دەرهاویشتە نەرێنییەکانی کۆچبەریی نایاسایی

دەرهاویشتە نەرێنییەکانی کۆچبەریی نایاسایی
دەرهاویشتە نەرێنییەکانی کۆچبەریی نایاسایی

کۆچبەریی نایاسایی وەک کێشەیەکی گەورەی مرۆڤایەتی، هەر تەنیا تاک و خێزانەکان تووشی سەرگەردانیی و چارەڕەشیی ناکات، بەڵکوو کاریگەرییە قووڵ و مەترسیدارەکانی، سەرتاپای ژیانی کۆمەڵگاکان لە وڵاتانی (کۆچ لێ کراو و کۆچ بۆ کراو ) دەگرێتەوە. 

ئەم دیاردەیە کە ساڵانە نزیکەی 30ملیۆن کەس دەخاتە ناو توولەڕێگای قاچاخی سنوورە وشکانییەکان و سەر پشتی شەپۆلە هاروهاجەکانی دەریاکان، کاردانەوەی گەورەی بەسەر سیستمە سیاسییەکان، بنیاتە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەکانی کۆمەڵگاکانەوە هەیە.

لە ڕووی سیاسییەوە، کۆچبەریی نایاسایی لە هەردوو لاوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریێکی گەورە. لەو وڵاتانەی کە خەڵکەکەیان بە لێشاو سەر هەڵدەگرن، حکوومەتەکان ڕووبەڕووی لەدەستدانی متمانەی گشتی دەبنەوە. 

بەو واتایەی، کاتێک لە وڵاتێکدا ساڵانە سەدان خێزان و هەزاران گەنج بە شێوەی نایاسایی وڵاتەکەیان جێدەهێڵن، ئەمەیان نیشانەیەکی ڕوونی شکستی دەسەڵات و سیاسەتەکانییەتی. لە بەرانبەردا وڵاتانی کۆچ بۆ کراو، بە هۆی لێشاوی کۆچی نایاساییەوە، ڕووبەڕووی مەترسیی نائارامیی سیاسی، چالاکبوونی پۆپۆلیزم و بەهێزبوونی پارتە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستە دژە کۆچبەرەکان دەبنەوە. 

بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی ئەوڕووپا، لە نێوان 2015تاوەکوو2023، نزیکەی سێ ملیۆن نیو کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە ئەوروپا، ئەمەش مەترسیی ڕوونی لەسەر پەیماننامەی شینگن و یەکێتیی ئەوروپا دروست کردووە و بە هۆیەوە هەندێک وڵات دەستیان بە داخستنەوەی سنوورەکانیان کردووە.

دیارە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم قەیرانە جیهانییە، زۆر لە ئاستە سیاسییەکەی قووڵترن. بۆ نموونە، لە وڵاتانی کۆچ لێ کراو، کۆچبەریی لاوان و پیاوانی نێوان 18 تا 35 ساڵ، بووەتە هۆی تێکچوونی بنیاتی خێزان. 

بۆ نموونە، بەپێی ئامارەکان، لە ئەفغانستان نزیکەی پێنج ملیۆن پیاو وڵاتیان بەجێهێشتووە، ئەمەش ژنانی ئەو وڵاتەی ناچار کردووە کە ببنە سەرۆکی خێزانەکان، ئەمەو ئەم دۆخە بەشێکی زۆری منداڵانی وەک هەتیو بەجێهێشتووە یان لەژێر چاودێریی باپیرە و داپیرەکانیاندان . 

هاوکات لە سووریا، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ دەرفەتی پەروەردەیان لە کیس چووە، لەبەر ئەوەی باوکەکانیان کۆچیان کردووە یان لە جەنگدا کوژراون. دیارە ئەم نەسڵە بێ پەروەردە و بێ کەسوکارەش دەبێتە کێشەیەکی گەورەی داهاتوو بۆ هەموو ناوچەکە.

لە وڵاتانی کۆچ بۆ کراویشدا، گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەکەون. بۆ نموونە، کاتێک سەدان هەزار کەس بە شێوەیەکی لەناکاو و نایاسایی دەگەنە شارێک یان ناوچەیەک، ئەمە فشارێکی گەورە دەخاتە سەر سیستمی نیشتەجێبوون، خانووبەرە، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان. 

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەندێک لە شارەکانی ئەوڕووپا، زۆریی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی وای کردووە قەیرانی خانووبەرە قووڵتر بێت، ڕێژەی تاوان لە هەندێک ناوچەدا زیاد بکات، بەوپێیەی کە گرووپە تاوانکارییەکان سوود لەم دۆخە وەردەگرن. جگە لەوەی کە کەمپە کاتییەکانی کۆچبەران لە زۆربەی وڵاتانی کۆچ بۆکراودا بوونەتە مەیدانی تێکەڵاوی کولتووری و سەرهەڵدانی کێشەی نەژادپەرستی و جیاکاری.

ئەم دیاردەی کۆچە هەر تەنیا لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی نا، بەڵکوو لە بواری ئابووریشەوە دەرهاویشتەی نەرێنی و نەخوازراوی دوو لایەنەی هەن.

لە لایەکەوە، وڵاتانی یەکەم سەرچاوەیەکی گەورەی توانای مرۆیی لەدەست دەدەن. بەوپێیەی کاتێک ژمارەیەکی زۆری خاوەن بڕوانامە و کرێکاری لێهاتوو وڵات بەجێدەهێڵن، ئەوە بە واتای ڕاستەوخۆ  بەفیڕۆچوونی وەبەرهێنانی ملیۆنان دۆلارە کە لە بواری پەروەردە و ڕاهێناندا لێیان خرج کراوە. 

لە لایەکی ترەوە، ئەو پارەیەی کە گوایە کۆچبەران بۆ خێزانەکانیان دەینێرنەوە، یارمەتیدەرەی دۆخی ژیانە، بەڵام لە وێنە گەورەکەدا ئەمە کێشەیەکی گەورەتر دروست دەکات، بەوپێیەی کە کۆچی توانا و عەقڵی مرۆیی، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لاواز دەکات و دوور نییە ببێتە هۆی داڕمانی ئابووریش. 

هەر بۆ نموونە، بە گوێرەی ئامارەکان، لە لوبنان پارەی ناردراوەی کۆچبەرانی ئەو وڵاتە نزیکەی 15 لە سەدای تێچووی نیشتمانیی ناوخۆییە، کەچی ئەمە نەیتوانیوە بەر بە سەرهەڵدانی قەیران و داڕمانی ئابووریی بگرێت.

وەکووتر و لە وڵاتانی کۆچ بۆ کراودا، کۆچبەرانی نایاسایی کە مافی کارکردنیان نییە، دەکەونە دەست قاچاخچی و دەستبڕان و بە ویستی خۆیان بەکاریان دێنن. 

لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە دەکرێت کە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، سەدان هەزار کۆچبەری نایاسایی کە دەرفەتی کاری فەرمی (کاری سپی)یان نییە، ناچار بە نافەرمی (کاری ڕەش) لە کارگە نایاساییەکان، کێڵگە کشتووکاڵییەکان و خزمەتگوزاریی خانووبەرە و هەندێ بواری دیکە، بە کرێیەکی زۆر کەم، کار دەکرن، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی بازاڕی کار تێک دەدات و فشار دەخاتە سەر کرێکارانی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە. 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، نزیکەی پێنج ملیۆن کۆچبەری نایاسایی لە ئەوروپا، بەهۆی ئەوەی دەیان هەزار دۆلاریان داوەتە قاچاخچییەکان بۆ ئەوەی بگەنە وڵاتی دڵخوازی خۆیان، لە دۆخی قەرزاری و ژیانێکی زۆر سەختدا دەژین، ئەمەش ناچاری کردوون کە ڕوو لە کاری ڕەش بکەن و بۆ دابینکردنی ژیانێکی عەلاحەدە، بە کەمترین کرێ، ئامادەی کارکردن بن.

دیارە ناکرێ لەم نێوەدا کاریگەرییە کولتوورییەکانی کۆچی نایاساییش پشتگوێ بخرێن. بەوپێیەی کە ئەم دیاردەیە لە درێژمەودادا دەرهاویشتەی ترسناکی بەسەر ناسنامەی کەسی کۆچبەردا دەبێت، بەتایبەتی بەهۆی دابڕان لە زمانی دایک و کولتووری خۆی و بەرکەوتنی بەر زمان و کولتوورێکی دیکەی نوێ، کە پرۆسەی ڕاهاتن لەسەر ئەو زمانە و تێکەڵبوون بەو کولتوورە تازەیە، بۆ ئەو هەروا کارێکی ئاسان نییە و دوور نییە لە هەندێک حاڵەتدا، ئەم دۆخە کۆچبەر تووشی هەستکردن بە نامۆبوون و نائارامیی دەروونیی بکات و ئەمەش سەر بۆ خەمۆکی و زۆر کاردانەوەی دیژەی نەخوازراو ڕابکێشێت.

 بە کورتی: 

کۆچبەریی نایاسایی وەک دیاردە، کێشەیەکی سادەی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی گەورەی فرەڕەهەندە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی دوو کۆمەڵگا، هەروەها بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتان و کۆی سیستەمی جیهانییەوە هەیە. بۆیە تا هۆکارە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ئەم دیاردەیەش (کە بێدادی، گەندەڵی، بێکاری و سەرکوتکردنی ئازادییەکان بەشێکی ئەو هۆکارانەن) چارەسەر نەکرێن، دەرهاویشتە نەرێنییەکانی لە وڵاتانی کۆچ لێ کراو و کۆچ بۆ کراودا،  بەردەوام دەبن و قووڵتر دەبنەوە.