ئاڵای کوردستان هێمای شانازی و قوربانیدان و یەکڕیزییە

ئاڵای کوردستان هێمای شانازی و قوربانیدان و یەکڕیزییە
ئاڵای کوردستان هێمای شانازی و قوربانیدان و یەکڕیزییە

بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای ئاڵای کوردستان تەنها بۆنەیەکی ڕووکەش نییە، بەڵکوو دووپاتکردنەوەی شانازیمانە بە ناسنامەی نەتەوەییمان و دانپێدانانە بە هێما مێژووییە قووڵەکەی. 

17ی کانوونی دووەم، ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێت، هەڵگری گرنگییەکی بێئەندازەیە، بەرجەستەکردنی بنەماکانی کوردستانیبوونە و ڕەنگدانەوەی شانازییەکی گەورەی مێژووی خەباتی گەلی کوردستانە. 

لەم ڕۆژەدا بەڵێنی یەکڕیزی و یەکبوون نوێ دەکرێنەوە و گەلی کوردستان پابەندبوونی خۆیان بە نیشتمانپەروەری و سەربەخۆیی و هاوکاری دووپات دەکەنەوە.

ئەو ئاڵایەی ئەمڕۆ بە بەرزی دەشەکێتەوە زیاترە لە پارچە قوماشێکی ڕەنگاوڕەنگ. هێمای شانازی و شکۆمەندی و بەرجەستەکردنی ئەو مێژووەیە، کە گەلی کوردستان بە درێژایی سەدەکان بە خوێنی لاوانی نووسیویەتی. 

هەڵکردنی ئەم ئاڵایە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێکی مێژوویی بەرچاو لە 17ی کانوونی دووەمی 1946 کە بۆ یەکەمجار لە شاری مەهاباد لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرکردە و باوکی نەتەوەی کورد مستەفا بارزانی هەڵکرا. لەو ڕۆژەوە ئاڵای کوردستان لە پاڵ سروودی ئەی ڕەقیبی دڵداری شاعیر بۆتە هێمای خۆڕاگری و خەبات، و جێگای شانازییە بۆ هەموو کوردستانییەك لە سەرانسەری جیهان.

ئاڵای کوردستان لە سێ ڕەنگی سەرەکی پێکهاتووە: سوور، کە هێمای ئەو قوربانییە مەزنانەیە کە گەلی کوردستان لە خەباتی بەردەوامی بۆ  ئازادی و دادپەروەری داویە؛ سەوز، کە نوێنەرایەتی سروشتی جوانی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕەنگدانەوەی هیوای خەڵکە بۆ ئایندەیەکی گەش و بەردەوام؛ و سپی، کە هێمای ئاشتی و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە. لە ناوەندی ئاڵاکەدا خۆرێکی زەرد دەدرەوشێتەوە، کە 21 تیشکی هەیە، کە هێمای ئەو ئایینە کۆنانەیە کە گەلی کوردستان پەیڕەویان کردووە و وێنەیەکی ئەرێنی هەمەجۆریی کولتووری و ئایینییە.

ئەم ئاڵایە، کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستان و لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵدەکرێت، مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات و قوربانیدانیشی لە ناخیدا هەڵگرتووە، سیمبولی بەرخۆدانی پێشمەرگەیە دژ بە تیرۆر و داگیرکەران. ئاڵای کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعش وەکوو نیشانەی یەکڕیزی و یەکگرتوویی کوردستانیان و هێمای وەستانەوە لە بەرامبەر ئالنگارییەکان خۆی نواند.

بێ گومان ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی لە بەهێزکردنی پێگەی ئاڵای کوردستان یەکلاکەرەوە بووە. 

لە ساڵی 2009 سەرۆك بارزانی بەڕەچاوکردنی بڕیاری پەرلەمان و ڕپێشنیارەکانی حکومەت ڕۆژی 17ی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەکوو ڕۆژێکی فەرمی بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان ناساند. 

ئەم هەنگاوه تەنها بڕیارێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو پەیامێکی ڕوون بوو که بەهێزبوونی ناسنامەی نەتەوەیی و قووڵترکردنی هەستی سەڕبەخۆبوون لای هەموو تاكیکی کوردستانی کورد دووپات کردەوە . جگە لەوەش، سەرۆك بارزانی پابەندی خۆی بۆ ئەوە دەربڕی، کە ئاڵای کوردستان وەکوو سیمبولی یەکڕیزیی نەتەوەیی بمێنێتەوە، دوور لە هەر هەوڵێك بۆ دابەشبوون و پەرتەوازەیی لە ڕووی ئایدیۆلۆژیاوە، تاکوو ئاڵای کوردستان وەکوو هێمایەکی کۆمکار بۆ یەکگرتووی لای هەموو چین و توێژەکانی گەلی کوردستان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی کوردستان بەرز ڕابگیرێت.

لە کۆتاییدا دەڵێین ڕۆژی ئاڵای کوردستان وەکوو بۆنەیەکی گرنگ لە هزری کوردستانیان دەمێنێتەوە، کە یەکڕیزی گەلی کوردستان و سەرجەم دامودەزگاکانی نیشان دەدات. 

ڕۆژی شانازیکردنە بەو ناسنامە نەتەوەییەی، کە نەیاران ناتوانن لە داهاتوودا بیسڕنەوە، ئەو ئاڵایەی، کە لە ئاسماندا دەشەکێتەوە، بە بەرزی دەمێنێتەوە، هێمای شکۆمەندی و قوربانیدان و یەکگرتوویی نەتەوەییە، لەژێر هیچ دۆخێك خۆی ناچەمێنێ.