێکی ئایینی، گوناهبار دەبن.
هاریکاریی مرۆیی لە ڕوانگەی ئایینیی مەسیحی، لەسەر بنەمای خۆشەویستی، لێبووردەیی و ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ دامەزراوە، بۆ بەهانەوەچوون و پشتیوانیکردنی لێقەوماو و بێدەرەتان و چەسپاندنی دادپەوەریی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان و داننان بە بەهای هەر تاکێک، سەرباری جیاوازییەکانی هەردوو لایەنی ئایدیا و ماتریالی نێوانیان.
جوو، وەکوو هەر ئایینێکی دیکەی ئاسمانی، هاریکاریی مرۆیی وەکوو بەشێک لە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتر و فرەوانتر لە بەجێهێنانی فەرمانە ئیلاهییەکان بۆ چاکەکردن و چەسپاندنی دادپەروەریی و ڕەچاوکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیاریەتی مێژوویی لە قەڵەم داوە.
میتزڤۆت (Mitzvot)، لە ئایینی جوو، ئەو چەمک و وەسیەتنامەیە، کە دەبێت لە کردەوەی ئەرێنیی شوێنکەوتووانی ڕەنگ بداتەوە، نەخاسمە بۆ هاریکاریی ئەوانی دیکە و چاکەخوازیی جیهان و دوورکەوتنەوە لە چرووکی و پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی و کاری خۆبەخشی، کە هەموو ئەمانەیش پێوەستن بە ڕاستگۆیی (Tzedakah) و ئیحسان (Gemilut Chassadim)، بە هەردوو لایەنی ماددی و مەعنەوی.
چاکەخوازی و هاریکاریی مرۆیی لە لای غەزالی تایبەتمەندییەکی پرۆسەی ڕیفۆرمی نەفسە بۆ دوورکەوتنەوە و خۆڕزگارکردن لە خودپەرستی و گەیشتن بە بەهایەکی بەرزی ڕووحی، کە گەیشتنە بە مەبەستی ناسینی خوا. هەروەها وای دەبینێت، هاریکاریی گەیشتنە بە خۆشبەختی کۆمەڵایەتی و تەنیا بە کۆدەنگیی مەدەنیانە و هاریکاری لە ئەداکردنی ئەرکە گەورە و جەوهەری و بەرزەکاندا بە دی دێت.
چاکەخوازی و چاکەکردن لە دیدی ئادەم سمیس (Adam Smith)، فەیلەسووفی ئەخلاقی و ئابووریی سکۆتلاندی، پێوەستە بە هاوبەشییەکی ویژدانی وەکوو پێوەرێک بۆ بەها و کۆنترۆڵی ئەخلاقی. پێی وایە، بەرجەستەبوونی گیانی هاریکاری لە هەر مرۆڤێک، گوزارشت لەو کۆنترۆڵە ئەخلاقییە دەکات، کە مرۆڤ لە کاتی پێویستدا توانای پێشکەشکردنی هاریکاری هەیە و خۆی لێ نادزێتەوە.
سمیس وای دەبینێت، ئەم بڕیار و هەستە، بەرهەمی ئەخلاق و ئابووریی مرۆڤە و لە ئەنجامدا بۆ خزمەتی گشتیی تەوزیفی دەکات.
دەیڤید هیووم (David Hume)، فەیلەسووف و ئابوورناسێکی دیکەی سکۆتلاندییە و هاوشێوەی سمیس پێی وایە، هەستکردن بە ئازاری ئەوانی دیکە، ئاستی لایەنی سۆزداری و هەماهەنگی لە هەستکردنێکی پەتی (مجرد)، بۆ جووڵەیەکی ئەخلاقیی هۆشیارانە بەرز دەکاتەوە و بۆ ڕزگارکردنی ئەوانی دیکە خۆی لە ڕووحی خۆویست و نەرجەسیبوون ڕزگار دەکات.
مرۆڤ بە گشتیی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بە پێی گەشە و پێشکەوتن و ڕەوتی سروشتی، دەتوانێت هاوسۆزی نیشان بدات و هەست بە پێویستی، پێداویستی و ئازارەکانی ئەوانی دیکە بکات و خۆی لە ناویاندا ببینێتەوە، ئەمەش لووتکەی پێکەوەژیانە.