مەسرور بارزانی و دیپلۆماسییەتی هاوسەنگی

مەسرور بارزانی و دیپلۆماسییەتی هاوسەنگی
مەسرور بارزانی و دیپلۆماسییەتی هاوسەنگی

ڕاستە لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، گۆڕانکارییەکی لەسەرخۆ، بەڵام بنەڕەتی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین چۆن "هاوسەنگی ستراتیژ" وەکوو پارادایمێك لەلایەن سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی بە لێهاتوویی پەیڕەو دەکرێت و لەو ڕێگەیەوە بە چ شێوەیەك نوێنەرایەتیی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی دەکرێت لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. 

ئەم پارادایمە، ڕەنگدانەوەی وەڵامدانەوەی هۆشیارانەیە بۆ گۆڕانکارییە خێراکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، کە تایبەتمەندە بە فرەیی ناوەندەکانی هێز، پاشەکشەکردنی شێوازەکانی جەمسەرگیری کلاسیکی و زیادبوونی تێكەڵبوونی ڕەهەندە سیاسی، ئابووری و ئاسایشییەکان. 

بەکارهێنانی هاوسەنگی ستراتیژ، لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەزموون  و توانای حکوومەتەکەی بەرجەستە دەکات، کە پراکتیکێکی سیاسی دەگۆڕێت بۆ دیدێکی ستراتیژی.

میتۆدی هاوسەنگیی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان، لەسەر هاوکێشەیەکی وورد دامەزراوە، کە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و هەمەچەشنکردنی بازنەکانی هاوبەشی تێکەڵ دەکات، بەبێ ئەوەی بەشداری هاوپەیمانە سفرییەکان بێت، یان گرەو لەسەر جەمسەرە ناکۆکەکان بکات. 

ئەمەش بە ڕوونی لە توانای دیپلۆماسیەتی هەرێم دەردەکەوێ، کە جووڵەی هاوتەریب لە ناو بازنەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا و ڕۆژئاوا ئەنجام دەدات، لە هەمان کاتدا، پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ زلهێزەکان دەپارێزێت، کە پەراوێزێکی فراوان دەدات بە هەرێمی کوردستان بۆ مانۆر و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە بواری دانوستاندا. 

بە خوێندنەوەیەکی ووردمان بۆ هاوسەنگی ستراتیژ، تێگەیشتنێکی پێشکەوتووی هەرێم بۆ سروشتی ئالنگارییەکانی هاوچەرخ ئاشکرا دەبێت، کە سیاسەتی دەرەوەی تەنها لە پرسە سیاسی و ئاسایشییەکاندا سنووردار ناکات، بەڵکو فراوانتری دەکات بۆ چوونە ناو دیپلۆماسی ئابووری و ژینگەیی و پشتیوانیکردن لە ڕێڕەوەکانی گەشەپێدان و بەشداریی چالاکانە لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ئەم ڕێبازە هاوسەنگە، ڕەنگدانەوەی توانای مەسرور بارزانی دەردەخات لە تێکەڵکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی لەگەڵ کاریگەری دەرەکی، ئەمەش وایکردووە هەرێم وەکوو یاریزانێكی بەرچاو لەناو هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەکەدا دەرکەوێت. 

لە کۆتاییدا، ئەم هاوسەنگییە ستراتیژە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی حوکمڕانیی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، لەسەر دیدگایەکی درێژخایەن دامەزراوە، کە کاردانەوە هەنووکەییەکان تێدەپەڕێنێت و هەوڵدەدات ڕۆڵی هەرێم وەکوو هێزێك بۆ سەقامگیری و هاوسەنگی لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیدا بچەسپێنێت، ئەو سیستەمەی خەریکی دووبارە داڕشتنەوەیە و ئێستا ململانێ و قەیران و بارودۆخی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت. 

بێگومان، ئەم هاوسەنگییە ستراتیژە پێگەی هەرێم وەکوو ئەکتەرێکی کاریگەر لەسەر ئاستی هەرێمی لە چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتی بەرز دەکاتەوە.