قەیرانی رووماڵ؛ کاتێک شۆک دەبێتە هەواڵ!

قەیرانی رووماڵ؛ کاتێک شۆک دەبێتە هەواڵ!
قەیرانی رووماڵ؛ کاتێک شۆک دەبێتە هەواڵ!

رۆژنامەگەریی راستەقینە تەنیا لە خێرایی بڵاوکردنەوەی هەواڵدا نییە، بەڵکو لەو چرکەساتەدایە کە تێیدا شکۆی مرۆڤ لەبەردەم کامێراکاندا دەپارێزرێت. ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر، میدیای ئێمە پێویستی بە تێپەڕاندنی "بازرگانیکردن بە ئازار" و گەڕانەوە بۆ ویژدانی پیشەیی هەیە.

لە نێوان ئەرکی گەیاندنی زانیاری و پاراستنی پرەنسیپە ئەخڵاقییەکاندا، میدیای هاوچەرخ رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی جەوهەری بووەتەوە کە ئەویش پرسی بەکاڵاکردنی کارەساتە مرۆییەکانە، بە جۆرێک کە ئازاری قوربانییەکان دەگۆڕدرێت بۆ بەرهەمێکی میدیایی تا لە بازاڕی "پیشەسازیی سەرنج"دا کێبڕکێی لەسەر بکرێت و زۆرجار لەژێر پەردەی "مافی جەماوەر بۆ زانین"دا گەورەترین پێشێلکاری بەرامبەر کەرامەتی تاک ئەنجام دەدرێت.

ئەم ئیستغلالکردنە تەنیا خستنەبەردەمی مایک نییە بۆ کەسێکی جەرگسووتاو، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ راوکردنی ئەو گرووپە لاوازانەی کە توانای بەرگریی دەروونی و یاساییان نییە؛ لە منداڵانی بێناز و بەساڵاچووانەوە بگرە، تا دەگاتە ئەو کەسانەی گیرۆدەی نەخۆشییە دەروونییەکان بوون و دەکرێنە کەرەستەی "کۆمیدیایەکی رەش" بۆ کۆکردنەوەی لایک و ڤیو. دەبێت تێبگەین کە مافی ئاگاداربوون لە رووداوەکان هەرگیز بەو مانایە نییە کە میدیا مۆڵەتی رەهای هەبێت بۆ رووتکردنەوەی برینە دەروونییەکانی قوربانی و نمایشکردنی لاوازییەکانی مرۆڤ لە کاتی تراژیدیادا.

ئەگەر لە روانگەی فینۆمینۆلۆژیای شۆکەوە لەم پرسە بڕوانین؛ دەبینین مرۆڤ لە کاتی رووداوە کتوپڕەکاندا دەچێتە ناو دۆخێکی نائاسایی، کە لە زانستی دەروونناسیدا بە "شۆکی دەروونی" ناسراوە؛ لەم بارودۆخەدا سیستەمی بەرگریی عەقڵانی و دەروونی پەکدەکەوێت و لێرەوە چەمکی "رەزامەندیی ئاگادارانە" لە رووی ئەکادیمییەوە بەهای خۆی لەدەست دەدات. هەر هەوڵێکی رۆژنامەنووس بۆ نزیکبوونەوە لە کەسێکی شۆکبوو لەژێر ناوی مۆڵەت وەرگرتن، دەچێتە خانەی هەڵەیەکی ئیتیکی گەورە، چونکە قوربانی لەو ساتەدا لە دۆخی "لاوازی رەها"دایە و هیچ بەرگرییەکی لەبەردەم دەسەڵاتی مایک و کامێرادا نەماوە. بە پێوەرە زانستییەکان هەر رەزامەندییەک لە دۆخی بێئاگاییدا وەربگیرێت وەک ئیستغلالکردنی بێدەسەڵاتی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت، کە ئەمەش تەنیا رۆژنامەنووسان ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو ئەو هاووڵاتیانەش دەگرێتەوە کە لە جیاتی فریاگوزاری خەریکی وێنەگرتنی چرکەساتی رووداوەکان و قوربانییەکانن.

دەبێت مرۆڤ وەک ئامانج سەیر بکرێت نەک وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی تر، بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسێک یان دەزگایەکی میدیایی دیمەنی رووداوی قوربانییەک دەکاتە هەواڵ تەنیا بۆ ئەوەی سکووپێکی هەواڵیی یان لایکێکی زیاتر بەدەستبهێنێت، ئەو لە راستییدا شکۆی ئەو مرۆڤەی کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندییەکی کاتی کە ئەمەش گەورەترین شکستی ئیتیکی پیشەییە. ئەم جۆرە لە رووماڵکردن کە سۆسیۆلۆژیستەکان بە "دووبارە قوربانیکردنەوە" ناوی دەبەن، وادەکات بینەر لە هاوسۆزییەکی مرۆییەوە بگۆڕێت بۆ تەماشاکەرێکی تێرخواردوو کە تەنیا بۆ پڕکردنەوەی چێژی جۆش و خرۆشی دەروونی سەیری وردەکاریی تراژیدیای ئەوانی تر دەکات. ئەم نمایشکردنە رووتوقووتەی ئازار وادەکات قوربانی لە بکەرێکی خاوەن شکۆوە ببێتە بابەتێکی بێگیان کە بۆ تێربوونی چاوی جەماوەر بەکاردێت، ئەمەش بە قووڵی ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگە و یادەوەریی گشتی بریندار دەکات.

لە یادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردیدا، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی دەخوازێت دامەزراوەکانی راگەیاندن لە جیاتی راوکردنی بینەر، کار بۆ دروستکردنی "ژووری هەواڵی ئیتیکی" بکەن کە تێیدا هەستیاریی دەروونی قوربانی لە پێش خێرایی بڵاوکردنەوە بێت. کاتی ئەوە هاتووە ناوەندە ئەکادیمی و پیشەییەکان کار بۆ داڕشتنی "کۆدێکی ئیتیکیی" سەختگیرانە بکەن کە تێیدا مافی مرۆڤ بۆ پاراستنی کەرامەت و بێدەنگی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی میدیاییەوە بێت، چونکە مۆڵەتی راستەقینە لە ساتەوەختی شۆکدا بوونی نییە و تەنیا "ویژدانی پیشەیی" دەتوانێت ببێتە رێگر لەوەی تراژیدیاکان نەبنە سووتەمەنی بازاڕی سۆشیاڵ میدیا و نمایشی بازرگانی بە خوێنی قوربانییەکانەوە.