هەرێمی کوردستان کۆڵەکەیەکی ستراتیژی ئەمەریکا لە قۆناغی نوێی ناوچەکە

هەرێمی کوردستان کۆڵەکەیەکی ستراتیژی ئەمەریکا لە قۆناغی نوێی ناوچەکە
هەرێمی کوردستان کۆڵەکەیەکی ستراتیژی ئەمەریکا لە قۆناغی نوێی ناوچەکە

لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، هەرێمی کوردستانی وەکوو یەکێك لە گرنگترین ئەکتەرە سیاسی و ئاسایشییەکان دەردەکەوێت، کە توانای پاراستنی سەقامگیریی ڕێژەیی لە ژینگەیەکی نائارامی ناوچەکەدا هەیە. 

هەرێمی کوردستان بە هەڵکەوتەی جوگرافیای ستراتیژی و ئەزموونی سیاسی بێهاوتا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە کەڵەکەبووەکانی، فاکتەرێکی گرنگی هاوسەنگییە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە ستراتیژیی ئەمەریکا، کە لەگەڵ گەڕانەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی  2025 ڕوونتر بووەوە.

هەرێم لە ماوەی دەیان ساڵ لە هاوکاریی سیاسی و ئاسایشی توانی پێگەی خۆی وەکوو هاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بپارێزێت. ئەم هاوکارییە هەلومەرج نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی دیدێکی ستراتیژی بوو بە سەرکردایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی، کە هەر زوو درکی بە گرنگی بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز و هاوسەنگ لەگەڵ واشنتن کرد، وەکوو ئەکتەرێکی سەرەکی لە داڕشتنی سیستەمی هەرێمی.

ئەم بۆچوونە یارمەتیدەر بووە بۆ بەهێزکردنی متمانەی دوولایەن و گۆڕینی پەیوەندیەکان، بە شێوەیەکی فراوانتر لە چوارچێوەی پشتیوانی سەربازی و هاوبەشی سیاسی، کە دیالۆگی دیپلۆماسی و بەرگری لە سەقامگیری هەرێم و ڕۆڵی لە عێراق و ژینگەی هەرێمی لەخۆ دەگرێت.

ئیدارەی ترامپ وەکوو نیوریالیستێکی مامەڵەگەرا کە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2026 جەخت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەری ئێران و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وزە دەکات، بۆیە هەرێمی کوردستان  جارێکی تر پێگەیەکی بەرچاوی لە ستراتیژی ئەمەریکا وەرگرتووە. 

واشنتن هەرێمی کوردستان وەکوو ژێرپەستێکی جیۆپۆلەتیکی گرنگ دەبینێت کە دژی هەڕەشە دەرەکی و پاراستنی ناوچەکە دەردەکەوێت.

ئەم ڕۆڵە بە بەردەوامی هاوکاریکردنی سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە بەهێزتر بووە. لە ڕابووردوو هێزەکانی پێشمەرگە توانای خۆیان لە شەڕی داعش نیشان دا و لە ئێستادا ڕێگرن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەوەش گرنگییەکای تایبەتیان هەیە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی.

لەم چوارچێوەیەدا، مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە بۆچوونی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ عێراق و بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ ئەکتەرە سەرەکییەکانی. 

دەربڕینەکانی نێردراوی سەرۆك ترامپ جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی دیالۆگی بنیاتنەر لەگەڵ پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی عێراق دەکات، بەرژەوەندی ئاشکرای وڵاتەکەی لە هەرێم وەکوو هاوبەشێکی گرنگ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و پاراستنی هاوسەنگی سیاسی و ئاسایشی ناشارێتەوە. ئەم پەیوەندییە ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی واشنتنە بە گرنگی ڕۆڵی هەرێم لە قۆناغی ئێستادا بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی وڵاتانی هەرێمی و نەهێشتنی ئەو گروپ و تاقمانەی، کە لە دەرەوەی یاسا ڕۆڵ دەگێڕن و لە ڕابووردوودا مایەی ناسەقامگیری و هەڕەشە بوون بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا. 

لەهەمانکاتدا ئەو سیاسەتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی پەیڕەوی دەکات ، کە بەواقیعی و پراگماتیزم دەناسرێتەوە و جەخت لە بەهێزکردنی سەقامگیری ناوخۆیی و چاکسازی دامەزراوەکان و ڕێکخستنی سیستەمی ئاسایشی و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان  دەکات، لە سەرووی هەموویشەوە ئەمەریکا. 

ئەم بۆچوونە یارمەتیدەر بووە بۆ بەهێزکردنی وێنەی هەرێم وەکوو هاوبەشێکی بەرپرسیار، کە توانای بەشداریکردنی ئەرێنی لەگەڵ پەرەسەندنە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکاندا هەیە. 

بە دڵنیاییەوە دۆسیەکانی وزە لەم هاوبەشییەدا گرنگی زیاتر وەردەگرن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی کاریگەرییە بەردەوامەکانی قەیرانی ڕوسیا و ئۆکرانیا و پێویستی ئەوروپا بە سەرچاوەی جێگرەوە و سەقامگیر. لەم چوارچێوەیەدا، هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی ستراتیژییە بۆ واشنتن بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆژەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز، کە ئاسایشی وزەی ئەوروپا بەهێز دەکات و ڕۆڵێکی سەرەکی دەبەخشێت بە هەرێم لە هاوکێشەی وزەی هەرێمیی و نێودەوڵەتیدا، سەرەڕای ئەو ئسلنگاریانەی کە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەغدا تا ئێستا هەیە.

سەرەڕای ئەو فشارە هەرێمیانەی، کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، تێکەڵکردنی تێڕوانینی ستراتیژی سەرۆك مەسعود بارزانی و سیاسەتی جێبەجێکاری هاوسەنگی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی یارمەتیدەر بووە بۆ پتەوکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی توانای بۆ پاراستنی پەیوەندییە هاوسەنگەکان لەگەڵ ئەمەریکا و بەردەوامبوون وەکوو کۆڵەکەیەکی سەقامگیری لەقۆناغێکی زۆر هەستیاردا.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە هاوسەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنێت و هاوبەشێکی ستراتیژی واشنتنە لە چوارچێوەی سیاسەتی 2026 ی ترەمپدا، کە لۆژیکی بەرژەوەندییەکان و هاوپەیمانییە واقیعییەکان دەگەڕێنێتەوە. 

ئایندەی ئەم هاوبەشییە بەندە بە توانای هەرێم بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی ناوخۆیی و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی و بەردەوامبوون لە ڕۆڵگێڕانی وەکوو بەربەستێك لەبەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی بکات و هاوسەنگی هەرێمایەتی بپارێزێت.