وریا مەعرووف
نووسەر
فێستیڤاڵەکانی هەولێر؛ پردێک بۆ ناسنامەی مرۆیی و کارلێکی کۆمەڵایەتی
لەکاتێکدا جیهان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە ساڵێکی نوێ دەکات، هەولێر وەک ناوەندێکی گەشاوەی گەشتیاری و کولتووری لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت؛ ئەم شارە دێرینەی مێژووەکەی بە قەڵایەکی چەند هەزار ساڵەوە گرێدراوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتا ڕۆژەكانی ساڵ هەولێر بەرگێكی نوێ دەپۆشێت.
فێستیڤاڵەکانی سەری ساڵ لە پایتەختی هەرێمی کوردستان تەنیا گۆڕینی ژمارەیەکی ساڵنامە نین، بەڵکو پاڵنەرێكی بەهێزی ئابووری و ڕووداوێکی فرەڕەهەندن کە وێنەیەکی دەگمەنی کارلێکی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا نیشانی جیهان دەدەن، بەمەش هەولێر دەبێتە شوێنی یەکگرتنی ناسنامە مرۆییەکان و جێهێشتنی کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر جەستەی کۆمەڵگە.
گەورەترین دەستکەوتی فێستیڤاڵەکانی سەری ساڵ لە هەولێر، ئەو کارلێکە کۆمەڵایەتییە چڕەیە کە لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا ڕوودەدات. تۆ دەبینیت خێزانێکی هەولێری لە تەنیشت گەشتیارێکی بەغدایی و بازرگانێکی بیانی ڕاوەستاون و پێکەوە چاوەڕێی یارییە ئاگرینەکان دەکەن. ئەم کۆبوونەوە جەماوەرییە "هەستی پێکەوەبوون" بەهێز دەکات. لە سەردەمێکدا کە سۆشیاڵ میدیا مرۆڤەکانی لێک دوورخستووەتەوە، فێستیڤاڵی سەری ساڵ لە هەولێر دەبێتە دەرفەتێک بۆ کارلێکی ڕاستەقینە و ڕووبەڕوو.
مرۆڤەکان لە ڕێگەی پێکەنین، پیرۆزبایی و وێنەگرتنی هاوبەشەوە، پەیوەندییەکی مرۆیی کاتی، بەڵام کاریگەر دروست دەکەن کە هەستی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی کەم دەکاتەوە و گیانی لێبووردەیی بڵاودەکاتەوە.
هەولێر لەم بۆنەیەدا زیرەکانە توانیویەتی مۆدێرنیتە و ڕەسەنایەتی ئاوێتە بکات. لە کاتێکدا درەختی سەری ساڵ و گڵۆپە ڕەنگاوڕەنگەکان لە هەموو لایەک دەبینرێن، بەڵام ناسنامەی نەتەوەیی کورد وەک ڕۆحێک لە ناو فێستیڤاڵەکەدا ئامادەیە.
جلوبەرگی کوردی کە گەنجان بە شانازییەوە دەیپۆشن، تێکەڵبوونی بۆن و تامی ڕەسەنی خوانە کوردەوارییەکان، هەڵپەڕکێی دەستەجەمعی لەناو جەرگەی شار، و لێدانی تهپڵ و زوڕنا، هەموویان پەیامێکی ڕوونن: ئێمە گەلێکین کە کەلتووری خۆمان دەپارێزین و لە هەمان کاتدا کراوەین بەڕووی جیهاندا.
ئەمە وادەکات فێستیڤاڵەکە ببێتە ئامرازێکی بەهێزی "دیپلۆماسیی کولتووری" بۆ ناساندنی دۆزی کورد و ناسنامەی نەتەوەیی بەو هەزاران گەشتیارە بیانییەی کە سەردانی شارەکە دەکەن.
لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، شەوی سەری ساڵ بۆ هەولێر تەنیا کات بەسەربردن نییە، بەڵکو كاتێكی زێڕینە. کەرتی گەشتیاری وەک بڕبڕەی پشتی ئەم ڕووداوە کار دەکات؛ هۆتێلەکان، چێشتخانەکان، و مۆڵە گەورەکان دەگەنە بەرزترین ئاستی فرۆشتنی خۆیان، بەهۆی هاتنی گەشتیاریی ناوخۆیی و دەرەکی بەتایبەت هاتنی هەزاران گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە، نەک تەنیا داهات بۆ خاوەنکارەکان دابین دەکات، بەڵکو هەزاران دەرفەتی کاری کاتی بۆ گەنجان لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و گواستنەوەدا دەڕەخسێنێت.
هەروەها جووڵە دەكەوێتە بازاڕە گەورەكانی سەنتەری شار ،و لەم ڕۆژانەدا دەبنە شانۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی چڕ، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەی ئابووری شارەکە هەیە.
هەولێر لە شەوی سەری ساڵدا دەگۆڕێت بۆ پیشەنگایەکی هونەریی کراوە، لە لایەکەوە دیزاین و ڕازاندنەوەی شەقامەکان " جوانکارییە شارستانییەکان" و لە لایەکی ترەوە ئامادەیی هونەرمەندان لە سازكردنی کۆنسێرت لە ڤێستڤاڵەكان، موزیک ڕۆڵێکی بنەرەتی دەبینێت لە ڕێکخستنی دەروونی جەماوەردا؛ تێکەڵبوونی ئاوازە ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ موزیکی فۆلکلۆری کوردی، جۆرێک لە هارمۆنیای هونەری دروست دەکات کە چێژێکی تایبەت بە ئامادەبووان دەبەخشێت.
یەکێک لە جوانترین ڕەهەندەکانی ئەم فێستیڤاڵە لە هەولێر، ڕەهەندی ئایینی و پێکەوەژیانە. عەنکاوە وەک بەشێکی گرنگی شارەکە، دەبێتە چەقی ڕووناکی و ئاهەنگەکان، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هەولێر تەنیا شارێکی سیاسی یان ئیداری نییە، بەڵکو مەڵبەندێکی ئارامە بۆ هەموو ئایین و نەتەوەکان. ئەم پێکەوەژیانە لە شەوی سەری ساڵدا دەگاتە لوتکە و دەبێتە باشترین وەڵام بۆ هەموو ئەو توندڕەوییانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕیوە، پەیامێكی ئاشتییە لە قەڵاوە.
فێستیڤاڵەکانی سەری ساڵ لە هەولێر تەنیا ئاهەنگگێڕان نین، بەڵکو وەبەرهێنانێکی گەورەن لەڕووی كۆمەڵایەتی، مرۆیی، کەلتوور و ئابووریدا. ئەم بۆنەیە دەیسەلمێنێت کە "هەولێر شارێکی زیندووە" دەزانێت چۆن برینەکانی ڕابردوو ساڕێژ بکات و بە ڕوویەکی گەشەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت، ئەم بۆنەیە خەریكە دەبێتە براندێکی جیهانی ساڵانە گەشتیاری زیاتر ڕوو لەم گەوهەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.